کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندا بەزێنەکانی ئێمە (حەبیبوڵڵا لەتیفی)

18:23 - 31 گەلاوێژ 2722

تێچووی چالاکیی سیاسی لە کوردستان بۆ چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی ئێران وەک یەک نییە. زۆرترین ئێعدامەکان، زۆرترین گرتن و دەسبەسەرکردنەکان، زۆرترین ئێعدام و زۆرترین کەشی سەرکوت و زەبروزەنگ لە ٤٤ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ڕێژیمەوە لە کوردستان و لە دژی جووڵانەوەی سیاسیی کورد کراون. هەموو ئەو زەبروزەنگ و بردنەسەرێی تێچووی چالاکیی سیاسی بۆ ئەوە بووە کە پێشی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردی پێ بگیردرێ. بەڵام مێژووی قوربانیدانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد و هەروەها خۆڕاگریی بەندییە سیاسییەکانی کورد پێمان دەڵێ ئەوەی چۆکی لەبەردەم ویست و ئیرادەی ئەویدی داداوە، ڕێژیم و دەزگای سەرکوت و داپڵۆسینی بووە. لە ستوونی "زیندان‌بەزێنەکان"ی ئەم ژمارەیەی "کوردستان"دا باسێک لە پەروەندەی حقووقیی حەبیبوڵڵا لەتیفی، بەندییەکی دیکەی سیاسیی کورد دەکەین کە بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و لەسۆنگەی چالاکیی سیاسی دژی ئەو ڕێژیمەوە سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە و ئێستا ماوەی ١٥ ساڵە لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەدا بەند کراوە. حەبیبو‌ڵڵا لەتیفی کە ئێستا تەمەن ٤٢ ساڵە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا خوێندکاری زانکۆ بوو. بنەماڵەی "حەبیبوڵا لەتیفی" بنەماڵەیەکی ناودار و ناسراوی شاری سنەن و، باوکی حەبیبوڵڵا ڕێز و حورمەتی تایبەتیی لەنێو هەموو چین و توێژەکانی ئەو شارەدا هەیە. حەبیبو‌ڵڵا ڕۆژی ١ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کاتێکدا کە خوێندکاری کۆتا ساڵی خوێندنی بەشی ئەندازیاریی پیشەسازی لە زانکۆی ئیلام بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا. پاش سێ مانگ بەندکرانی لە سللوولی تاکەکەسیی گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری سنەدا، لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنەدا تۆمەتی ئەندامەتیی پارتی ژیانی کوردستان (پژاک)ی درایە پاڵ و بە تاوانی "محارب" و "فەساد لەسەر عەرز"ی بەسەردا ساغ کرایەوە و لەو سۆنگەیەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. بەپێی ئەو پەروەندەیەی لە دژی حەبیبوڵڵا دروست کرابوو، ناوبراو لە تەقینەوە دەنگییەکانی مەیدانی ئازادیی سنە لە ساڵی ٨٦ و بۆمبڕێژکردنی ئۆتومبیلی دادستانی سنەدا دەستی بووە و لە پەلامار بۆ بنکەیەکی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارەدا بەشداریی کردوە. بەڵام هادی قائیمی، وتەبێژی کەمپینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ئێران بە پشتبەستن بە قسەکانی پارێزەری حەبیبوڵڵا (نیکبەخت) بە مێدیا جیهانییەکانی ڕاگەیاند کە هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە لە پەروەندەکەدا نەبووە و ئەوە تەنیا ئیدیعای ناوەندە ئەمنییەتییەکانە و دادوەری پەروەندەکەش ناچار بووە ئەو سزایەی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستنیشان کراوە، وەک خۆی بەسەر ناوبراودا بسەپێنێ. حوکمی ئێعدامی حەبیبو‌ڵڵا لە هاوینی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاویدا بە ناوبراو ڕاگەیەندرا و پاش تانەلێدانی پارێزەری حەبیبوڵڵا لەو بڕیارە پەروەندەکەی نێردرایە دادگای پێداچوونەی پارێزگا و، هەر لە زستانی ئەو ساڵەدا سزای لەسێدارەدانی