کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەوتناسیی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

18:11 - 31 گەلاوێژ 2722

ڕەوتناسیی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ٢-٢     دوای ده‌ستپێکردنی شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م  ٩ی خه‌رمانانی ١٣١٨، یه‌کی سێپتامبری ١٩٣٩ وڵاتی ئێران بێ‌لایه‌نیی خۆی له‌و شه‌ڕەدا‌ ڕاگه‌یاند، به‌ڵام به‌ دوو هۆکاری به‌ربڵاویی سنووره‌کانی ئێران ده‌گه‌ڵ یەکیەتیی سۆڤییه‌ت و ده‌رگیربوونی شووڕه‌و‌ی ده‌گه‌ڵ ئاڵمان ئه‌م بێ‌لایه‌نییه‌ سست بوو. سپای "هاوپه‌یمانان" به ‌پاساوی بوونی سیخوڕانی نیزامیی ئاڵمانی له‌ ئێران ئه‌و وڵاته‌یان داگیر کرد. دوابه‌دوای یه‌کگرتنی ئینگلیس و شووره‌وی لەپاش هێرشی ئاڵمانی نازی بۆسه‌ر سۆڤیه‌ت و پێویستی ئه‌م وڵاته‌ به‌ یارمه‌تییه‌کانی ئه‌مریکا و ئینگلیس بۆ به‌ره‌کانی شه‌ڕ له‌ شووره‌وی، هاوپه‌یمانان بڕیاریان دا له‌ کۆلیدۆڕی ئێران که‌ڵک وه‌رگرن، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌ ٢٥ی ئوتی ١٩٤٥ هێرشیان کرده‌ سه‌ر ئێران و ئه‌م وڵاته‌یان گرت. له‌ ڕۆژی ٣ی خه‌رمانانی١٣٢٠، سه‌ره‌تا هێزه‌کانی شووره‌وی له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵات به‌ ئاسمان و زه‌ویدا هێرشیان کرده‌ سه‌ر ئێران، دواتر هێزه‌کانی بریتانیا له‌ باشوور و ڕۆژئاوا داگه‌ڕان و هه‌موو شاره‌کانی ئێرانیان به‌هاسانی ده‌ستبه‌سه‌ر داده‌گرت و هه‌ردووک وڵات به‌ره‌و تاران ملی ڕێگایان گرتەبه‌ر. ئه‌رته‌شی ئێران خێرا داڕما. ڕەزاخان به ‌زه‌ختی وڵاتانی هاوپه‌یمان به‌تایبه‌ت بریتانیا وازی له‌ ده‌سه‌ڵات هێنا و دوای گڕژی و چه‌قه‌یه‌کی زۆر به‌و ئاکامه‌ گەیشتن کوڕه‌که‌ی ڕەزاخان واته‌ حه‌مه‌ڕەزا که‌ جێگره‌وه‌ی پێشووشی بوو، بکه‌نه‌ خونکاری ئێران. دوای کۆتایی‌هاتنی شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م له‌ ساڵی ١٩٤٥دا سپای بریتانیا به‌پێی ڕێکه‌وتنێک ده‌گه‌ڵ ئێران، ئه‌و وڵاته‌ی چۆل کرد، به‌ڵام هێزه‌کانی سپای سووری شووڕه‌وی ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌یان لا په‌سه‌ند نه‌بوو و له‌و وڵاته‌ مانه‌وه‌ هه‌تا دوو ناوچه‌ی جوغرافیای ئازه‌ربایجان و کوردستان ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان لێ ڕاگه‌یاند. له‌ ساڵی ١٩٢١دا پاش کودتایه‌کی نیزامی که‌ به‌ یارمه‌تیی ئینگلیس هاته‌ دی، ڕەزاخان هاتە سه‌ر کار و ساڵی ١٩٢٣ له‌ تاران تانجی خونکاری له‌سه‌ر نا و زنجیره‌ی پاڵه‌وی ڕاگه‌یاند. ڕووکاری ئاوەڵایی سیاسی لە تەواوی وڵاتی ئێراندا کاتی بەسەر چوو. دەسەڵاتی ناوەندی ئێران لە تاران ھێزی