کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەر گەشە کردنی هەستی نەتەوەیی

18:10 - 31 گەلاوێژ 2722

٢٥ی گەلاوێژی هەر ساڵێک بیرخەرەوەی ڕووداوێکی گەورەیە لە ژیانی سیاسیی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ لە ساڵانی ڕابردوو جیاوازترە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ مزگێنیی هیوابەخشی یەکگرتنەوەی دوو حیزبی دێموکرات، ئەمەش هیوایەک دروست دەکا کە لەوە بەدواوە وەزەو تواناکانی دوولایەنی دێموکرات (تا ئێستا) لە داهاتوودا بە یەکیەتی و یەکڕیزی بخرێتە خزمەت ئامانجەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. سەبارەت بە پێکهاتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەمێژ ساڵە لە زمانی ڕێبەرانی شەهید د. قاسملوو، د. شەڕەفکەندی و نووسەران و توێژەرانی مێژووی حیزب باس لەوە دەکرێ کە "دروست‌بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێویستییەکی مێژوویی بوو". ئەوە تەنیا دەربرینێکی سادە نییە، بەڵکوو ئەنجامی لێکدانەوەیەکی درووستە لەو هەلومەرجەی کە حیزبی دێموکراتی تێدا درووست بوو و لە هەمان کاتدا دەرخەری لێکدانەوەی درووستی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتە بەتایبەتی پێشەوا قازی محەممەد لە قۆستنەوەی ئەو هەلومەرجەی لەو سەردەمدا هاتبوو ئاراوە بە قازانجی بزوتنەوەیی نەتەوایەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی ئەم بابەتە وا باشە ئاورێک لەو سەردەمە بدەینەوە کە حیزبی دێموکراتی تێدا پێک‌هات. ئەوکات بۆمان دەردەکەوی کە پێکهێنانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ پێویستییەکی مێژوویی بووە و لە هەمان کاتدا ئەو حیزبە لە کوردستانی گەورە بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لەسەر گەشەکردنی هەستی نەتەوەیی چ کاریگەرییەکی هەبووە؟ هەموو ئەوانەی ئاشنا بە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانن ئاگاداری ئەوەن کە حیزبی دێموکرات لە ٢ی خەزەڵوەری ١٣٢٤ی هەتاوی بە ڕاگەیەندراوێک بوونی خۆی ڕاگەیاندوە. بەڵام وەک دەبینین ئەندامان و لایەنگرانی حیزب ماوەی ٧٧ ساڵە لە ٢٥ی گەلاوێژی هەر ساڵێک یادی دامەزرانی حیزبەکەیان دەکەینەوە. لێرەدا ئەو پرسیارە خۆ دەردەخا کە بۆ ٢ی خەزەڵوەر (١ی جۆزەردان) نەبۆتە ڕۆژی دامەزرانی حیزب و لەبەرچی ٢٥ی گەڵاوێژ بۆتە ڕۆژی دامەزرانی ئەو حیزبە؟ ئەو ٢٥ی گەڵاوێژە لە کوێ‌ڕا هاتووە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەبێ بگەرێینەوە بۆ سێ ساڵ پێش لە دەرچوونی یەکەم ڕاگەیەندراوی حیزب واتا  ٣ی خەرمانانی  ١٣٢٠کە بەهۆی هاتنی هێزەکانی هاوپەیمان (یەکیەتیی سۆڤییەت، ئینگلیز و ئەمریکا) بە بیانووی یارمەتی‌گەیاندن بە سپای یەکیەتیی سۆڤییەت لە بەرانبەر سپای ئاڵماندا لە جەنگەی شەڕی دووهەمی جیهانیدا بۆ نێو خاکی ئێران، حکوومەتی ڕەزاشا ڕووخا. ڕووخانی حکومەت لە تاران دەرەتانێکی پێک هێنا و بۆشایی دەسەڵات و هەروەها کرانەوەیەکی سیاسیی لە کۆمەڵگەی ئیراندا دروست کرد. ئەو کرانەوەیەش بوو بە هۆکارێک کە حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆر لە ئێران سەر هەڵبدەن و لەو نێوەشدا ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەو دیاردەیە بێبەش نەبوو. لەنێو هەموو ئەو ڕێکخراوانەدا کە لە کوردستان هەبوون، ژێکاف ڕۆڵی بەرچاوتری هەبوو لە کۆکردنەوەی خەڵکی کوردستان بە دەوری بەرنامەکەی خۆیدا کە بەرنامەیەکی بەتەواوی نەتەوایەتی بوو، بەڵام بۆ بەرێوەبردنی خەباتی گەلی کورد لەو پارچە لە کوردستان و ئەو هەلومەرجەی هاتبوو ئاراوە، پێویستی بە حیزبێکی ئەوتۆ بوو کە بەرنامەیەکی پێشکەوتووی بۆ سێ مەبەست هەبێ: ١- حیزبێک کە بتوانی هەموو چین و توێژەکانی کومەڵگەی کوردستان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. ٢- حیزبێک کە بتوانی خەباتی گەلی کورد بە خەباتی گەڵانی دیکە لە سەرانسەری ئێران گرێ بدا. ٣- حیزبێک کە بتوانی پشتیوانیی گەلانی جیهان و هێزە پێشکەوتن‌خوازەکانی سەرانسەری دنیا بۆ لای خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران ڕابکێشێ. ئەو ئەرکەش بە ڕێکخراوی ژێکاف نەدەکرا، چونکە بەپێی هەموو سەرچاوە مێژووییەکان ئەوەمان بەڕوونی بۆ دەردەکەوی کە ژێکاف بە ڕووی دەرەوەی خۆیدا زۆر داخراو بووە، بۆیە دەبینین دوای ئەوەی پێشەوا دەبێتە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە، هەوڵ دەدا ئەو ڕێکخراوەیە لە داخراوی بێنێتە دەرێ و بە هەست‌پێکردن بە دۆخی ئەو سەردەم و ئەو پێویستییانەی لە سەرەوە بۆ بوونی حیزبێک لە کوردستان باس کرا، ڕێبەرانی کۆمەڵەی ژێکاف بڕیار دەدەن پێکهاتەی ڕێکخراوەکە بگۆڕن بە پێکهاتەی حیزبێک کە بوونی وەک پێویستییەکی مێژوویی خۆی دەنواند؛ بەڵام بە پابەندبوون بە بیروباوەڕە نەتەوایەتییەکانی کۆمەڵەی ژێکاف. بۆیە دەبینین هەتا ئیستای لە گەڵدا بێ، حیزبی دێموکرات دوای تێپەربوونی ٧٧ ساڵ بەسەر ئەو ڕێکەوتە هەر وەفادارە بەو ڕێبازە. هەربۆیەشە لە ڕۆژی یەکەمی پێکهاتنی بۆ ئەوەی لەو مێژوویە دانەبڕێ، ڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکافی بە ڕۆژی دامەزرانی خۆی پەسند کردوە. بەڵگە بۆ ئەوە یەکەم جێژنی یادکردنەوەی ڕۆژی دامەزرانی حیزب لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٥ی هەتاوی لە ماڵ و بارەگای پێشەوا بەڕێوە چووە و لە ڕۆژنامەی "کوردستان" ژمارەی ٧٩ی بە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٢٥ی هەتاوی بە ڕاپۆرتێک بڵاو بۆتەوە کە تێیدا دەگوترێ "مۆمی پێنچ ساڵەی تەمەنی حیزب داگیرسا"، واتا حیزبی دێموکرات مێژووی تێکۆشانی کۆمەڵەی ژێکافی بە مێژووی خۆی داناوە. ئەو سەردەمەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوونی خۆی لەسەر بنەمای کۆمەڵەی ژێکاڤ ڕاگەیاند و بە کردار هاتە مەیدانی سیاسیی کوردستان، سەردەمێک بوو کە دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران ماوەی نزیک بە ٢٠ ساڵ بوو لە قاجارەوە بۆ پەهلەوی گۆڕابوو. ئەو نیزامە پاشایەتییە نوێیە بە بیروبۆچوونی نوێ لە تاران دەسەڵاتی ئێرانی بەدەستەوە گرتبوو. ڕێژیمی سیاسیی نوێ سیاسەتەکانی بە ئاراستەی پێک‌هێنانی دەوڵەت-نەتەوە