کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تایبەتمەندییە نەتەوەیی-دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکرات

18:20 - 31 گەلاوێژ 2722

بۆ ناسین و شرۆڤەی هەر جووڵانەوەیەکی سیاسی خەباتگێڕ لە چوارچێوەی دیاردەناسیی سیاسیدا دەبێ تایبەتمەندیی کات و شوێن و چۆنیەتی خوڵقانی ڕووداوەکان ئاوێتە لەگەڵ جۆری ڕوانگە و عەقڵییەتی ڕێبەرانی ئەو جووڵانەوەیە لەبەرچاو بگیردرێ. ئەم شێوە ناسینە دەگەڕێتەوە سەر پێناسە و فەلسەفەی وجوودی ئەو شۆڕشە و لە خوێندنەوەی مێژووی حیزبی دێموکراتدا کە نزیک بە هەشت دەیە پێشەنگایەتیی جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردوە، بە دڵنیاییەوە ده‌بێ تایبەتمەندییە پادمانییەکانی وەکوو مەسەلەی نەتەوایەتی و مەسەلەی دێموکرات بوونی بۆڵد بکرێت. لە پێکهێنانی هەر جووڵانەوەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی بزۆتنەوەدا، پرسیار ئەوەیە بۆچی و چ بارۆدۆخێک بۆتە هۆی پێویست‌بوونی ئەو جووڵانەوەیە. هەموو جۆر ئاڵوگۆڕێک لە ڕوانگە سیاسییەکاندا بە مەبەستی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات  لە دوو کاناڵەوە سەرچاوە دەگرن: دژکردەوە لە ناوخۆی دەسەڵات و دژکردەوە لە دەرەوەی دەسەڵات. دژکردەوەی خەبات لە نێوخۆ دێتەوە سەر بەتاڵکردنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی حاکم و تا بنەبڕکردنی ئەو پێکهاتە بەردەوامە، بەڵام لە دژکردەوەی ڕوو لە دەرەوە خەبات لەدژی داگیرکاریدا دێتە ئاراوە. لەم دۆخەدا وڵاتی داگیرکراو لەژێر گوشاری مەترسییەکانی داگیرکاریدا دژکردەوەیەکی توندوتیژ بەرەوڕووی خەباتێکی ناچارکراو دەکاتەوە. لەم دۆخەدا بەگشتی لەڕوانگەی ڕزگارکردنی وڵات لە چنگی داگیرکەران هەموو بزۆتنەوەکان ڕێک دەخرن و زۆربەی بەرەنگاربوونەوەکان دێنە چوارچێوەی بیروباوەڕ و ڕوانگەی ڕزگاریخوازانەوە. زۆربەی بابەتەکان ڕەنگ و ڕواڵەتی وڵاتپارێزی و هۆگربوون بە خاک و نیشتمان دەگرنە خۆیان و زۆربەی هەوڵدان و تێکۆشانەکان لە بەرنامەی کاری خەباتێکی ڕادیکاڵدا جێ دەگرێت. ڕوانگەی دژکردەوە لە نێوخۆی وڵات بۆ ڕزگاری لە دەست دەسەڵاتی حاکم زۆرتر سیمای خەبات و تێکۆشانەکان بۆ سەربەخۆیی لەخۆ دەگرێ کە ئەم سەربەخۆییە بە ئامانجی ڕزگاربوونە لە دەست زوڵم و هەڵاواردنەکانی دەسەڵاتی لە جنسی ناوخۆی ئەو وڵاتە نەک مەترسییەکانی وڵاتانی داگیرکەر، بۆ نموونە بزووتنەوەی کاتالاییەکان و ئیرلەندییەکان، بەڵام دژکردەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی دابەشکردنەکانی جوگرافیای کوردان لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە لە نێوان چوار وڵاتدا زور ئاڵۆزترە و میللەتێک لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا دەبوا بۆ هەر پارچەیەک شێوەیەکی جیاواز لە ڕێکخستن و خەباتی بەڕێوە بردبا و هەر بۆیە لە هەرکام لەم پارچانەدا دەستی کرد بە دامەزراندنی حیزب و گەلی لێکدابڕاوی کورد خەباتی هۆویەتخوازانەی خۆی لە هەمبەر چوار وڵاتی داگیرکەردا ڕاگەیاند و بزووتنەوەکان بە تایبەتمەندییە جیاوازەکانی خۆیانەوە دەستیان کرد بە تێکۆشان. شێوەی خەبات و میتۆدی خەباتی سیاسی گەلی کورد هاوتەریبە لەگەڵ ئاڕاستە و پارادایمی حیزبەکان بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەمەش گرنگایەتی خۆی هەیه چونکوو بابەتی دێموکراسی و دێموکراسی‌خوازی وەکوو ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر بۆ گەیشتن بە خواستە نەتەوەییەکانی میللەتی کورد لە بەرنامەی کاری ئەم حیزبەدایە و نزیک بە هەشت دەیە وەکوو ڕێساویاسای ئەو حیزبە چاوی لێ دەکرێ. نەتەوەیی بوون و دێموکراتیک بوونی پێکهاتەی سیستەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبێ لە دوو لایەنەوە چاوی لێ بکرێ. یەکەم، ئەو کاتەی باسی خەباتی نەتەوەیی/هۆویەتی - دێموکراتیکی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان بەره‌وڕووی ئەم حیزبە دەبێتەوە، دەبینین