گرت و پشووی له‌ هه‌مووان بڕی. لە سەردەمی دیکتاتۆریی بیست ساڵەی ڕەزاشادا زۆرداریی نەتەوەیی گەیشتە ئەوپەڕی خۆی و شۆڤێنیزمی فارسی ئێرانی و "یەک وڵات" – "یەک نەتەوە" بوو بە سیاسەتی فەرمیی ڕێژیمی پەھلەوی و گەلانی غەیره‌ فارسی نیشتەجێ لە بانووی ئێران  ئەو ناوە دەستکردەی تازە داتاشرابوو، خرانە ژێر توندوتیژترین ستەمی نەتەوەیی. سرووشتیه‌ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و ھەمووه‌ زوڵم و غه‌درە دژکرده‌وه‌ هه‌بێ، ڕه‌خسانی هه‌لی شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ کورد ڕه‌خساند که‌ له‌ نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی پته‌وی شا له‌ ناوچه‌که‌ به‌تایبه‌ت ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان  ئینگلیس له‌ باشووره‌وه هه‌تا لای لۆرستان و ئیلامی گرتبوو و له‌ باکووریشه‌وه‌ هه‌تا نزیک ورمێ ده‌ده‌ست هێزه‌کانی شووره‌وی دابوو بزاڤی مافخوازانه‌ی کورد سه‌رهه‌ڵده‌نه‌وه‌. "ده‌وڵه‌تی ئێران به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بوو که‌ کورده‌کان له‌ ناوچه‌ی ورمێ چه‌ک بکا، زه‌ختێکی زۆریان بۆ دێنێ، ئینجا ژاندارمی ئازه‌ری شیعه‌مه‌زه‌ب به‌ کرێ ده‌گرێ، له‌ ئاوریلی ١٩٤٢ ڕه‌وشی ئه‌و ناوچانه‌ زۆر ئاڵۆز ده‌بێ و سەرهەڵدان‌ و پشێوی درووست ده‌بێ. له‌و نێوه‌دا به‌ره‌نگاری و تێکهه‌ڵچوون ڕوو ده‌دا، له‌ ڕۆژی ٢٨ی ئاوریلی ١٩٤٢دا (هەشتی بانەمەڕی ١٣٢١) عێل و عه‌شیره‌ته‌کانی کوردی نیشتەجێی ده‌ڤه‌ر و ناوشاری ورمێ خۆپێشاندانێک له‌ شه‌قامه‌کانی ورمێ به‌ڕێوه ‌ده‌به‌ن  کۆچیرا، ١٣٦٩کورده‌کانی باژێری ورمێ چه‌ند داخوازییه‌کی ته‌واو مه‌ده‌نیانه‌یان له‌ کاربه‌ده‌ستان و کونسولی شووڕه‌وی له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌ که‌ بریتین له‌: ١- زمانی کوردی له‌ مه‌دره‌سه‌کان‌دا بخوێندرێ. ٢- ته‌واوی ژاندارمی به‌ینی شاره‌کانی خۆیە و مهاباد ده‌بێ له‌و ناوچه‌یه‌ بچنه‌ ده‌رێ. ٣- کورده‌کان ده‌بێ له‌ کاروباری نه‌ته‌وایه‌تیدا ئازاد بن. ٤- ده‌بێ نوێنه‌ری کوردان له‌ هه‌موو ئیداره‌ و ئۆرگانه‌کانی ده‌وڵه‌تیدا هه‌بن و له‌ مه‌دره‌سه‌کانیش جێگیر بن. ٥- کورده‌کان ده‌بێ له‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ک ئازاد بن. ٦- هه‌روه‌ها داوای ئازادکردنی ٢٠ که‌س له‌ گیراوانی خۆیان ده‌که‌ن که‌ له‌ به‌ندیخانه‌ دان. دوای ئه‌و داواکاریانه‌ی کوردانی ورمێ له‌ هێزی شووره‌وی، لە سێپتامبری ١٩٤٢ واتە ٣ی خه‌رمانانی ١٣٢٠ کۆنفرانسێک له‌ شاری شنۆ به‌ به‌شداریی ئاغا و سه‌رۆکه‌ کورده‌کانی لای خوارووی ڕۆژئاوای ورمێ و باکووری کوردستانی ئێران بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژ بەڕێوە دەچێ، له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا که‌ دوور له‌ چاوی ئینگلیسه‌کان و به ‌پاساوی زه‌ماوه‌ندی کوڕی قه‌ره‌نی ئاغای مامه‌ش گیرابوو، بەرپرسە کورده‌کان به‌ هیچ ئاکامێک و یەکیەتییه‌کی ئەوتۆ ناگەن. "سه‌رله‌شکر ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌، یه‌کێ له‌ ئه‌فسه‌رانی باڵای له‌شکری ٤ی ڕەزائییه‌ له‌ ژێر سه‌ردێری "له‌هه‌مبه‌ر بارودۆخی ڕەزائییه‌ له‌ ساڵی  ١٣٢٠ـدا" نووسیویەتی: دوای هه‌ڵوه‌شانی له‌شکر له‌ شه‌هریوه‌ری ١٣٢٠، ڕەزائییه‌ش وه‌کوو زۆر ناوچه‌ی تری وڵات ئارامی و ئاساییشی بیست ساڵه‌ بۆ نائه‌منی و شێوان گۆڕا، به‌شێک له‌ ئاژاوه‌خوازانی ناوچه‌ی ڕەزائییه‌ وه‌کوو، عومه‌ر شه‌ریفی عومه‌رخانی شکاک له‌ ناوچه‌ی سۆما و برادۆست سه‌رووی ڕەزائییه‌، ڕه‌شید به‌گی جه‌هانگیری له‌ ناوچه‌ی ته‌رگه‌وه‌ڕ و مه‌رگه‌وه‌ڕ له‌ مه‌ڵبه‌ندی ڕۆژئاوای ڕەزائییه‌، زێرۆ به‌گی به‌هادوری له‌ ناوچه‌ی بالانیش و ناوچه‌کانی خوارووی ڕەزائییه‌، ته‌ها هه‌رکی له‌ناوچه‌ی دۆڵی خوارووی ڕزائییه‌" که‌وتبوونه‌‌ ژێر کاریگه‌ریی بێگانه‌ و ئه‌فسه‌رانی یەکیەتییی سوڤیه‌ت"(مستەفا ئەمین، ١٩٩٣). ئه‌م‌ بارودۆخە وا ڕێکەوت بۆ ئەوەی یەکەم ڕێکخراوی تۆکمه‌، مۆدێرن و نه‌ته‌وه‌یی به‌ته‌واو مانا بە ناوی "کومەڵەی ژیانەوەی کورد" ک.ژ.ک لەسەر دارووپەردووی حیزبی ئازادی کوردستان پێک بێت. دامەزرێنەرانی کۆمەڵەکە یازدە کەس بوون کە لە ڕۆژی ٢٥ی گه‌لاوێژی ١٣٢١دا (به‌رامبه‌ر به‌ ١٦ی ئوتی ١٩٤٢) له‌ مەهاباد کۆبوونه‌وه‌ و کۆمه‌ڵه‌ی ژێکاف‌یان دامه‌زراند. ئه‌و یازده‌ که‌سه‌ بریتی بوون له‌: حوسێن فروهه‌ر، عه‌بدوڵڕه‌حمان زه‌بیحی، عه‌بدوڵڕه‌حمان ئیمامی، عه‌بدوڵقادر موده‌ڕسی، نه‌جمه‌دین ته‌وحیدی، محه‌مه‌دی نانه‌وازاده‌، عه‌لی مه‌حموودی، محه‌مه‌د ئه‌سحابی، عه‌بدوڵڕه‌حمان کیانی، سه‌دیق حه‌یده‌ری و قاسمی قادری(قاسملوو، ١٩٨٨). ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ وه‌ک ڕیخراویەکی نهێنی چالاکیی ده‌کرد و ھەر لە سەرەتای دامەزراندنەوه‌ کوردانی باشوریش تێیدا بەشدار بوون." ساڵی ١٩٤٢حیزبی هیوا که‌ ئه‌وسا به‌هێزترین ڕێکخراوی چەپی سیاسی له ‌کوردستانی عێراقدا بوو؛ دوو که‌س له‌ ئه‌ندامه‌ شاره‌زاکانی خۆی؛ واته‌ "میرحاج ئه‌حمه‌د و مسته‌فا خۆشناو"، که‌ هه‌ردووکیان ئه‌فسه‌ر بوون بۆ درووست‌کردنی پێوه‌ندی و هاوکاری و هاوخه‌باتی له‌گه‌ڵ کورده‌کانی خۆرهەڵات نارده‌ کوردستانی ئێران. دوای پێوه‌ندی‌کردن ده‌گه‌ڵ چه‌ندین که‌س له‌ ڕۆژی ٢٥ی شه‌هریوه‌ر خه‌رمانانی ١٣٢١ ده‌سته‌یه‌ک لاوی سابلاغی له‌ باخی حاجی داود له‌ نزیک چۆمی