لەسەر بنەمای سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بوو، و ئەوە هۆکارێکی بەهێز بوو کە کەلێن بکەویتە نێو دەسەڵاتی ناوەندی لەگەڵ گەڵانی پێک‌هێنەری ئێران. قووڵبوونەوەی ئەو کەلێنە و پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەیی و لە هەمان کاتدا کارکردن بۆ وەدست‌هێنانەوەی مافە نەتەواتییەکان پێویستیی بە ڕێکخراوە و ڕێکخستنێک هەبوو کە کاریگەریی هەبێ لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و ئەو پێویستیە خۆی لە پێکهێنانی ڕێکخراوەیەکی سەردەمیانە لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا دیتەوە؛ واتا درووست‌بوونی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەتوانین بڵێین پەرچەکردارێک بوو بەدژی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ناوەندی کە بە پێک‌هێنانی دەوڵەت- نەتەوە هەولی ئەوە بوو گەلانی پێک‌هێنەری ئێران لە فەرهەنگ و کولتووری گەلی باڵادەستدا بتوێنێتەوە. بۆیە بەڕاشکاوی دەتوانین بڵێین دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمدا خاڵ‌وەرچەرخانێکی بەهێزە لە چۆنیەتیی پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەیی. حیزبی دێموکراتی کوردستان بەو ئامانجەی کە بۆی دروست ببوو، لە ماوەیەکی کەمدا توانی پێکهاتەیەکی دەوڵەتداری هەرچەند لە ناوچەیەکی بەرتەسک لەژێر ناوی کۆماری کوردستان دابمەزرێنێ. بەڵام ناوبانگ و کارتێکەریی ئەو کۆمارە وای کرد کە لە ماوەیەکی زۆر زۆر کەمدا ببێتە ڕوانگە و جێگای ئومیدی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان. هەر بۆیە دەتوانین بە شانازییەوە بڵێین لە مێژووی هاوچەرخماندا گوتاری حیزبی دێموکراتی کوردستان بەیەکەم گوتاری نەتەوەیی و دەستپێکی خەباتێکی هەمەلایەنەی نەتەوەیی دادەنرێ. لەو سەردەمدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوونی خۆی ڕاگەیاند، ماوەی چەند ساڵێک بوو دەنگی جووڵانەوەی ئازادیخوازیی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بەهۆی دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر و دژەکورد سەرکوت کرابوون و ئەو سەرکوتە هەتا ڕادەیەک وای کردبوو کە هەناسە و پشووی لە هەموو تاکێکی نیشتیمانی کوردان بڕیبوو. بۆیە سەرهەڵدانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو هەلومەرجەدا زۆر بەخیرایی لەنێو دڵی هەموو ئازادیخوازانی کوردستانی گەورەدا جێی خۆی کردەوە و هەرزوو بیروئەندێشەی حیزبی دێموکرات بوو بە نموونە و وێنەیەکی کاریگەر لە پارچەکانی دیکە کوردستان. خۆ ئەگەر بمانەوێ سەرنج بدەینە کارکردی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ئەو ٧٧ ساڵەدا، دەبینین کە هەموو کاتێک هەوڵی داوە گەلی کورد وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی خاکی هاوبەش، زمانی هاوبەش و کولتوور و مێژووی هاوبەشە وەک ستراتیژیی سیاسیی لە کاروکردەوەی خۆیدا ڕەنگدانەوەی هەبێ و بە گەلانی دیکەی ئێران، ناوچە و جیهانی وەک نەتەوە بناسێنێ. ئەو تێڕوانینە لە یەکەم بەیاننامەی حیزبدا بەڕوونی