کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی سیاسەتوانانی ئەمریکایی لە دەوڵەتی بایدن لە هەمبەر ڕێککەوتنی بەرجام

15:03 - 30 گەلاوێژ 2722

ئەندامێکی کۆنگرەی ئەمریکا، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی جەوبایدن، سەبارەت بە پەروەندەی ناوکیی رێژیمی ئێران وتی: ئێستاش بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەیانهەوێت کەسایەتییەکان وهاوڵاتییانی ئەمریکایی تێرۆر بکەن. کلۆدیا تێنی، ئەندامی کۆنگرەی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی جەوبایدن، سەبارەت بە پەروەندەی ناوکیی ئەو رێژیمە نووسی: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا داوای لاچوونی گەمارۆکان و ئازادکرانی پارە بلۆکە کراوەکانیان دەکەن، کە ئێستاش دەیانهەوێت کەسایەتییەکان وهاوڵاتییانی ئەمریکایی لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان تێرۆر بکەن. ناوبراو هەروەها لەسەر بووژاندنەوەی رێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نووسی: ئەگەر بایدن پێی‌وایە کە ئەوە رێککەوتنێکی باشە، ئەوە ئەمریکا تووشی سەرئێشەیەکی گەورە بووە لەگەڵ یەکێک لە وڵاتە تێرۆریستەکانی جیهان کە بەردەوام پشتیوانیی لە تێرۆر وتێرۆریزم دەکا. ئەو ئەندامەی کۆنگرەی ئەمریکا لە کۆتایی تویتەکەیدا بەئاماژە بە سیاسەتەکانی واشینگتۆن سەبارەت بە بەندکراوانی ئەمریکایی لە ئێران، کەمکردنەوەی گەمارۆکانی لەسەر ڕێژێمێکی تێرۆریست کە بەردەوام هەوڵی تێرۆرکردنی کەسایەتییەکانی ئەمریکا دەدا بە هەڵە ناو دەبا و دەڵێ ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کارەساتبارە.