سابلاغ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی حیزبی هیوا، میرحاج و مسته‌فا خۆشناو بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوێکی سیاسی کورد کۆبوونه‌وه‌. لە مانگی بانه‌رمه‌ڕی ١٣٢٢ی هه‌تاوی کۆبوونەوەیەک وەک کۆنگرەی یه‌که‌می کۆمەڵە پێک‌ھات. لەم کۆنگرەیەدا کە له‌ چیای "خوداپه‌ره‌ست" گیرابوو ، نزیکەی سەد کەس بەشدار بوون؛ بڕیار درا کۆمەڵە بیروڕای خۆی له‌ گۆڤارێکدا بڵاو بکاتەوە. کۆمەڵەی ژێکاف رێکخراوێکی ناسیۆنالسیتی و نیشتمانپەروەر بوو و خواستی سه‌رجه‌م چین و توێژەکانی کوردی وه‌ک به‌یداخێک به‌رز کردبۆوه‌ بەڵام لەبەر نهێنی‌بوونی، نه‌یده‌توانی به‌ئاشکرا ئه‌وه‌ ڕابگه‌یەنێت. هه‌ر بۆیه‌ له‌ یه‌که‌م هه‌نگاوه‌کانیدا ده‌ستی به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤاری "نیشتمان" کرد(قاسملوو، ١٣٦٧) ئەو ئایدئۆلۆژییەی کە سەران و دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بینای کارەکەیان لەسەر دامەزراندبوو، لە کۆنگرەی دووهەمیدا دانی پێدانرابوو. لە بەندێکی مەرامنامەی کۆمەڵەکەدا دەڵێ: کۆمەڵەی  ژی- کاف لە سەر چوار کۆڵەکەی ئیسلام، کوردایەتی، مەدەنییه‌ت ، سوڵح و ئاشتیخوازیـدا ڕۆنراوە. یه‌کێک له‌ ئه‌سڵ و ئه‌ستوونه‌ به‌هێزه‌کانی دامه‌زراندن و فه‌لسه‌فه‌ی وجودیی ژێکاف، باوه‌ڕ به‌ ئاشتی و مه‌ده‌نییه‌ت بووه‌‌، ڕه‌نگبێ دامه‌زرێنه‌رانی به‌شێوه‌ی ئاکادێمی و هه‌نووکه؛‌ زانیارییان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی و شێوازه‌کانی کاری سڤیلی نه‌بووبێ که‌ زۆر سرووشتییه‌، به‌ڵام باوه‌ڕی قووڵی به‌رپرسان و خه‌باتکارانی کورد به‌ چه‌مکی مه‌ده‌نییه‌ت له‌ مێشک و نه‌ستیاندا هێلانه‌ی چنیبوو‌! ئەوەی کە ڕوونە پێگەی چینایەتیی دامەزرێنەرانی (ک.ژ.ک)ە کە سەر بە کوردی شارنشینی وردە بورژوازی بوون(وەلی، ١٩٩٥). ئەوە یەکەم کۆمەڵەی نەتەوایەتیی کورد بوو کە دامەزرێنەرەکانی شێخ و ئاغاکان نەبوون، بەڵکوو زۆربەیان لە چینی ڕووناکبیر و بازرگان و زانایان بوون. ئەمانە چینی تێگەیشتووی کۆمەڵگەی کوردین کە تەنیا بۆ مافەکانی خۆیان هەوڵیان نەدەدا بەڵکوو لەگەڵ مافی گشتیی نەتەوەکەیان بوون(مەکداول، ٢٠٠٣) کۆمەڵەی ژێکاف لە یەکەم ژمارەی "نیشتمان" بڵاوکراوەی بیری ئەم ڕێکخراوەدا سەبارەت بە ئامانجی ئەم ڕێکخراوەیە دەنووسێ: "ئەی برای کوردی خۆشەویست: کۆمەڵەی ژێکاف بەپێچەوانەی هەموو بەرهەڵست و قۆرت و چەڵەمێکی وەکوو دوژمنایەتی خۆبەخۆ، دووبەرەکی و خۆخۆری، پووڵپەرەستی و بێگانەدۆستی کە لە ڕێگای پێشکەوتن و سەرکەوتنی کورددا هەیە، بە هەموو هێز و توانای خۆی تێ‌دەکۆشێ تا زنجیر و کەڵەپچەی دیلی و ژێردەستی لە ئەستۆی نەتەوەی کورد داماڵێ و لەم کوردستانە لەت و کوتەی ئێستادا کوردستانێکی گەورە و ڕێکوپێک بێنێتە بەرهەم کە هەموو کوردێک بە سەربەستی تیا بژی(نیشتمان، ١٣٢٢). هێمنی موکریانی کە خۆی ئەندامی چالاکی  ژ-ک بووە و لە نووسەرانی نیشتمان بووە، دەڵی: ئەندامانی کۆمەڵە لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری پێکهاتبوون و جیاوازیی بیروڕای سیاسی و فەلسەفییان هەبوو، ئەگەر چاوێک بە ئۆرگانی کۆمەڵەدا بخشێنین ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێ. بەلام، بیروباوەڕی کۆمەڵە لەسەرەتای دامەزرانییەوە تا هەڵوەشانەوەی لەسەر دەستی قازی محەممەد، بیروباوەڕێکی نەتەوەخوازی ڕاست‌ڕەوانە بوو بە درێژایی ماوەی هەڵسووڕانی وەک ڕێکخراوێکی ڕێفۆرمیستی نەریت‌پارێز خۆی نواندوە(ئەسەسەرد، ٢٠١٢). نێوەڕۆکی ئایدئۆلۆژیی کۆمەڵەی ژێکاف زۆرتر دەڕبری بابەتی کۆمەڵایەتی-ئابووری پەیوەندیدار بە ستراکچەری چینایەتی کۆمەڵگەی کوردستان بوو. گۆڕانکارییەکان یەکجار زۆر خێرا بوون. جیهان به‌ره‌و ئاڵووگۆرێکی مه‌زن هه‌نگاوی ده‌نا، شۆڕشی گەلانی دونیا دژ به‌ فاشیزم و دیکتاتۆری پەرەی سەندبوو، "کۆمه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کان" هه‌م ژماره‌یان زیاتر ده‌بوو هه‌میش به‌ره‌و ڕێکخراوێکی مه‌زنتر و ڕێکوپێکتر ده‌چوو که‌ دوایی بوو به‌ "ڕێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی". وڵاتی ئێران گۆڕانێکی نێوخۆیی بەسەردا ھات و لەلایەکی دیکەوە لەو بارودۆخە گرینگەدا چالاکییەکانی کۆمەڵە به‌رینتر ببوونەوە‌. به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌بوو بەڕێکوپێکی چالاکییه‌کان به‌رنه پێش و پێویستیان به‌ سیاسه‌تێکی دیاریکراوتر و لاستیکی هه‌بوو. هه‌روه‌ها ده‌بوو ڕێکخراو مه‌ندتر، یەکگرتووتر، خاوەن‌پلان بۆ بەرەوپێش ڕۆشتنی ڕوونتر، سیاسه‌ت و دووره‌دیمه‌نی ستراتیژی خۆیان داڕێژنه‌وه‌. سه‌رکردایه‌تیی کۆمەڵە باش لەو ڕه‌وشه‌ ئاگادار بوون، هه‌ربۆیە ھەوڵێکی نوێیان دا بۆ دامه‌زراندنی هێزێکی سیاسیی مۆدێرن و به‌رفره‌وان. دوای سێ ساڵ له‌ پێکهێنانی ڕێکخراوی ژێکاف، لە ڕێکەوتی ١ی خەزەڵوەری ١٣٢٤ لە شاری مەهاباد حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا. ئەگەرچی یەکەمین بەیاننامەی خۆناساندنی حیزب بە خەڵک و دانانی یەکەمین مەرامنامەی و هەوڵی کۆنگرە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا بوو، کەچی حیزبی دێموکرات هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ جێژنی دامەزراندنی خۆی دەگێڕ‌ێ! هۆکارەکەشی ئەمەیە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان خۆی بە درێژەی  ک.ژ.ک دەزانێ. بە قەولی هەژاری موکریانی حیزبی دێموکرات لەسەر دارووپەردووی ژ.