دەردەکەوی کە خۆی وەک حیزبێکی نەتەوەیی دەناسێنێ و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکا لەپێناوی بەدیهێنانی مافی ڕەوای نەتەوایەتیدا لە دەوری حیزب کۆ ببنەوە و فیداکاری بنوێنن. بەپێی ئەو ستراتیژییە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە یەکێک لە ئامانجەکانی پاراستنی خاکی کوردستان بووە و بەکردەوە هەوڵی داوە تۆوی خۆشەویستیی خاک لە ناخی تاکی کورددا بە چەشنێک بچێنێ کە بۆ پاراستنی  ئەو خاکە گیانی خۆی بەخت بکا. لە شانۆی "دایکی نیشتمان" لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا هەتا شانۆی ڕاستەقینەی خۆین و قوربانیدان لە پێناو پاراستنی نیشتمان و ژینگەی کوردستان لە ماوەی ئەو ٧٧ ساڵەدا بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن. ئەم حیزبە لە هەمان کاتدا کە بیری لە پاراستنی خاکەکەی کردۆتەوە، خەمی لەوەش خواردوە کە زمانی کوردی وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی شوناسی نەتەوەیی دەبێ کاری بۆ بکرێ و گەشەی پێ بدرێ. هەربۆیە دەبینین لە دوای پێکهاتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەکەم هەنگاوی یەم حیزبە کردنەوەی قوتابخانەکانە بە زمانی کوردی و تەنانەت لە کۆماری کوردستاندا زمانی کوردی وەک زمانی ڕەسمیی ئیداراتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆمار کاری پێ کراوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێگای بەرەسمی‌کردنی زمانی کوردی جگە لەوەی ویستوویەتی کورد وەک نەتەوە لە زمان وکولتوری نەتەوەی باڵادەست کە هێزی دەوڵەتی لەپشت بوو جیا بکاتەوە، هەوڵی داوە زمانێکی ستانداردیش لە ڕێی دەسەڵات و ئیلزامی‌کردنی خۆیندن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کورد دروست بکا. حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی گەلی کورد وەک نەتەوە دەربکەوێ و بتوانی لەلای نەتەوەکانی دیکەی ئێران و دنیا بەڕوونی پێناسەی خۆی بکا، دەبوا بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوەی لە گەلانی دیکە گەلی کوردیش خاوەنی هێماکانی خۆی بێت کە ئاڵا و سرودی نیشتمانی پێناسەیەکی گرینگی نەتەوەیین لە سەردەمی ئیستادا. حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ بەئەنجام‌گەیاندنی ئەو ڕیسالەتە مێژوویە دەبینین هەر پێش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان ئاڵای کوردستان (٢٦ی سەرماوەز١٣٢٤)بۆ یەکەمجار بەڕەسمی و لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا بەرز دەکاتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزرانیەوە هەتا ئەمرۆش لەگەڵدا بێ لە فاکتەری هێزی چەکدار قەت خافل نەبووە، ئەویش بە دوو هۆکار: یەکەم، بەرگری لە خاک و نیشتیمان  ودەسکەوتەکانی گەلی کورد. دووهەم، هیزی چەکدار فاکتەرێکی گرینگە لە پێک‌هینانی کولتووری نەتەوەیی بەو مانایە هەر نەتەوەیەک کە هێزی چەکدار، واتا سپای میللیی هەبێ بەهۆی تیکەڵ‌بوونی تاکەکانی کۆمەڵگە لەو سپایە کە هەرکامیان لە ناوچەیەکی نیشتمانەکەیانەوە هاتوون و لە ماوەی