کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات، داینەمۆی خەبات و گۆڕانکارییەکانی داهاتووی کوردستان

18:18 - 31 گەلاوێژ 2722

حیزبی دێموکراتی کودستان، ئەمساڵ حەفتاوحەوتەمین مۆمی تەمەنی خۆی دادەگیرسێنێ. لە و ٧٧ ساڵەدا لە زۆر بواردا ڕۆڵی پێشەنگی گێڕاوە و شانازیی بۆ نەتەوەکەی خوڵقاندوە. ئەم حیزبە ساڵی ١٩٤٥ وەک یەکەمین حیزبی پێشکەوتوو لە کوردستاندا بە شێوەیەکی مودێرن دامەزرا و لە یەکەم کۆنگرەی خۆیدا بەرنامەیەکی بۆ سەردەمی خۆی پێشکەوتوو، و ڕێبەرییەکی بەکۆ و ڕێبەرێکی لێهاتووی هەڵبژارد. ڕێبەرێک کە تا ئێستاش پێشەوا و جێگای ڕێزی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی سەرانسەری کوردستانە. حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهێنەری یەکەمین دەسەڵاتی مۆدیرنی کوردی بوو کە نیزیکەی ساڵێک دوای دروست‌بوونی خۆی، بە سەرۆکایەتیی پێشەوای ڕووناکبیر و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و ڕێبەری حیزب، پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا و لە مێژوودا یەکەمین کۆماری کوردستانی بۆ تۆمارکردین. هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستان، خەباتکاری سەرەکی بۆ وەدەست‌هێنانی مافە نەتەوەییەکانمان بۆ یەکەمجار لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە دامەزرا. ئاڵای کوردستان و سروودی نەتەوەیی گەلی کورد بە جۆرێک کە تا ئێستاش بوونە هێمای نەتەوەییمان لە سەرانسەری کوردستان هەر دەسکەوتی ئەم حیزبە بوون. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ هەمو ئەو تەنگ و چەڵەمانەی کە هاتوونە سەر ڕێگای و زۆرجار تا سنووری کەوتن چووە، بەڵام هەموو جارێ هەستاوەتەوە و بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیسان خۆی گرتۆتەوە و بۆتەوە چاکەسواری مەیدان و جڵەوی خەباتی وەدەست گرتوە. هەرچەندە لە قۆناغی جۆراوجۆردا تووشی لێکدابڕان و پەرەوازەیی بووە، بەڵام بە هیممەتی کادرە وردبینەکانی، جارێکی دی ڕیزەکانی خۆی پتەو کردۆتەوە و نەمامەکانی دواڕۆژی خۆی بە ئاوی یەکیەتی پاراو کردۆتەوە و دوژمنانی ناکام هێشتۆتەوە. بێگومان حیزبی دێموکرات لەو ماوە دوور و درێژەدا و لەنێو تۆفانی ئەو هەمووە دژواری و نەهامەتییانەی بەسەر خۆی و گەلی کورددا هاتوە، ڕەنگە لە هێندێک قۆناغدا تووشی هەڵەی تاکتیکیش بووبێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شانازییەکی گەورە بۆ ئەو حیزبە خوشەویستەی گەلی کورد ماوەتەوە، ئەویش ئەوەیە کە هەرگیز و لە هیچ قۆناغێکدا نەبووەتە داردەستی دوژمنان و هیچ کاتێک سەربەخۆیی خۆی لەدەست نەداوە. تەنانەت ئەگەر هەڵەشی کردبێ، لەسۆنگەی کارتێکەریی هیچ لایەنێکدا نەبووە و لە خانەی هەڵەی سیاسی و تاکتیکیدا خۆی دیوەتەوە، یا لەلایەن هێز و لایەنی دیکەڕا و بە هۆی هەلومەرجی نالەبارەوە بەسەریدا سەپاوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان هەرچەند لە تەمەندا ساڵانێکی