کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و گرینگیدانی بە پرسی کۆمەڵایەتی (٢-٢)

18:14 - 31 گەلاوێژ 2722

ئاماژە: ئەم بابەتە دوانووسینی نەمر جەلیل گادانی بوو کە بۆ یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزب نووسیبووی و لە کتێبی "حیزبی دێموکراتی کوردستان، قەڵای خۆڕاگری ناسنامەی نەتەوەیی"دا  کە هەر بەبۆنەی یوبیلی ئەڵماسی حیزب چاپ بوو، بڵاو کرایەوە. "کوردستان" لە دووهەمین ساڵیادی کۆچی دواییدا و بۆ ئەمەگناسی و ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی کاک جەلیل بەشی یەکەمی ئەم دوانووسینەی بەڕێزیانی لە ژمارەی پێشوودا بڵاو کردەوە. لەو ژمارەیەدا بەشی دووهەم و کۆتاییەکەی دادەنرێ. لە بەشی یەکەمدا باس لە سیاسەت و بەرنامەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و گرینگیدانی بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا کرا. ***   دوای کۆماریش کە حیزب هاتەوە سەر پێ و تێکۆشانی دەست پێ کردەوە، ڕێبەرانی کاتی و ئەندامانی حیزب زۆر جار ڕێنوێنی و هاوکاریی خەڵکیان دەکرد. حیزب لەنێو خەڵکدا وا جێگای خۆی کردبۆوە کە کاندیدای حیزب لە مەهاباد بۆ پەرلەمانی دەورەی ١٦، شادڕەوان "سارم‌خانی سادق وەزیری" دەنگی یەکەمی هێناوە، کە دیارە سەڵاحییەتی لەلایەن حکوومەتەوە ڕد کرایەوە و کەسێکیان لە جێگای وی ناردە پاڕلەمان کە خەڵک نە دیبوویان و نە دەیانناسی. هەروەها جوتیارانی بەشێک لە ناوچەکانی مەهاباد و بەتایبەتی بۆکان کە ساڵی ١٣٣١ لە بەرامبەر دەرەبەگە ستەمکارەکاندا ڕاوەستان و ڕاپەڕین، حیزب هاوکاریان بوو. دواتریش کە هیزی ژاندارم و سوپای ڕێژیم سەرکوتیان کردن زۆر لەوانە لە لایەن مالیکەکانەوە لە گوندەکانیان دەرکران و هێندیکیان ماڵیشیان تاڵان کرا. بەڵام حیزبی دێموکرات بە ئەرکی خۆی زانی بە دەنگیانەوە چوو، ئەو غەدرەی لێیان کرابوو لە ڕێگای ڕۆژنامەکانی تارانەوە لەقاو دا و بە خەرجی خۆی شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ دابین کردن تا خەریکی درێژەدان بە کەسب و کار و فەلاحەتی خۆیان بن. هەر لە شاری مەهاباد و لە بەهاری ١٣٣٢ لەلای باشووری مەهابادەوە سێڵاوێکی سامناک هات و بەشێکی زۆر لە ماڵەکانی دوو گەرەکی"خڕێ" و "هەرمەنییان" پڕ ببوون لە ئاو و زیانی زۆریان پێ گەیشت. بەڵام بە هیممەتی ئەندامانی حیزب و لاوانی دێموکرات هەر بە کەرەسەی سەرەتایی ئاوی ماڵەکانیان بەتاڵ کرد. لە بەهاری ١٣٤٧ کە سێڵاو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەهاباد هەستا و بەشێک لە ماڵەکانی سەر ڕێگەی خۆی داگرت، بەکردەوە هەر ئەندام و لاوەکانی حیزب لە مەیدانی هاریکاریدا بوون و کاربەدەستانی حکوومەت تەنیا چاولێکەر بوون. لە شوڕشی هەژدە مانگەی ٤٧-٤٦ یش هەرچەند بەڕواڵەت دامودەزگاکانی