ک دادەمەزرێ(بازیار، ٢٠١٩). ئەگەرچی ئەو حیزبە نوێیە لە ئەزموونەکانی کۆمەڵە سوودی وەردەگرت، بەڵام لە سیاسه‌ت، ڕوانین و چالاکییەکانیدا زیاتر خۆی ده‌گه‌ڵ ڕه‌وشی مه‌وجود هاوئاهه‌نگ ده‌کرد. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکەم هەنگاوی خۆیدا بەیاننامەیەکی بە زمانی کوردی و فارسی لە هەشت بەنددا گەڵاڵە کرد و بڵاوی کردەوە کە زیاتر لایەنی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی لەنێو سنوورەکانی ئێرانی پێوەدیارە. دەگەڵ ئەوەیکە "حدک" لەسەر بناخەکانی "ک.ژ.ک" دامەزرابوو بەڵام بەرنامە هەشت خاڵییەکەی لەچەند لایەنەوە جیاوازیان دەگەڵ بەرنامەی "ک.ژک" هەبوو. ژێکاف باسی لە وەسەریەکخستنەوەی کوردستانی گەورە کردبوو، بەڵام "حدک" لە چوارچێوەی سنووری ئێراندا خودموختارییەکی نیمچە سەربەخۆی لە خاکی ئێراندا دەویست.  سەرکردەکانی "حدک" باش لە واقعی ڕەوشەکە تێگەیشتبوون و دەیانهەویست سەرەتا بناخەیەکی تۆکمە بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی ژێکاف دابمەزرێنن بۆیە خۆیان لە درووشمی قەبە و بریقەدار دەپاراست. بۆ وێنە حیزب لەگەڵ ئاوڕدانەوە لە ژیانی جووتیارانی کوردستانیشدا هەوڵ دەدا بۆ ڕۆژگاری ئەوسای کوردستان ڕێگەچارەسەرییەکی مام‌ناوەندی بدۆزێتەوە، واتە نە لە ئاست ژیان و بەڕیوەچوونیان بێدەنگ بێ و نە خۆ لە خانەی درووشمێکی ڕادیکاڵی وادا دەبینێتەوە، هەربۆیە لە مادەی پێنج دا دەنووسێ: دەبێ لەسەر ئەساسی قانوونێکی گشتی لە نێوان لادێی و خاوەن موڵکدا ڕێکەوتنێک پێک بهێندرێ و دواڕۆژی هەردوولا دابین بکرێ(ئەیووب زادە، ٢٠٠٨). ئه‌و ڕووداوه‌ خێرایانه‌ به‌ جۆرێک بوون دوای پێنج مانگ له‌ ڕاگه‌یاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ده‌وڵه‌تی کوردی حکوومه‌تی کۆماری کوردستان لە ٢ی ڕێبه‌ندانی ١٣٢٤ ڕاگه‌یه‌ندرا و قازی محەمەد کە پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو بوو بە یەکەمین سەرۆک کۆماری کوردستان. لە ماوەی یازدە مانگ تەمەنی کۆماردا زۆرێک لە داخوازییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵات وەدی هاتن؛ لەوانە خوێندن بە زمانی کوردی، دامەزراندنی سپای نەتەوەیی پێشمەرگە، سروودی نەتەوەیی، ئاڵای نەتەوەیی، دامودەزگای حکومەتی کوردی، هاتنی ژنان و لاوان بۆ نێو ژیانی سیاسی دامەزراندنی یەکێتییەکان ژنان و لاوان، پەروەردەی مۆدێرنی کوردی، بونیادنانی دامەزراوە کولتوورییەکان سینەما، شانۆ، ڕادیۆ، کتێبخانە. خاڵی جێگای سەرنج لەم قۆناخەدا ئەوەیە لەنێوخۆی حیزبدا باڵی چەپ پەراوێز دەخرێ، بەڵام لە هەمبەر دەرەوەدا حیزبی دێموکرات لە