هەڵوێستی ڕوون و پشتگیرییەکان لە هەموو ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی حیزبی دێموکراتدا بە بەڵگەوه دێت و دیارە و هۆکاری ئەم هەڵوێست گرتنەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە مەسەلەی کورد وەکوو نەتەوەیەکی بێ‌دەوڵەت لە هەر جوگرافیایەک و لەژێر فەرمانی هەر دەوڵەتێکدا خاوەنی تایبەتمەندییە هاوشێوە و بنەماییەکانی خۆیەتی و ئەم تایبەتمەندییانە چ لە ڕووی زمانی و چ لە ڕووی جۆراوجۆری بەرفراوانی فەرهەنگییەوە، لە هەموو شوێنێکدا بە خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانە دەڵێن کورد. سەرەڕای هەموو سیاسەتە نگریس و زوڵمە مێژووییەکان و پیلانە ڕەشەکانی دوژمنانی دوور و نزیکی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تێکەڵاوییە فەرهەنگییەکان و هاوهەستییەکان بۆ هێما نەتەوەییەکان لە هونەرە جۆراوجۆرەکان و تەنانەت پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کوردان لە پارچەکانی کوردستان و تەنانەت لە وڵاتانی دوورتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێ کە کوردەکان فاکتە سەرەکییەکانی بە نەتەوەبوونیان پێوە دیارە و هۆکاری لێک‌بڵاوییەکەیان پێوەندی بە سیاسەتە بەرژەوەندیخوازانەکانی دەرەوەی کوردستانە نەک بارودۆخی ناوەوەی کوردستان. ڕەهەندی سیاسی لە هەڵسوکەوتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئینتما هۆوییەتییەکەیەوە سەرچاوە دەگرێ و ڕەهەندی نەتەوەخوازییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لەبەرچاوگرتنی مافی نەتەوەکانی دیکەی نێو جوگرافیای سیاسی ئێران و ڕەنگدانەوەی لە ڕەفتارە سیاسی و خەباتە ڕەواکەی ئەم حیزبەدا. داڕشتنی سیاسەتی حیزبی دێموکرات لە چوارچێوەی چالاکییە خۆجێییەکانیدا لە دروشمی ستراتژیکی حیزبدا (دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتی فیدراڵدا) بەتەواوی ڕاڤەکردنی خواستی کوردەکانە لە جوغرافیای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە شێوەیەکی گشتگیر بۆتە پێشاهەنگی بزووتنەوەی میللی کوردەکان. بابەتی دێموکراسی لە بەرنامەی کاری حیزبی دێموکراتدا خواستی پێشکەوتووی زەینییەتێکی کراوەی ڕوانگەی ئەم حیزبەیە بە لەبەرچاوگرتنی دوو لایەنی زۆرینە و کەمینە و پێناسەکردنی ئەرکی زۆرینە لەهەمبەر کەمینە و تێگەیشتن لە ڕاڤەکردنێکی گەشەپەسەند و جێگیر لەسەر دوو کۆڵەکەی ئازادی ڕادەربڕین و تەرخانکردنی دۆخێک کە تێیدا بەشداری کەمینە لەلایەن زۆرینەوە بە لەناوبردنی هەموو جۆرە حاشالێکردنێک سەقامگیر بکرێت. ڕەنگە گەیشتن بە دێموکراسی و دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە ئارمانێکی ئایدیاڵ بێت و گومان لەوەی کە خودی وڵاتانی دێموکراتیک بە گیروگرفتەکانی دێموکراسییەوە گلاون کرابێتە دارەدەستی ڕەخنەگران، بەڵام ڕەخنەگرانی نێو وڵاتێکی وەکوو ئێران مافی ئەو ڕەخنەگرتنەیان پێ نادرێ چونکوو لە وڵاتێکدا دژین کە دێموکراسی بە ڕواڵەتیش تێیدا تاقی نەکراوەتەوە! باوەڕی دێموکراتیک و دێموکراسی‌خوازی پێویستی بە پێکهێنانی فەزایەکی کراوە و بەستێنێکی گونجاوی دامەزراندنی سیستەمی دێموکراتیک هەیە. ئەو شتەی لە وڵاتانی دێموکراتیکدا دەیبینین لە ئەنجامی پڕۆڤە و ڕاهێناندا هاتۆتە دی، کەوابوو دەبێ سیستەمێکی دێموکراتیک بێتە ئاراوە کە توانای بەڕێوەبردنی ئەقڵانییەتێکی دێموکراسیخوازانەی هەبێت بۆ گەیشتن بە فەزایەکی ڕەخنەگرانە، نە ئەوەی کە لە بەستێنی ئایدۆلۆژیایەکی سەرپەرەشتیارانەی ویلایەتی فەقیهـ، دێموکراسی بدرێتە بەر تۆپ. حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئاوەها فەزایەکی گونجاو، باوەڕی بە پلۆرالیزمی سیاسی هەیە، ئەم دێموکرات بوونەش لە حیزبدا دەتوانرێ بەم شێوە پێناسە بکرێت: حیزبی دێموکرات هەر شتێکی لە چوارچێوەی خواستی سیاسی نەتەوەی کورددا ویستبێت هەر ئەو شتەشی بۆ باقی ئتنیک و نەتەوە و تەنانەت گرووپە سیاسییەکان وەکوو بنەمایەکی دێموکراتیک و نەگۆڕ قەبووڵ کردوە.