دەوڵەتی دەسەڵاتی تەواویان هەبوو، بەڵام خەڵکی ئەو ناوچانەی پێشمەرگە هاتوچۆی دەکردن گرفتە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیەکانی خۆیان دەبردە لای بەرپەرسان و پێشمەرگەکانی ئەو سەردەم تا چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە و ڕێگەحەللی موشکلەکانیان نیشان بدەن. سەرەڕای ئەوەی حیزبی دێموکرات و ئەندامانی لە دوای کۆمارەوە هیچکات خۆشییان لە خۆیان نەدی و ئەندام و لایەنگرانی بەشیان زیندان و دەربەدەری بوو، چەند جار بەکۆمەڵ گیراون، هێندێک لەوان ئێعدام کراون یا بە دەیان ساڵ لە بەندیخانەکاندا مانەوە، بەڵام کۆڵیان نەداوە و لە خەبات نەوەستاون. هەر ئەندامانی حیزب بوون کە جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ یەکەم خۆپیشاندانیان لە سێ ڕۆژەی فەوتی کاک عەزیز یووسفی لە شاری مەهاباد وەڕێ خست و بەدوای ئەودا جەماعەتێکی ٤٠ کەسی گیران. بەڵام زۆر زوو ئەو خۆپیشاندانە هەموو شارەکانی کوردستانی گرتەوە و دەنگی خۆیان بەدژی ڕێژیم تێکەڵاو بە دەنگی گەلانی دیکەی ئێران کرد. لە یەک ڕەستەدا دەتوانم بڵێم ئەندامانی حیزبی دێموکرات یەکەم بەدیهێنەری شوڕای خەڵکی لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە شار و دێ بوون. پاش سەرکەوتنی شۆڕشیش ئەوە حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو لە هێندێک شاری وەک مەهاباد و بۆکان بۆ یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانە کە لە ئاکامی شەڕپێفڕۆشتنی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی نەغەدە و سەقز ئاوارە بوون، کۆمیتەی بەهاناوەچوونی پێک هێنابوو تا بتوانێ جێگە و ڕێگایان بۆ دیاری بکا و بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی خەڵک بە کەم‌وکورتییش بێ ئیمکاناتی ژیانیان بۆ پەیدا کردن و پێیان ڕاگەیشتن. لەو هەلومەرجە سەختەشدا حیزبی دێموکرات بە هاوکاریی خۆبەخشانە کلاسیان بۆ فێرکردنی زمانی کوردی دانا. هەرچەند نیگەرانی شەڕپێفڕۆشتنی کۆماری ئیسلامی بە کورد لە گۆڕێدا بوو، بەڵام بە هاوکاریی مامۆستا هێمن، مامۆستا حەسەن قەزڵجی، مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە و چەند کەس لە فەرهەنگییانی مەهابادی وەک حەسەن سەنجانی و ئەحمەد کاکەمەمی هەوڵ درا کتێبی دەرسی پۆلی یەکەمی سەرەتایی ئامادە بکەن. دوای دامەزراندنی حکوومەتی کاتی بە سەرۆکایەتیی مێهدی بازرگان هێندێک لە دەرەبەگەکانی ناوچەکانی شنۆ، پیرانشار و سندووس خەریک بوون دەببە بەو جووتیارانە بکەن کە لە دابەشکردنی زەمانی شادا پارچە زەوییەکیان وەدەست کەوتبوو و لێیان بستێننەوە. حیزبی دێموکرات نوێنەری ئەو جوتیارانەی بانگ کردە مەهاباد بۆ ئەوەی داواکاریی خۆیان بە حکوومەت و خومەینی بگەیەنن و نەهێڵێ غەدریان لێ بکرێ و بەڕێیان