خزمەتیاندا جۆرێک لە ئینتیمای نەتەوەیی و خۆشەویستیی خاک و نیشتیمانیان لا درووست دەبێ و، ئەوە خۆی یەکێک لەو ڕێگایانەیە کە کولتوورێکی نەتەوەیی پێ چێ دەبێ. بۆیە دەبینین حیزبی دێموکراتی کوردستان پێش ڕاگەیاندنی کۆمار سپای میللی دامەزرێنی و پاشان ناوی پێشمەرگە بۆ تاکەکانی ئەو سپایە دەست نیشان دەکا کە ئیستاش دوای ٧٧ ساڵ ناو و کارکردی پێشمەرگە بۆتە جێی شانازی تاک تاکی کۆمەڵگەی کوردەواری لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا. پێک‌هاتنی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمدا هاوکات هۆکارێکی گرینگ بوو بۆ ئاشت‌کردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی لەگەڵ یەکتر و لاوازکردنی ئینتیمای عەشیرە و خیڵ و بەهێزکردنی ئینتیمای نەتەوەیی. بە واتایەکی دیکە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ یەکەم جار توانی عەشیرە و خیڵ و هۆزەکان لە دەوری تەوەری "کوردبوون" کۆ بکاتەوە. خۆ ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمار ئەوەندەیان دەرفەت نەبوو کە بتوانن ئەو هزرە سەقامگیر بکەن، بەڵام هەر ئەو دەرفەتە کەمەش بەس بوو بۆ بزاڤی ڕووناکبیریی کورد کە دوای هەرەس‌هێنانی کۆمار و لەسیداردان و زیندانی‌کرانی ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتیش ئینتیمای نەتەوەیی نەک بەرەو لاوازی نەڕوا؛ بەڵکوو هەتا ئێستاش ڕۆژبەرۆژ لە گەشەکردن و پەرەئەستاندندا بێت. میژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ٧٧سالی ڕابردوودا پڕە لە کار و تیکۆشان لەپێناو گەشەپێدانی هەستی نەتەوایەتی و شوناسخوازیی کورد. دوای کۆماری کوردستانیش ئێمە دەبینین کە خەڵکی کوردستان بە پیر بانگەوازەکانی حیزبی دێموکراتەوە دەچن و هەر زوو ئەو حیزبە دەتوانێ بە پشتیوانیی خەڵک، خۆی بگرێتەوە و دەست بە خەبات و بەردەوامیی تێکۆشانەکەی بکاتەوە و بە پشتیوانیی خەڵک لە هەموو بەش و ناوچەکانی کوردستان ڕەگ داکوتێ. ئەگەر ٧٧ ساڵ لەوە پێش حیزبی دێموکراتی کوردستان تەنیا لە پانتایی موکریان بە ناوەندێتیی مەهاباد پێناسە دەکرا، ئیستا  لک‌وپۆی داری ئەو حیزبە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەتا باشووری داگرتوە کە ئەمە بەرهەمی ڕەنج و قوربانیدانی کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبەیە. لە میژووی هەشت دەیەی ڕابردوودا دەتوانین بە شانازییەوە بڵێین کە حیزبی دێموکرات ئادەرسێکی بەهێز بووە بۆ پێناسەکردنی خەباتی نەتەوایەتیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەر حیزبی دێموکرات لە ماوەی ئەو ٧٧ ساڵەدا بە هۆکاری جیاواز نەیتوانیوە خەباتی ڕزگاریخوازی و نەتەوەیی بگەیەنێتە لوتکەی سەرکەوتن، بەڵام لە بەردەوامیی ئەو خەباتەدا پشوودرێژ بووە و هەر ئەو پشوودرێژییە هۆکارێکی گرینگ بووە بۆ دەستەبەرکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ماددی و مەعنوی بۆ پێناسەکردنی شوناسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. حیزبی دێموکرات دوای تێپەر بوونی ٧٧ ساڵ تیکۆشان ئیستاش هەر لە سەر ئەو