کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێمینیزمی ئێرانی و پرسی ژنی کورد لەم فێمینیزمەدا

18:08 - 31 گەلاوێژ 2722

فێمینیزم و خەباتی نەتەوەیی هاوشان و هاوتەریب (فێمینیزمی ئێرانی و پرسی ژنی کورد لەم فێمینیزمەدا) (٣-٢)     کورد لە ڕۆژهەڵات بەپێی ئەوەیکە لە چوارچێوەی سیاسی ئێران دایە، وێڕای ئەم کۆمەڵگەیە دەستەویەخەی گەلێک قەیران و کێشەیە کە هەر کام بنەمای جۆرێک ناتەواوی و لە ئاکامدا ستەمیان پێک‌هێناوە، کەلێنی ئایینی ستەمی ئایینی، کەلێنی نەتەوەیی ستەمی نەتەوەیی، کەلێنی چینایەتی ستەمی چینایەتی، کەلێنی ڕەگەزایەتی ستەمی ڕەگەزایەتی،... و لە کۆتاییدا قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی گەشەنەسەندوو کە دەستەویەخەی چەندایەتیی پێکهاتەییە (تعدد ساختاری)؛ بە شێوەیەک کە هاوکات دامەزراوە مۆدێڕنەکان بوونیان هەیە پاشماوەکانی پێکهاتە نەریتیەکانیش جێگیرن و بوونەتە هۆی ئەو دۆخەی ئێستا کۆمەڵگەی ئێرانی تێدایە و واتایەکی جیاواز لە هەموو کۆمەڵگەکانیان داوە بە کەلێنی سونەت و مۆدێڕنیتە. کۆمەڵگەیەک کە نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ ڕەوتە جیهانییەکانی نوێ هاوڕێ بکات و کاریگەری مۆدێڕنیتە لە سەر دەزگای حقووقی، کولتووری و سیاسیشدا مانادار نییە بەڵام مۆدێڕنیسم تەنانەت لە ژووری نووستنی تاکەکانی کۆمەڵگەدا لە جموجۆڵ‌دایە و ئەم کۆمەڵگەیەی تووشی مۆدێڕنیسمی (کژدیسە) کردوە، جۆرێک لە گۆڕان کە نەتەنیا نەبۆتە هۆی لێک گرێ دانەوەی دامەزراوە کۆمەلایەتی، سیاسی، کولتووری و حقووقی ئەم کۆمەڵگەیە لە سەر بنەمای عەقڵیەتێکی سەردەمیانە و گونجاو، بەڵکوو چین و جیاوازییەکانی سەرجەم پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی بەرداوەتە گیانی یەکتر و دەربازبوون لە هەر کام لەو کێشە و ناتەباییانە پێویستی بە خەباتێکی جیاواز و لێک گرێ دراو هەیە، خەباتێک کە بە شێوەیەکی هاوشێوە پێویستە هەموو جومگە و جیاوازییەکانی ئەم قەوارە جوغڕافیاییە بگرێتەوە. کۆمەڵگەیەک کە لە پتر لە سەد ساڵ لەوەپێشەوە بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری خەبات دەکا و بە نوێبوونەوەی بنەما هزری و بەپێی گەشەی ئابووری و گۆڕانی کەرەسەکانی بەرهەم‌هێنان لە هێندێک قۆناغدا خەباتی چینی ناوینش لە ئارادا بووە، خەباتێک کە دەتوانێ هاندەری ژنان وەک چینی تازە وەئاگاهاتووی ئەم کۆمەڵگەیە بێ. سەرەڕای ئەم ناتەواوی و کێشانەی کۆمەڵگەی ئێران، ئاستەنگەکانی بەردەم فێمینیزمی ئێرانی و جۆری پێک‌هاتنەکەی دەتوانن ئەم سێ خاڵە بن:  یەکەم؛ ئیستبدادی سیاسی کە بۆتە  سازکردنی بەربەست لە بەردەم چالاکیی فێمینیزمی ئێرانی و ئیزن نەدان بۆ کارکردن بە شێوەیەکی ئازاد و بەربڵاو.  