کردن بۆ تاران. بە فەرمانی حیزب، نووسەری ئەو دێرانە کە لەو کاتدا هەم بەرپرسی ڕێکخراوی حیزب لە تاران و هەم بەرپرسی کۆمەڵی کوردەکانی دانیشتوووی تاران بووم کە تازە پێکمان هێنابوو، ئەو نوێنەرانەم لە پێشدا برد بۆ لای سەرۆکی حکوومەت و هەم بردمن بۆ قوم بۆ لای خومەینی کە قەولیان پێدان پێش لە دەستدڕیژیی دەرەبەگەکان بگرن و نەهێڵن زەوییەکانیان زەوت کەنەوە. هەر ئەو خزمەتە کۆمەڵایەتییانە و سیاسەتی دروستی حیزب بوونە هۆی ئەوەی کە لە هەڵبژاردنی مەجلیسی خوبرەگان، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێر و کاندیدای حیزب بە دەنگێکی زۆر و پێویست لە ورمێ سەرکەوێ. دواتریش لە هەڵبژاردنی دەورەی یەکەمی پارلمان لە کۆماری ئیسلامیشدا کە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٨ بەڕێوەچوو، لە زۆربەی شارەکانی کوردستان کاندیداکانی حیزب سەرکەوتوو بوون و لە زۆربەی شارەکان هەڵبژێردران؛ کە دیارە نەگەیشتنە مەجلیس.  یا لە شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاوی سێ مانگەدا دێهاتی کوردستان ببێتە پشت و پەنای پێشمەرگە و حیزب و بە هاوکاریی خەڵک و فیداکاری پێشمەرگە توانی پاشەکشە بە خومەینی بکا و بە درۆ داوای وتووێژ بکا. هەرچەند قەولەکانیان نەبردە سەر و بە دوای وەختدا دەگەڕا تا ئەڕتەش ڕازی بکا هاوکاریی بکا و خۆشیان تەیارتر کەن. بۆ ماوەی چەند مانگ شەڕ ڕاگیرا و خومەینی هەئیەتێکی بێ دەسەڵاتی بۆ وتووێژ ناردە مەهاباد. لە داخوازییەکی ٢٦ مادەییدا ئاکامی ئەم وتووێژانە نێردرا بۆ سەروک کۆمار (بەنی سەدر) و خومەینی، بەڵام قبووڵی نەکرد. ئەگەر حیزبی دێموکرات دواتر بەو مەبەستەی کە نییەت پاکیی خۆی لەم وتووێژانەدا بسەلمێنێ، کۆی ئەو ٢٦ مادەیەی لە شەش مادەدا گونجاند و بۆی ناردن. بەڵام دیسانیش ئاکامی نەبوو، چونکە خومەینی شەڕی بە نیعمەت دەزانی. بۆیە جارێکی دی بە ئیمکاناتی نوێ و ڕازیکردنی ئەڕتەش بۆ هاوکاریی سپای پاسداران و شەڕکردن دەگەڵ کورد بەئاشکرا شەڕی بە کورد فرۆشتەوە و بە هەموو هێزیەوە لە چەند لاوە هێرشی کردە سەر کوردستان. ئەوە لە کاتێک‌دا بوو کە کوردستان نەک هەر خۆی خەریکی دێموکراتیزەکردنی کوردستان بوو، بەڵکوو ببوو بە پەناگای هەموو ئەو هێزانەی لە دەست خومەینی تاران و باقی شوێنەکانی وڵاتیان بەجێ هێشتبوو. بە دوای ئەو هێرشەدا گەمارۆی هەمەلایانە خرایە سەر کوردستان. ژیان لە شار و دێ یەکجار سەخت بوو لە هەلومەرجێکی وەهادا کە دەفتەری سیاسی نەیدەویست بۆ پێشگیری لە کوشتار و وێرانی شارەکان بڕیاری دابوو لە شاردا شەڕ نەکا، لە شار دوور کەوتبوونەوە، لە پێشدا لە ئەشکەوتانی دۆڵی شێخان لە مەنگوڕایەتی و دواتر لە گوندی شیوەجۆی گەورکایەتیی سەردەشت نیشتەجێ ببوون. هەر لە دۆڵی شێخان بیرۆکەی دانانی "ڕادیۆ دەنگی کوردستان" هاتە