بەسەرداسەپاوی ئەو وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەر حەبیبو‌ڵڵا لەلایەن دەستگای دادی کۆماری ئیسلامی لە کاتێک‌دایە کە ئیلهام لەتیفی، خوشکی حەبیبو‌ڵڵا لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەری و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدا ڕایگەیاندبوو، کە براکەی تەنیا چالاکی فەرهەنگی و مافی مرۆڤی بووە و، کەسێک کە لەم بوارانەدا هەڵسووڕانی بێت، ناتوانێ بۆمب دانێتەوە یان لەدژی خودا ڕابێت. سەپاندنی سزای ئێعدام بەسەر حەبیبو‌ڵڵا لەتیفی لە کاتی خۆیدا شەپۆلێکی بەرین لە ناڕەزایەتییەکانی چالاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە نێوخۆ و لە درەوەی وڵات بەرەوڕوو بۆوە. ئەو ڕێکخراوانە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییش یەک لەوان بوو، لە چەند ڕاگەیەندراوی ڕەسمیدا تانەیان لە داگای نادادپەروەرانەی حەبیبوڵلا دا و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراو بوون. هەر ئەوکات خوالێخۆشبوو مام جەلال تاڵەبانی، سەرکۆماری ئەوکاتی عێڕاق لە سەردانێکیدا بۆ ئێران کە بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی کردبووی، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی دەستگای دادی کۆماری ئیسلامیدا پرسی سزای ئێعدامی حەبیبو‌ڵڵا لەتیفیی هێنایە بەرباس و خوازیاری ئازادکردنی بوو. بەمجۆرە بە نێوبژیوانیی مام جەلال و پاش هەڵمەتێکی بەرین و بەردوامی گوشار و ناڕەزایەتییەکان بەو حوکمە، سزای سێدارەی حەبیبو‌ڵڵا پاش ١٠ ساڵ لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز ١٣٩٦ی دوای پێداچوونەوەی سەرلەنوێ بە پەروەندەکەی بە پلەیەک داشکان بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدرا. حەبیبوڵڵا لەتیفی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ساڵانێک له‌ مافی سه‌ردان‌ و چاپێکه‌وتنی بنه‌ماڵه‌که‌ی بێبه‌ش کرابوو، له‌ نێو زیندانیشدا ڕێگەی پێ نەدەدرا كەلك لە ئیمکاناتی وەرزشیی نێو زیندان وەرگرێ. ئەوە بوو کە دوای داشکانی حوکمی ئێعدامی حەبیبوڵڵا لەتیفی ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو (١٤٠٠ هەتاوی) ناوبراو پاش ١٤ ساڵە مانەوەی بەردەوام لە زیندان و بێبەش‌بوون لە مافی مەرەخسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بەهۆی توشبوونی بە چەند نەخۆشییەکی قورس کە چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانەی زیندان ئیمکانی نەبوو؛ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ئەویش بە دانانی بارمتەی قورسی نێردرایە مەرەخەسی. زیندانیی سیاسی بەتایبەت بەندیی سیاسیی کورد لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا خاوەنی کەمترین ماف نین. کۆماری ئیسلامی وەک نەیار و دوژمنی قەستەسەر چاو لە زیندانیی سیاسی دەکا و هەوڵ دەدا بە هەموو  جۆرێک لەگەڵ دنیای دەرەوە دایانبڕێ. لەو نێوەدا ئەرکی کۆمەڵگە و بەگشتی ڕووناکبیر و چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کۆمەڵگەیە کە خاوەندارەتیی لە پرسی بەندکراوانی سیاسی و ئەو مرۆڤە لەخۆبووردووانە بکەن کە ژیانیان لەپێناو پرسەکانی کۆمەڵ داناوە. کۆمەڵگە نابێ زیندانیی سیاسی و بنەماڵەکەی لەبیر بکا و، هەروەها چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەبێ بەردەوام سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت بەندکراوانی سیاسی لەقاو بدەن. زیندانییانی سیاسی نابێ هەست بە تەنیامانەوە بکەن. ئەوان دەبێ ئەو دڵنیاییان هەبێ کە گەلێک و خەڵکێکیان بەتەواوی لەپشتە.