دووهەم؛ جەهلی گشتی و پێکهاتەی باوک‌سالاریی کۆمەڵگە کە ئیزن بە سازبوونی بەستێنێکی گونجاو بۆ چالاکی فێمینیستی نادات. سێهەم؛ کۆچی گشتی بەشێکی زۆر لە ئافرەتانی چالاک بۆ دەرەوەی وڵات و سازبوونی دوو ژینگەی جیاوازی چالاکی ژنان کە ئاکامەکەی لێک تێنەگەیشتنی ئەو دوو بەشە و سازنەبوونی یەکانگیری بە هۆی دووری و جیاوازیی بەستێنی چالاکیەوە. (درویش‌پوور، ١٣٩١) بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خەسارانە فێمینیزمی ئێرانی لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئێراندا ژیاوە و توانیویەتی لە هێندێک قۆناغدا دەستکەوتی گشتی لە پێناو وشیارکردنەوەی ژنی ئێرانیدا بەدەست بێنێ، بەڵام هەروەک لە درێژەدا دەبینین هیچ یەک لە قۆناغەکانی ئەم فێمینیزمە نەیتوانیوە پێوەندی لەگەڵ ژنی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێراندا هەبێ یا کەڵکەڵەی ئەم بەشە لە ئافرەتان ببێتە بابەتی ئەم فێینیزمە. وەک گرینگترین خەساری فێمینیزمی ئێرانی، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە فێمینیزم لە ئێراندا قەت نەیتوانیوە قەوارەیەکی نەزەری و تێئۆریک بۆخۆی دەستەبەر بکات و حەولی فێمینیستی تەنیا لە چوارچێوەی بزووتنەوەکان، بەبێ تێئۆری ماوەتەوە. دیارە هێندێک نووسراوە و وتار لە پێوەندی لەگەڵ فێمینیزمی ئیسلامی و جۆرەکانی فێمینیزم بڵاو بوونەتەوە بەڵام ئەم حەولانە نەیانتوانیوە چوارچێوەیەکی نەزەری باوەڕپێکراو و بەهێز بن بۆ فێمینیزمی ئێرانی. پێنج بەرە لە پێنج قۆناغی جیاوازدا بۆ فێمینیزمی ئێرانی باس دەکرێ کە هاوکات لەگەڵ باسکردنی ئەم پێنج دەورەیە پێوەندییەکانی لەگەڵ بابەتی فێمینیزمی کورد دەخەینە بەر باس. بەرەی یەکەم؛ یەکەم بەرەی فیمینیستەکان ئافرەتانی بەشدار لە بزووتنەوەی مەشرووتە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا بوون کە بێجگە لە ویستی سەربەخۆیی، داواکارییە سەرەکییەکانیان بریتی بوو لە؛ داواکاریی مافی دەنگدان و گرفتەکانی ژنان لە نێو بنەماڵە و بەفەرمی‌ناسینی مافی خوێندنی ئافرەتان لەنێو نیزامی پەروەدەدا. ئەم بەرەیە لە سەرەتاکانی وروووژاندنی باسی مەشرووتەخوازیەوە سەریان هەڵدا و تا بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەزا شا بۆ ماوەی سێ دەیە حەولیان دا. لەم قۆناغەدا چالاکیی ئافرەتان، بۆ گەیشتن بە هێندێک  ویست و داواکاری دیار و تایبەت بوو، بۆیە دەکرێ بڵێین بزووتنەوەی ئەم نەوەیە بزووتنەوەیەکی "داواتەوەر" بووە.(ئەحمەدی خوراسانی، ١٣٨٦) لەم قۆناغەدا وەک لە خوێندنەوە و سەرنجدان بە جۆری تێکۆشانەکانیاندا دەر دەکەوێ لە بنەمادا هیچ پێوەندییەک لەنێوان ئەم بەرەیەی فێمینیزمی ئێرانی و ژنی کورد و باقی پێکهاتەکان لە ئارادا نییە، دیارە لەو سەردەمەدا کورد لە دوو سەنگەردا خۆی دەدیتەوە، تاقمێک کە سەر بە سەرۆک عەشیرەتەکانی باکوور و نێوەڕاستی کوردستان بوون بەهۆی ئەوەیکە مەشرووتە دەتوانێ ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییەی ئەوان تێک بدات و بە زیانیان دەبێ دژایەتی  مەشرووتەیان دەکرد، بەڵام لەلایەکی دیکەوە چینی شاری و مام ناوەندیی کوردستان و بەشێک لە باشووری کوردستانی ڕۆژهەلات هاوڕێ و هاوپەیمانی مەشرووتە بوون، کە بە لە بەر چاو گرتنی ئەم هاوڕێیەتیە، چاوەڕوان دەکرێ پردێک لەنێوان ئەم بەرەیەی فێمینیستەکانی ئێرانی و کوردەکان بکرێتەوە یا بابەتی ژنی کورد وەک بەشێک لە ژنانی ئەسیری نەریتی پیاوسالارانەی ئەم بەشەی ئێران لە بەرنامەکانیان دا بگونجێ، کە ئەو شتە لەو قۆناغەدا نابیندرێ. بەرەی دووهەم: ئەم بەرەیە لە سەردەمی سەقامگیربوونی دەسەڵاتی ڕەزاشادا سەریان هەڵدا. لەو کاتەدا "نوێخوازی" ببووە ئیدئۆلۆژیی حکوومەتی دەسەڵاتی ڕەزاشا و بەشێک لە ویستەکانی ژنان لەم چوارچێوەیەدا جێی دەبۆوە. لە ڕاستیدا "مۆدێڕنیزم" و "نوێخوازی" پێش بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەزاشا وەک شێوە و ستایلێک لە ژیان لەلایەن ژنانەوە چاوی لێ دەکرا، بەڵام کە ئەم واتایانە بوونە ئیدئۆلۆژیی حکوومەتیی ئەم نیزامە نوێیە، لە نێوان فێمینیستەکاندا کە لە قۆناغی پێشتردا یەکگرتوویی بوونی هەبوو،  لێک ترازان ڕووی دا. بەشێکیان پەسیو بوون و لە مەیدان چوونە دەرێ، بەشێکیان لە چوارچێوەی گوتاری دەسەڵاتدا درێژەیان بە چالاکی دا و بەشێکی دیکە وەک ڕەخنەگرانی ئەم جۆرە لە مۆدێرنیزمی داسەپێندراو تیکەڵ بە جەریانە سیاسیەکانی ئەو سەردەم بە تایبەت لە ساڵەکانی ١٣٢٠تا ١٣٣٢ بوون. لەم سەردەمەدا مۆدێڕنیسم و گوتاری ناسیۆنالیستی ڕەزا شا نە تەنیا نەیدەتوانی هیچ بەهرەیەک بە کورد بگەیەنێ بەڵکوو حەول بۆ هاوشێوە سازی ئێران و ئاسیمیلەکردنی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای ناسیۆنالیسمی قەومی کەوناراخوازی ڕەزاشا، ستەمێکی سازمان دراو و نوێی بە سەر کورد و ژنی کورددا سەپاند کە ئەوە دەیتوانی بۆخۆی بەردی بناغەی پێوەندی فێمینیزمی فارس بەتایبەت ڕەخنەگرانی باڵە حکوومەتییەکە لەگەڵ ژنی کورد ساز بکات، کەچی هیچ نیشانەیەک بۆ هاوکاری یا کەڵکەڵەی فێمینیزمی فارس یا جەریانە سیاسییەکان بە نیسبەت ژنانی کوردەوە نابیندرێ. ئەگەرچی هەر لەم سەردەمەدایە کە کۆماری کوردستان و یەکەمین ڕێکخراوەی ژنانی کورد دادەمەزرێ و پاشانیش لەنێوان حیزبی دێموکرات و حیزبی توودەدا پێوەندییەکی باشی هاوکاری شکڵ دەگرێ. بەڵام هەرگیز ئەوەش نابێتە دەلاقەیەک بۆ هاتنەژوورێی پرسی ژنی کورد بۆ نێو بەرنامەی توودە، وەک نیوەی کوردستانی ژێردەستە، کە ئێستا بە بۆنەی ڕوانگەی نوێخوازانەی دەسەڵاتی پەهلەوییەوە تووشی ستەمێکی دیکەش بووە. ئەم سەردەمە کە سەرەتای ژیانی سیاسیی کورد لە چوارچێوەی گوتارێکی مۆدێڕن و لەسەر بنەمای حیزبایەتیدا بوو توانی هەنگاوی یەکەم بۆ باسکردن لە پرسی ئافرەتان هەڵبهێندرێتەوە، بەڵام ئەوە بە