ئاراوە و بەزەحمەتی زۆری ڕەوانشادان؛ ئەندازیار خەیاتی، کاک خەلیل گادانی و سەید ڕەسووڵی دەهقان لە ڕۆژی ٢٧/ ٣/ ١٣٥٩ ئامادە کرا و بە پەیامی شەهید دوکتور قاسملوو دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی کرد کە کاریگەرییەکی یەکجار زۆری لە سەر کاروباری حیزب و ورەی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان هەبوو، و ئەوە ماوەی زیاتر لە چل ساڵە سەرەڕای سەدان کەند و کۆسپی سەر ڕێگا لە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی بەردەوامە. لەو هەلومەرجەدا زۆرجار خەڵک بۆ گازندە و گرفتەکانی خۆیان ڕوویان لە حیزب دەکرد. زۆرکەس لە شار و دێ دەهاتن و زۆربەشیان ڕوویان لە سکرتێری حیزب بوو، حەزیان دەکرد دوکتور قاسملوو ببینن. وای لێ هات لە بەر دیتنی خەڵک و وڵامدانەوەیان بەڕێوەبردنی ئەرکەی خۆی بۆ بەزەحمەت بوو. لە کۆبوونەوەی دەفتەری سیاسی بیر لەوە کراوە ڕێگاچارەیەک بدۆزینەوە کە بتوانین وەڵامدەری داواکاری خەڵک بین و ئەو زەحمەتە لەسەر شانی دوکتور هەڵگرین. دوای کۆنگرەی پێنج لە سەر پێشنیاری نووسەری ئەم دێڕانە، دەفتەری سیاسی بڕیاری دا حیزب کۆمیسیۆنێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە کۆمەڵایەتییانە پێک بێنێ. شەهید دوکتو قاسملوو عادەتێکی هەبوو، ئەویش ئەوە بوو هەر کەس پێشنیاری بۆ کارێک کردبا و بە دڵی با، دەگەڵ پەسندکردنی پێشنیارەکە دەیفەرموو: "زۆر باشە و بۆخۆشت بەرپرسیارەتییەکەی وەئەستۆ بگرە". هەر لەوکاتەوە من کە لە شەڕی سێ مانگە ڕا هەتا دوای کۆنگرەی پێنج بەرپرسی ڕێکخستنی گشتیی حیزب بووم، ڕاسپێردرام ئەو کۆمیسیۆنە پێک بێنم. هەرچەند لەپێشدا هێندێک ئۆرگانی وەک نەخۆشخانە و دەرمانگا و تاق و لۆق مەدرەسە و بەندیخانە هەبوون، بەڵام بە سیستم نەکرابوون و زیاتر بە سەلیقەی شەخسی کارەکان دەکرا. نووسەری ئەو دێڕانە لە ماوەیەکی کەمدا گەڵاڵەی چلۆنایەتیی بەڕێوەبردنی ئەو کۆمیسیۆنەی ئامادە کرد کە پاش تێڕوانینی پێویست پەسند کرا. ئەو کۆمیسیۆنە بەپێی گەڵاڵە و ئاییننامە لە حەوت بەش پێک هاتبوو کە بریتی بوون لە: ١- کۆڕی پەروردە و فێرکردن ٢- قەزایی ٣- شەهیدان ٤- دەرمانی ٥- بەشی شوڕاکان ٦- زەوی و زار ٧- ڕێگەوبان. لە ماوەی یەک- دوو مانگدا بۆ هەرکام لەو بەشانە سمیناری بەرین بە بەشداریی کەسایەتیی پسپۆر و زانستی و بەئەزمووون پێکهاتن و بیروڕایان لە بەرچاو دەگیرا و هەروەها بە لەبەر چاوگرتنی یاساکانی پێشووی حکوومەتی و نەریتە باشەکانی کوردەواری و هەلومەرجی ئەوکاتی کوردستان بە تایبەتی بەشە ڕزگارکراوەکەی گەڵاڵەیەک ئامادەکراو بە دوای پەسندکردنی لە لایەن دەفتەری سیاسییەوە بە کردەوە پیادە کرا. دیارە لە بنەڕەت ڕا ئەوانە هیچکام کاری حیزب نەبوون، بەڵام لە لایەک هەڵوێستی نابەرپرسانە و دوژمنکارانەی