ڕێبازەیە کە لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد بنیات نرا و د. قاسملوو گەشەی پێدا و د. شەرفکندی درێژەدەدری بوو. گوتاری حیزبی دێموکرات ئیستاش پێداگری دەکا لەسەر یەکیەتی نەتەوەیی، دانی سەنگ و قورسایی بە خەباتی مەدەنی، باوەرمەندبوون بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد، پاراستنی سەروەرییە نیشتیمانییەکان، هاندانی خەڵک بۆ پاریزگاری لە ژینگە و کولتووتی نەتەوەیی و، بەپوختی هەر بابەت و ڕێکارێک کە بتوانی هەست و سۆزی نەتەوایەتی پەرە پێ بدا و کۆمەڵگەی کوردی لەپێناو بەرەوپێش‌چوونی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتیەکانیدا یەکگرتوو بکا. ئێستاش کە بەخۆشییەوە هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی دوولایەنی دێموکرات گەیشتووەتە ئامانجی کۆتایی و هەموومان لە ڕیزەکانی یەک حیزبدا بۆ وەدەست‌هێنانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکەین، وا باشە پێداگری بکەین لەسەر ئەو ئەسلە کە حیزبی دێموکرات حیزبیکی ئیدئولۆژێک نییه‌، حیزبی گرووپێکی تایبه‌ت و حیزبی چینێکی دیاریکراو نییه‌، حیزبی هه‌موو تێکۆشه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانە به‌ ژن و پیاو، خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار، به‌ هه‌موو ئایین و ئایینزاکان و، هی هه‌موو چین و توێژه‌کانه‌. ئەگەر وایە حیزبێکی لەو بابەتە بیروڕای جیاوازی سیاسیشی تێدا بەدی دەکری و بۆیە پێویستە ڕێز لە جیاوازیی تێروانینی سیاسی بە پاراستنی یەکڕیزی حیزب بگرین. جیاوازیی بیروبۆچوون، خوێندنه‌وه‌ی جیاواز له‌ ڕابردوو، دەبێ بۆ نەخشەڕێگای داهاتوو بێ که‌ ئێمه‌ چون بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی ببینه‌وه و‌، خوێندنه‌وه‌ی جیاواز لە بابەتە سیاسییەکان دەبێ بۆ ئه‌وه‌ بێ که‌ لە سیاسه‌تی که‌لان و بەرژەوەندی نەتەوەییدا زۆربه‌ی خه‌ڵک تێیدا به‌شدار بن. وەسەریەک‌کەوتنەوە و یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان دەبێ به‌ ده‌رفه‌تێکی گەورە چاو لێ‌ بکه‌ین بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو هێز و توانای خۆمان کەڵک وەربگرین بۆ خه‌بات له‌دژی کۆماری ئیسلامی. ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی که‌ پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د له‌ سه‌رده‌مێکی هه‌ستیار، له‌ وڵاتێکی نه‌خوێنده‌واری ٧٧ ساڵ پێشدا هه‌وڵی بۆ ده‌دا، فەرهەنگی "وێک‌هەڵکردن" بوو. بۆیە هیوادارم ئێمه‌ بتوانین بە خوێندنەوەیەکی دروست لە زیان و خەسارەکانی لێک‌دابران وەک میراتگری دامەزرێنەرانی حیزب و خوێنی شەهیدانی ئەو فەرهەنگە زیاتر و زیاتر لەپێناو پاراستنی یەکڕیزیی تەشیکیلاتی حیزبدا پەرە پێ بدەین. کاروانی خه‌باتی حیزبی دێموکرات لەو‌ ٧٧ ساڵەدا کاروانی خه‌بات و تێکۆشانی کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لایەنگرانی ئە حیزبەیە و،‌ ئەو کاروانە به‌ هیممه‌ت و به‌شداری و لێک‌تێگەیشتن و ئیرادەی یەکڕیزیی هه‌موو لایه‌ک به‌ هێزی زیاترەوە بەرەوپێش دەچێ.