مانای شکڵ‌گرتنی گوتاری فێمینیزمی کورد بۆ سڕینەوەی ستەمی ڕەگەزایەتی نەبوو بەڵکوو ئەو حەولە لە قەوارەی بزووتنەوی نەتەوایەتی و دژ بەو ستەمە بوو. بەرەی سێهەم؛ بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی سەردەمی محەمەدڕەزاشا، لە دەیەی ٤٠ی هەتاوییەوە بزووتنەوەی ژنان بە ناچاری بە دوو ڕەوتی گشتیدا دابەش بوو. بەشێکیان  پێداگرییان لەسەر گۆڕینی هێندێک یاسای دژی ژن لە ڕێی پێکهاتە حکوومەتیەکان و لە ئاستی نێو نەتەوەییەوە کرد. بەشەکەی دیکە بە مەبەستی گەیشتن بە ژیانێکی عادڵانەتر بۆ خۆیان (خۆیەک کە زۆر جەخت لەسەر شوناسە ژنانەکەی نەکرابوو بەڵام دیارە هێندێک نیگەرانی لە ئارادابوو) تێکەڵ بە ڕێکخراوە سیاسیەکانی ئەو سەردەم بوون بۆ ڕووخاندنی سەرجەم ئەو دەسەڵاتە سیاسیە. شێوەی چالاکی بزووتنەوەی ئەم بەرەیە "ئیدئۆلۆژی‌تەوەر" بوو. لە بری ویست و داواکاریە جیاوازەکانی خۆیان ئیدۆلۆژییە جۆراوجۆرەکان بووە ناوەندی چالاکیی ئەم ژنانە. هەر بەم هۆکارە بەربەرەکانێ و تەنانەت دژایەتیش کەوتە نێو ژنانی چالاکەوە و بزووتنەوەی ئافرەتان لەم سەردەمەدا تووشی دابڕان لە ویستە سەرەکییەکانی خۆی بەبۆنەی تێکەڵ‌بوون بە ئیدئۆلۆژییە سیاسیەکانەوە بوو. دیارە وەک دەبینین ئەم قۆناغە سەردەمی شکڵ‌گرتنی بزووتنەوە سیاسیەکانی ئێرانە بەدژی حکوومەتی پەهلەوی و بەپێی جیاوازیی حیزب و لایەنەکان جیاوازی لە نێوان گوتاری فێمینیستی ئافرەتانی ئێران پیک دێ و لە لایەکی دیکەشەوە فێمینیزمی حکوومەتیش درێژە بە ژیانی خۆی دەدا. لەو سەردەمەدا کوردستانیش تووشی گۆڕانکاریەکی پتر بە نیسبەت دەورەی ڕەزاشا دەبێ و جیلێکی نوێ لە خوێندکارانی ژنی کورد دێنە ساحەی کۆمەڵایەتییەوە و دەبنە ئەو هیزەی کە دواتر تێکەڵ بە شۆڕشی ساڵی ٥٧ دەبن. لەو سەردەمەشدا هیچ نیشانەیەک لە کەڵکەڵەی فێمینیزمی ئێرانی بە هەر دوو باڵی حکوومەتی و دژی حکوومەتیەوە نابیندرێ، بەڵام بەرنامەی نوێی پەروەردەی دەسەڵات توانیویەتی گۆڕانکارییەک لە قەوارەی کۆمەڵایەتی کوردستان و ژنانی کورددا پێک بێنێ کە ئەوە هەم لە باری فیکریەوە ڕووی دا و هەم لە باری ڕواڵەت و ستایلی ژیانی ژنی کوردەوە، بە تایبەت چینی مام ناوەندی شار. بەڵام ئەوە نەیتوانی ببێتە هۆی ئەوەیکە بزووتنەوەی سەربەخۆی ژنانی کورد پێک بێ یا ببێتە هۆی پێوەندیەکی ئۆرگانیک لەگەڵ ڕەوتی ئافرەتانی ناوەند. دیارە ڕەنگە تاک و تەرا هەبووبێ ژنی کورد خۆی لەو بازنەیەدا وەک تاکێک دیبێتەوە بەڵام کێشەی ستەمی چەند قاتی ژنانە لە ژنی کوردی ژێر هیێژموونی دەسەڵاتی پیاوسالارانە و حکوومەتی پاشایەتی لەلایەک و مەودای زۆری چینایەتی نێوان ژنی مام ناوەندی شاری و لادێی نەبووە هەوێنی بزووتنەوەیەکی تایبەت بە ئافرەتان و تەنانەت بزووتنەوەی نەتەوەییش نەیتوانی پرسی ژن وەک یەک لە دالە گرینگەکانی گوتاری سیاسی خۆی بخاتە بەرنامەوە.