حیزبە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی ئێران نزیک دەبێتەوە، لە ئاکامدا دەگەڵ ئەو حیزبانە حکوومەتی نەتەوەیی ئازەربایجان و توودە بۆ هەڵبژاردنی خولی پازدەهەمی پەرلەمان دەچێتە یەک بەرە( بازیار، ٢٠١٩). بە گشتی پێکهاتەی خێڵەکی و سیاسی-کۆمەڵایەتیی کۆمەڵەی کوردەواری و نفووزی شێخ و مەلاکان و بوونی کەسایەتییەکانی سەر بەم چین و توێژانە بەشێوەیەکی بەرچاو و شوێندانەر لە ڕێکخراوی سیاسی و نیزامی ڕەوتی کوردی و کۆماری کوردستان لەبەر ئەوەیکە بەرنامەیەکی رادیکاڵی کۆمەڵایەتی لێ نەکەوێتەوە سرووشتی بوو. سەرکردایەتیی حیزب لە شێوازێک گەڕاون بۆ پێکەوە گونجاندن و ڕاگرتنی باڵانس لە نێوان چینە جۆربەجۆرەکانی ئەوکاتی کۆمەڵگای کوردستان بۆ ئەویکە بتوانێ هەموو لایەک لەژێر چەتری دەسەڵاتێکی نەتەوەییدا کۆ بکاتەوە.   سەرچاوەکان: ١. خسروپناه، عبدالحسین، جریان شناسی فکری ایران معاصر، قم: موسسە حکمت ١٣٨٨ ٢. خرم شاد، محمدباقر، سادات، سید ابراهیم، جریان شناسی بە مثابە روش، فصلنامە علمی پژوهشی، دورە ٥ شمارە ٢ ٣. بازیار، سمایل، کاریگەری بیری چەپ لەسەر بزاڤی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک نمونە ١٩٩١-١٩٤٥تێزی دوکتورا، زانکۆی سەلاحەدین، هەولێر ٢٠١٩ ٤. سەردەشتی، د.یاسین، کوردستانی ئێران لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لە جووڵانەوەی ڕزگاری خوازیی نەتەوەیی گەلی کورد ١٩٣٩-١٩٧٩سلێمانی ٢٠١١ ٥. باباخانی. ناصر، عبدالرحمن زبیحی کاریزمایی ناتمام، انتشارات سیدیان مهاباد ١٣٧٨ ٦. حەسەنزادە، شاروخ، کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان  بە تەکز کردن بە ڕۆژهەلاتی کوردستان هێشتا چاپ نەکراوە. ٧. کۆچیرا، کریس وه‌رگێرانی ڕه‌یانی، محه‌مه‌د، کورد له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ و بیستدا چاپخانه‌ی کارون چاپی یه‌که‌م ٨. مسته‌فا ئه‌مین، نه‌وشیروان، حکومه‌تی کوردستان...چاپی دووهه‌م 1993، وزاره‌تی ڕۆشنبیری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ٩. د.قاسملوو، عه‌بدوڵره‌حمان، چل ساڵ خه‌بات له‌ پێناو ئازادی چاپی دووهه‌م 1988 ١٠. وەلی، عەباس. پەیدابوون و بناغەی ناسیونالیزمی کوردی لە ئێران، و. حەسەن قازی، سوید ١٩٩٥ ١١. مەکداول، دیڤید، مێژووی هاوچەرخی کوردی، ئەبووبەکر خۆشناو، سلێمانی ٢٠٠٣ ١٢. نیشتمان، گۆڤارێکی کۆمەڵایەتی، ئەدەبی، خوێندەواری و مانگی کوردییە ژ،١ ساڵی یەکەم ١٣٢٢ ١٣. ئەسەسەرد، فەرید، ڕەهەندەکانی بیری سیاسی کورد پاش جەنگی دووهەمی جیهانی ئاکادێمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران، سلێمانی ٢٠١٢ ١٤. ئەیووب زادە، ئەیووب، لە ژ-ک وە بۆ کۆمار هەولێر ٢٠٠٨