ڕێژیم و بە تایبەتی شەڕ پێفرۆشتن و گەمارۆ هەمەلایانەکانی، لە لایەکی دیکەوە فیداکاری و ئامادەیی ئەو خەڵکە بێبەش کراوە لە هەموو مافەکانی، ئەوەی دەخواست کە حیزب گرفتەکانیان پاشگوێ نەخا، دەبوو لە لایەک بە هێزی پێشمەرگە تا ئەو جێگایەی دەتوانێ بەرەنگاری دوژمن بێتەوە و نیشتمان بپارێزێ و لە بواری کۆمەڵایەتیشەوە بە دامەزراندنی ئەو کۆمیسیۆنە بە هانایانەوە بچێ. گەڵاڵە پەسندکراوەکانی هەرکام لەو حەوت بەشە ئەوەندە عادڵانە داڕێژڕابوون و پیادەکران کە زۆر جێگەی ڕەزامەندیی خەڵک بوون و ئەوەی کراوە لە زۆر شوێن ئێستاش وەک خۆی ماوەتەوە و بۆ بەڕژوەندی جەماور کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. پێویستە وەبیر خوێنەرانی بەڕێزی بێنمەوە کە لە زۆربەی کۆمیتە شارستانەکان کەس و بەشی تایبەت دیاری دەکران کە وەک بەشێک لە کۆمیسیۆن ئەرکەکانیان بەڕێوە بەرن. بۆ ئەوەی بەپێچەوانەی گەمارۆی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی و خۆدزینەوەی لە دانی بودجەی دیاریکراوی ئەو بەشە لە کوردستانی ئازادکراو و دابین‌کردنی ئیمکاناتی پێویست کارەکان هەرچی باشتر بەڕێوە بچن، بۆ هەر کام لەو بەشانەی باس کران دەورەی تایبەت لە لایەن پسپۆڕانەوە بۆ ئامادەکردنی کادری لێزان دادەندرا و تێکۆشەرانی بە ئیمان بە تایبەت لاوە دڵپاک و دەرس‌خوێن و کورد پەروەرەکانی کوردستان بە هەستی خاوێن و لێهاتوویی و ئیمانی پتەوی کوردایەتی لە هەموو بوارەکاندا پاش تەواوکردنی سەرکەوتووانەی دەورە ئەرکی پێ سپێردراوی خۆیان بەڕێوەبرد. بۆ وێنە لە ماوەی یەک ساڵدا لە بەشی هەرە زۆری کوردستانی ئازاد شوڕاکانی خەڵکی بەشێوەیەکی دێموکراتیک دامەزران و کارەکانیان ڕادەپەڕاند. زیاتر لە ٧٠٠ مامۆستا بۆ دەرس‌گوتنەوەی زمانی کوردی و باقی دەرسەکان بۆ پێڕاگەیشتنی نیزیکەی ١٠-١٢ هەزار قوتابی بە تایبەت لە گوندەکان پەروردە کران. ئەوەندەی من لەبیرمە هەر لە ماوەی ئەو سێ چوار ساڵەدا ئەو کتێبانە بە کوردی ئامادە و چاپکراون، مامۆستا و قوتابی کەڵکیان لێ وەردەگرتن: ١- خوێندنی زمانی کوردی بۆ پۆلی یەک ٢- ئەژمێری یەک  ٣- زانستی ئەزموون ٤-  ئەژمێری دوو  ٥- ژیان و خەبات بۆ گەورە ساڵان  ٦- وەرگێرانی علوومی فارسی بۆ پۆلی ٢ی سەرەتایی لە فاریسیەوە بە کوردی ٧ – چاپ‌کردنی کورتەی زانستی. هەر لەو ماوەدا دەیان کادری دەرمانی لە ژێر دەستی دوکتورە کوردەکان و دوکتور و پەرستارەکانی دوو ڕێکخراوی A.M.i و ڕێکخراوی پزیشکانی بێ‌سنوور بۆ پێڕاگەیشتن بە کاروباری دوو - سێ نەخۆشخانە و نیزیکەی ٢٠ دەرمانگای شۆڕش لە ناوچە ئازاد کراوەکان - ئەو بەشە بێجگە لە عەمەلیاتی پێشمەرگە بریندارەکان و بنەماڵەی کادر و پێشمەرگەکان جێگەی هیوا و ئومێدی خەڵک بوون. چوونکە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە لە خزمەت خەڵکدا بوون. پێم ‌وا نییە خەڵکی ناوچەکان هیچکات خزمەتەکانی نەخۆشخانەی حیزب لە بەیرەم، قالوێ، سوێناس، کانی‌زەرد، دەشتێ، کارێزە، بۆڵێ و کۆیە و شوێنەکانی دیکە لەبیر بەرنەوە. هەروەها بۆ بەشی قەزایی جگە لە پەسندکردنی یاسای سزادانی گشتی، دەیان کادری قەزایی خاوەن بەرپرسایەتی لەژێر چاوەدێریی هاوڕێیانی پسپۆڕدا پەروردە دەکران. بێجگە لە پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی چەند هەزار دیلی شەڕی ڕێژیم لەو ماوەیەدا و ئازادکردنی بەشی هەرە زۆریان؛ کە دەردەکەوت بە چاوبەستراویی و بێ خەبەری فریوی ڕێژیمیان خواردبوو و هاتبوونە شەڕی کورد. پێوەندیی مرۆڤانە و جوانمێرانەی بەرپرسانی بەندیخانە لەگەڵ بەندییەکان بە شێوەیەک بوو کە بە هیچ جۆر لەگەڵ ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی بەراوەرد نەدەکرا. لە بەندیخانەدا جگە لە ڕوون‌کردنەوەی بەندییەکان لەسەر ماهییەتی کۆماری ئیسلامیی و ئاخوندە خوێنڕێژەکان و ئامۆژگاری پێویست، کلاسی کوردی و فارسی و ئینگلیزییان بۆ دادەندرا و ڕۆحی هاوکارییان تێدا بەهێز دەکرا. زۆربوون ئەو بەندییانەی دوای ئازاد بوون دەهاتنە ڕیزی حیزب و دەبوونە پێشمەرگە. هێندێک لەوان گیانبازیشیان کردو شەهید بوون. خەڵک بۆ چارەسەری گرفتەکانی خۆیان ڕوویان لە ناوەندە قەزایی و نوێنەرانی لە کۆمیتەی شارستانەکان دەکرد. قانوونی سزادانی گشتی بۆ خزمەت بە خەڵک و ژینگە دامەزرا بوو. بڕینی دار و لێڕەوار، ژن هەڵگرتن، گەورە بە چووکە بەمێرددان، بەرخوێندانی کچ بۆ برا، بەرتیل وەرگرتن هەموو ئەو نەریتە کۆن و خراپانەی کوردەواریی قەدەغە کرابوو، هەر تاوانێک سزای خۆی بۆ دیاری کرابوو. ئەو بەشەش خزمەتێکی باشی بە کۆمەڵگە بەگشتی و ژنی غەدرلێکراوی کورد بە تایبەتی کرد. کێشەی زەوی و زار کە لە سەرەتای شۆڕشدا وەزعێکی نالەباری پەیدا کردبوو، هەر ئاغا بوو لە ڕەعیت ڕۆدەهات و هێزە چەپ‌ڕەوەکانیش دواتر بە کەیفی خۆیان و بێ بەرنامە دەستیان لەو مەسەلەیە وەردەدا و بە گوریسان زەوییان لە یەکێ دەستاند و دەیاندا بە یەکی تر و ئاڵۆزیی لەسەر ساز دەبوو. حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای موتاڵا و لێکدانەوەی بۆچوونی ئەرباب و ڕەعیت و کەسانی پسپۆڕی ئەو بابەتە بەپێی هەڵسەنگاندنی وەزعیەتی تایبەتیی کوردستان بەرنامەی پێویستی بۆ ئەو ئەرکە داڕشت و خستیە نێو چوارچێوەیەکی ئوسوولی و بەپێی وەزعییەتی هەر ناوچەیەک زەوی و زاری زیاتر لە حەدی نیسابی بەشێوەیەکی عادڵانە بە نێو قەرە و جووتیاراندا بەش کرد. لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران هێکتار زەوی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕشدا دابەش کرا. هێندێک جار مالک بۆخۆی داوای دەکرد با کوڕەکانی حیزب بێن لە گوندەکەی ئەوانیش