تێپەڕاندوە، بەڵام لە بۆچوون و گوتاردا هەمیشە ڕوحێكی زیندووی بووە. ئەو حیزبە هەرچەند لەنێو گیر و گرفتی جۆراوجۆردا ماندوو دیارە، بەڵام ئیمکانات و ئێنێرژیی گەشەکردن و پێشکەوتنی هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا کە بنەماڵەکەی لێکترازانی پێوە دیار بووە، بەڵام ویست و پتانسێلی کۆکردنەوەی نێوماڵی خۆی و بەرهەم‌هێنانی یەکیەتی و پتەوکردنی ڕیزەکانی خۆی و نەتەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەمیشە هەبووە. خۆشەویستیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەنێو جەماوەری خۆیدا دەتوانم بڵێم بێ‌وێنەیە. لە سەرانسەری جیهاندا حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان بە ڕۆژ و بە مانگ و ساڵ لەژێر تاقیکردنەوەی بەدەنە ولایەنگران و کۆمەڵانی خەڵک‌دان و زۆر جار بە هەڵەیەکی سیاسیی بچووک ئەوەندەیان لێ دەوەرێ کە بەتەواوی لاواز دەبن و کەمتر حیزبیش هەن لە ماوەی پەنجا ساڵدا بە تەواوی نەتوابنەوە. بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دوای حەفتاوحەوت ساڵ تەمەنیش، هێشتا جێگای هیوای ئەندامان، لایەنگران وکۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا خاوەن‌ پێگە و خۆشەویستە. ئەو خۆشەویستییەی حیزب لەبەر ئەوە نییە کە لە ژیانی سیاسیی خۆیدا هیچ هەڵەیەکی نەکردوە، بەڵێ حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەت لەنێو ڕیزەکانی خۆیدا چەند جارێک هەڵەی کوشندەشی کردوە کە ترازان و لێکدابڕانی ڕیزەکانی لێ کەوتۆتەوە. هەروەها لە مێژووی خۆیدا تووشی ڕکەبەریی ناسالم و کێشەی لاوەکی و نەخوازراو لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوی دیکەش بووە. یان لە بەرامبەر دوژمنانی گەلەکەماندا تووشی کەمتەرخەمی و بێ‌موبالاتی بووە کە زیانی قەرەبوونەکراوی پێ گەیاندوە، بەتایبەت بە لە دەستدانی ڕێبەرانی گەورەی وەک پێشەوا، قاسملوو و شەڕەفکەندی. بەڵام مێژووی حیزب لەژێر ڕێبەری و گیانبازیی سەردەمی کۆماردا، لە جووڵانەوەی ٤٦-٤٧ و سەرهەڵدانەوەی حیزب بە ڕێبەریی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی و هەزاران کادر، پێشمەرگە و ئەندام و دەیان هەزار لایەنگر بەدەست هاتووە. حیزب لە مەیدانی کردەوەدا سەلماندوویەتی کە هیچ کاتێک دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرێ و هیچ کاتێک پشت لە قازانجەکانی نەتەوەکەی ناکا، نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە سەرانسەری کوردستانی دابەشکراودا تەنانەت بە قوربانی‌کردنی ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانیشی، هەر پارێزەری دەسکەوتەکانی نەتەوەی کورد دەبێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دوو قۆناغی مێژووییدا گەورەترین حیزبی کوردستانی و دەسەڵاتداری ناوچەی خۆی بووە. هەم لە سەردەمی کۆماردا و هەم بۆ ماوەی شەش ساڵ لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران. لە هەردووک ئەو قۆناغانەدا ئەوەندەی لە توانایدا بووبێ، یارمەتی بە خەباتکارانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کردوە. هەرچەند لە هەردووک قۆناغەکەدا لەژێر فشاری شەڕێکی خوێناوی لەلایەن دەوڵەتی ناوەندی ئێراندا بووە، بەڵام بە هێج شێوەیەک ئامادە نەبووە بۆ دابین‌کردنی پێداویستییەکانی سات‌وسەودا بە مەسەلە نەتەوەییەکەوە بکا و بچووکترین زیان بە بەشەکانی دیکەی کوردستان بگەیەنێ. بەپێچەوانەوە زۆر جار لە مێژووی خۆیدا، قازانجەکانی کاتیی خۆی فیدای پاراستنی پرەنسیپە نەتەوەییەکان کردوە. تەنانەت لە مێژووی تازەشیدا کە ڕێبەرایەتییەکەی بەناچاری لە باشووری کوردستان جێگیر بووە، هەمیشە هەوڵی داوە تەنانەت ئەگەر بۆخۆی زیانیشی پێ گەیبێ، دەسکەوتەکانی هەرێمی باشووری کوردستان بپارێزێ و ئەوەندەی دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ گەشەپێدانی ئەو دەسکەوتانە و یارمەتیدەر بێ بۆ ئاشتی و تەبایی نێو هێزە کوردستانییەکان. کەواتە لە باری مێژووییەوە دەتوانین شانازی بە حیزبەکەمانەوە بکەین. مێژووی خاوێن بناغەیەکی باشە بۆ ئەوەی داهاتووی لەسەر بنیات بنێی. بەڵام بەس نییە بۆ ئەوەی کە لە ڕەوتی بەرەوپێش‌چوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی وەدوا نەکەوی. بەس نییە بۆ ئەوەی خەباتەکەت بە جەماوەری بکەی و مافەکانت بەدەست بێنی. گرفتی ئێمە ئەوەیە کە لەنێو ئەو مێژووە جوانەدا گیرمان کردوە و زۆرتر بە مێژووەکەمانەوە خۆ ڕادەنێین. شانازی بە ڕابردوومان و پشت‌بەستنی لە ڕادەبەدەر بە ئەنجامی خەبات و گیانبازیی ڕێبەرانی شەهیدمان، نابێ ئەوەندە غافڵمان بکا کە بۆ داهاتوو لە بیری پلان و بەرنامەدا نەبین. پێویستە بەپێی هەلومەرج بەرنامەمان بۆ داهاتوو هەبێ، چونکی چەقی خەباتی ئێمە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە بەردەم ئاڵوگۆڕی قووڵی سیاسی‌دایە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تا دێ زیاتر لە زەلکاوی پاشماوەی جینایەتەکانیدا نوقم دەبێ. بەرهەمی چل‌وسێ ساڵ سەرکوت و ئیعدام، ئاژاوەگێڕی لە ناوچەدا و دژایەتی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، میلیتاریزەکردنی کوردستان و برەوپێدانی تیڕۆڕیزم لە ناوچەدا، کۆمەڵکوژیی زیندانییان و تیڕۆڕی ڕێبەرانی سیاسیی کوردستان و ئێران و چەکدارکردنی گرووپە تیڕۆڕیستییەکان و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، بەرنامەی مووشەکی و پەهپادی و هەوڵدان بۆ نائەمن‌کردنی شاڕێی گواستنەوەی وزە و پەترۆڵ لە کەنداو، وەلانانی ئابووریی سەردەم و دەستبەسەرداگرتنی سوپای پاسداران بەسەر هەموو ڕەگەکانی ئابووری ئێراندا و لە کۆتاییدا برسی‌کردنی زیاتر لە شێست لە سەدی دانیشتووانی وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێران، کارێکیان کردوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چ لە نێوخۆی ئێراندا و چ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چ لە ڕاددەی دنیادا، ببێتە ڕێژیمێکی قێزەون، مەحکووم و ئیزۆلە بوو. گومان لەوەدا نییە کە ڕێژیم لە نێوخۆیدا بە ڕادەیەک لە داڕمان نیزیک بۆتەوە کە تازە زۆر دژوارە بتوانێ خۆی کۆ کاتەوە و چارەسەری ئێزۆلەبوون، ناکارابوون و دواکەوتوویی خۆی بکا و ڕووخانی ڕژیم تەنیا بەستراوەتەوە بەوەی کە ئاڵتەرناتیڤێکی گۆنجاو لەگەڵ پێکهاتەی فرەنەتەوەیی ئێران و شوێنی ژیئۆپۆلیتیکی ئێران درووست ببێ. لە هەلو مەرجێکی ئاوادا پێویستە ئێمە خۆمان بەڕۆژەڤ بکەیەنەوە، بەرنامەمان بۆ داهاتوو هەبێ و پێش ئەوەی ڕێژیم بڕووخێ، بنچینەکانی دەسەڵاتی خۆییمان لە کوردستان دیاری کردبێ. ئەوەش تەنیا بە بەرنامەی هەر حیزبەی کە ئامانجەکانی دواڕۆژی خۆی تێدا دیاری کردوون و زۆرجاریش ناتەبایی لەنێوان بەرنامەی حیزبەکاندا هەیە، جێ‌بەجێ نابێ. ئێمە وەک کوردی ڕۆژهەڵات پێویستە بەرنامەی هاوبەشمان بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێ. لە کاتی پێکهاتنی هەر ئاڵوگۆڕێکدا پێویستە دەستبەجێ بە هاوکاریی یەکتر بەرنامە گشتییەکە بۆ کوردستان پیادە بکەین و بۆ دەوڵەتی ناوەندیی خۆمان بکەینە ئەمری واقیع. نابێ مەسەلەکەمان بسپێرین، بە دێموکڕاسی، وادە و بەڵێنی دەستووری و ڕەئی خەڵکی سەرانسەری ئێران. نابێ بەدیار ئەوەوە دانیشین دیسان زنجیرەیەک لە وتووێژ و کات‌کوشتن دەست پێ بکاتەوە تا دەوڵەتی ناوەندی خۆی دەگرێتەوە و دیسان هێرشمان بۆ دێنێتەوە. ئێمە دەبێ دەست بکەین بە نێشاندانی دەسەڵاتێکی کوردیی پێشکەوتوو و ڕاست و زەحمەتکیش بۆ نەتەوەکەمان. پێویستە بەر لە هەموو شتێک یەک بگرین و هەموومان پێکەوە تەنیا بە ئامانجی خزمەتکردن ڕێک بکەوین و نیشانی کۆمەڵانی خەڵکی خۆمانی بدەین کە هەموو زەحمەت و خەباتی چەند ساڵەمان تەنیا و تەنیا بۆ خزمەت بە ئەوان بووە و دادپەروەری لە دابەشکردنی ئیمکاناتی وڵاتدا لە سەرووی هەموو شتێک دەبێت. پێویستە لە ئێستاوە هەوڵ بدەین کە پێشمەرگە بە گشتی ببێتە هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو. بەرەو درووست‌کردنی هێز و دەسەڵاتی حیزبی نەڕۆین، بەڵکو هەوڵ بدەین دامەزراوەی نیشتمانی لە هەموو بوارەکاندا بەرهەم بێنین. پێویستە گیروگرفتەکانی خۆمان بە ڕێگای جێگیرکردنی دێموکڕاسی ڕاستەقینەدا، کە تێیدا هێزی قانووندانان و ئیجڕایی بە ئیرادەی گەل هەڵدەبژێردرێن و هێزی قەزایی بەتەواوی سەربەخۆیە، چارەسەر بکەین و لە دژی یەکتر سەنگەر نەگرینپ نە سەنگەری چەکدارانەو نە سەنگەری سیاسی. بۆ وەدیهاتنی هەموو ئەو ئامانجانە بوونی حیزبێکی دێموکراتی بەهێز و یەکگرتوو، پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە. بۆیەشە کە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات و یەک‌خستنەوەی وزەی خەباتگێڕیی دێموکراتەکان گوڕوتینێکی باش بە خەباتی حیزبە خۆشەویستەکەمان دەدا و دەشبێتە کۆڵەکەیەکی بەهێزی بەرەی یەکگرتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بە دڵنیاییەوە حیزبی دێموکرات دەبێتە داینەمۆی یەکگرتوویی بۆ هێزە سیاسیەکانی دیکەش.