ئەو کارە بکەن. ڕەنگە زۆر سەیر بێ لە تەواوی ئەو دابەش‌کردنەی زەویدا دوو سکاڵا بە کۆمیسیۆنی زەوی و زار و قەزایی گەیشت کە یەکێکیان بە قازانجی خاوەن مڵک و یەکێکیان بە سودی جوتیار یا قەرەیەک حوکمیان لەسەر درا. بەشی ڕێگەوبان بە سەدان کیلۆمێتر ڕێگای خاکی لەو ناوچە شاخاویانەدا بۆ هاسان کردنی هاتووچۆی گوندیەکان لە ناوچە ئازاد کراوەکان لێدا. هەر بۆ ئەو مەبەستە چەند پردی گرینگ دروست کران یا چاک کرانەوە بۆ نموونە پردی قەڵاتاسیان لە ناوچەی سەردەشت. ئەو پردە زیاتر لە ١٠٠ ساڵی تەمەن بوو، بەڵام سەرەکەی چەپەر بوو. نە لە زەمانی قاجار و نە لە زەمانی پەهلەویدا و نە لە زەمانی کۆماری ئیسلامیدا دەستکاری نەکرا. بەشی ڕێگەوبانی حیزبی دێموکرات بە هیممەتی خەڵک چەپەری کردە چیمەنتۆ. بۆ شەهیدانیش هەواڵی شەهیدبوونیان لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان ڕادەگەیەندرا، ژیانامەیان ئامادە دەکرا و تا کەم بوون ساڵ بە ساڵ لە ڕادیۆ یادیان دەکرایەوە. هەوڵ بۆ کۆکردنەوەی وێنەکانیان دەدرا. جارجار پیشانگای وێنەشیان دادەندرا. یەکەم پیشانگا بەر لە شەڕی سێ مانگە لەلایەن لقی حیزب لە تاران لە شوێنێکی هەڵکەوتوو لە مەیدانی کەنەدی بە ٥٠ تا ٦٠ وێنەی شەهیدانی زەمانی کۆمار و شەهیدانی شۆڕشی ٤٧-٤٦ دانرا و لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ٣٠٠ تا  ٤٠٠ هەزار کەس هاتنە سەردان‌کردن و دوایە هەر ئەو وێنانە بۆ شارەکانی مەهاباد، بۆکان و کرماشان گوێزرانەوە و نوێنگەیان پێدانرا و پێشوازیی گەرمی لێکرا. تا شەهیدەکان کەم بوون و لە ڕۆژهەڵات بووین بەگوێرەی ئیمکان یارمەتییەکی ڕەمزی بە بنەماڵەی شەهیدەکان دەدرا. لە کوردستانی باشووریش بۆ ماوەیەک ئەو بنەماڵانەی بۆ سەردان دەهاتن ئەو یارمەتییە ڕەمزییەیان دەدرایە. یەکەم کتێبی شەهیدانیش لە ساڵی ١٣٦٨ لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ) لە ٤٦٣ لاپەڕەدا بە وێنەی هەزاران شەهید بە ناوی " شەهیدانی نەمری حیزب و گەل" چاپ و بڵاوکرایەوە کە تا ئەوکات هیچ حیزبێکی کوردستانی کاری ئاوایان بۆ شەهیدەکانیان نەکردبوو. هەموو ئەو حەوت بەشەی کۆمیسیۆنی کاروباری کۆمەڵایەتی لە لایەن بەشی نوێنەرانی کۆمیسیۆن لە کۆمیتە شارەستانەکان ڕاپۆڕتی تێکۆشانی مانگانەی خۆیان دەناردەوە ناوەندی کۆمیسیۆن تا ڕادەی چوونە پێشی کارەکانیان دیار بێ و هۆی جێبەجێ‌نەبوونی بەشەکەی دیکەش دیاریی بکرێ و ڕێگە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە. دەتوانین بڵێین دوای کۆمارە ساواکەی کوردستان ئەوە مەیدانێکی کردەوەی دەوڵەتداری بوو کە بە سەر حیزبدا سەپێندرا بوو، بەڵام سەرەڕای کەمی ئیمکانات و نەبوونی پارەی پێویست ئەرکەکان بەباشی و ڕێژەیی بەڕێوە چوون و جێگای ڕەزامەندیی خەڵکی گەمارۆدراوی کوردستان بوون.