کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (مەلا سمایل کوردنژاد)

18:28 - 31 گەلاوێژ 2722

  له‌و کوردستانه‌ پان‌ و به‌رینه‌دا‌ زۆر بنه‌ماڵه‌ی فیداکار به‌رچاو ده‌که‌ون که‌ له ‌هه‌موو ته‌مه‌نیان ساتێک خۆشییان نه‌دی. ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شێوەی حوکمڕانی و ده‌سه‌ڵاتداری به‌سه‌ر وڵاته‌که‌ماندا. چونکی نه‌ته‌وه‌‌ته‌که‌مان‌ له‌ ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه‌ به‌ ناخۆشی ‌و دوور له‌ خۆشییه‌کانی ژیان فرچکی‌ گرتووە و زۆردارانی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ر له‌ ڕۆژه‌کانی یه‌که‌مه‌وه‌ نه‌یانهێشتوه‌ سه‌ری به‌رز کاته‌وه.‌ که‌وابوو‌ زۆر ئازایانە به‌درێژای مێژوو به‌ربه‌ره‌کانێی له‌گه‌ڵ ملهوڕان‌ و زۆرداران کردوه‌. چونکی تا ناعه‌داڵه‌تی له‌ نێو کۆمه‌ڵگەدا هه‌بێ خەبات بۆ به‌خته‌روه‌ریی ژیان ‌و سه‌ربه‌ستیی مرۆڤه‌کان درێژەی هەیە. مه‌لاسمایل کوردنژاد یه‌کێک له‌و قاره‌مانانه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام دژی زۆرداری وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و لە گۆشەی هەگبەی "شۆڕش و شاخ"ی ئەمجارەماندا یادێک لە ناوی دەکەینەوە. تازە دەرەبەگایەتی بارگەوبنەی پێچابۆوە کە لە ئاوایی "زمێ" لە ناوچەی شنۆ سمایل چاوی بە دنیا هەڵێنا و، پاشان بە ڕەوڕەوەی دار بەڵالووکەکانی شنۆی دڵسۆز پێی هەڵگرت‌ و ڕەوانەی قوتابخانە کرا. لەو هەلومەرجەی ئەوکات توانی تا پۆلی ٦ی سەرەتایی بخوێنێ ‌و پاشان ڕەوانەی قوتابخانەی ئایینی کرا. هەلومەرجی ژیان وای کرد کە مەلاسمایل کوردنژاد ڕوو لە کاری وەرزێڕی بکا. بەڵام وەک بەژان لەدایک بوو، بەژانیش گەورە بوو، و تامی تاڵی ژیانی ناخۆش لە دەرگای دەسەلاتدارانەوە دەردەکەوت؛ بۆیە ژاندارمەکان بەربینگیان پێ گرتن ‌و بە ناچاری وێڕای بنەماڵەکەی ڕوویان لە کوردستانی باشووڕ کرد. مەلا سمایل و بنەماڵەکەی تا نسکۆی شۆڕشی کوردستانی عێراق لە ساڵی ١٣٥٤ مانەوە و دوایە گەڕانەوە گوندی زمێ ‌‌و خەریکی ژیانی خۆیان بوونەوە. ساڵی‌ ١٣٥٧ی هەتاوی كه‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ست‌پێكردنی‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێران له‌دژی‌ ڕێژیمی‌ گه‌نده‌ڵ ‌‌و بێزراوی‌ پاشایه‌تی‌ بوو، ئه‌ویش وێڕای‌ خۆپێشاندەران بێزاریی‌ خۆی‌ له‌ ڕێژیمی‌ حه‌مه‌ڕه‌زا شای‌ په‌هله‌وی‌ ده‌ربڕی‌. دوای‌ ئه‌وه‌ كه‌ شۆڕشی‌ گه‌لانی‌ ئێران سه‌ركه‌وت‌ و هێزه‌ سیاسییه‌كان تێكۆشانی‌ ئاشكرای‌ خۆیان ده‌ست پێ‌ كرد. ملا سمایل به‌ گوێره‌ی‌ ناسیاوییه‌ك كه‌ له‌سه‌ر حیزبی‌ دێموكڕات هه‌یبوو وه‌ك كوڕه‌ كوردێكی‌ به‌هه‌ست ‌و نیشتمانپه‌روه‌ر ئه‌و حیزبه‌ی‌ وه‌ك وه‌دیهێنه‌ری‌ ئامانجه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ په‌سه‌ند كرد ‌و، بوو بە پێشمەرگەی وه‌فاداری‌ حیزبی‌ دێموكڕاتی‌ كوردستان‌‌. لە ٢١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بە بیستنی هەواڵی شەهید بوونی براکەی (محەممەدی عەلی پیرێژنێ)، سمایلی برای چەکی پڕ لەشانازی برا شەهیدەکەی لەشان کرد و، وەک پێشمەرگەیەکی فیداکار ڕێگای محەممەدی برای گرتە بەر. ئەو زۆر زوو بوو بە خۆشەویستی هەڤاڵەکانی‌ لە هێزی شەهید سمکۆی ئەوکات‌ و قایم وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە سەنگەری خەبات‌ و تێکۆشاندا دژی داگیرکەرانی کوردستان خەباتی دەکرد. ئەو لە ماویەکی کورتدا توانی پلەکانی پێشمەرگایەتی ببڕێ ‌و وەک سەرپەڵ و سەردەستە و پاشان فەرماندەری لکی محەممەد عەلی پیرێژنێ پێ سپێردرا. ملاسمایل دوای کۆنگرەی ٤ی حیزب سەرەتا لەگەڵ تاقمی ٧ کەسی کەوت. بەڵام پاش تێگەیشتن لە نیاز و مەبەستە سەرەکییەکانی ڕێبەرانی ئەو تاقمە نەیتوانێ دەست لەسەر دەست دانێ‌ و بۆیە پێوەندیی بە تەشکیلاتی حیزبەوە گرتەوە. ناوبراو لەنێو شاری شنۆ هەرچی حیزب پێی دەسپارد زۆر ئازایانە بەڕێوەی دەبرد. تازە ٣ مانگ بوو شاری شنۆی دڵسۆز لەلایەن داگیرکەرانەوە داگیر کرابوو کە ئەو لە زستانی ساڵی ١٣٦٠ هاتەوە دەر و لە هێزی ئاگری چەکی قارەمانانی ئەو مەڵبەندەی لە حیزبی دێموکڕاتدا کردەوە شان. ملاسمایل زۆر زوو توانی جارێکی دیکە ئازایەتیی خۆی نیشان داتەوە و ڕوحێکی تازە لەو ناوچەیە بە هاوسەنگەرانی ببەخشی‌. بۆیە بە هۆی لەخۆبووردوویی وەک فەرماندەری لک دیاری کرا. لەو مەسئوولییەتە‌دا زۆر زەبری قورس‌ و بەژانی لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەو ناوچەیە دا و بوو بە فەرماندەیەك کە ئێستاش داستانەکانی پشتاوپشت بۆ یەکتری دەگێڕنەوە. ملاسمایل قارەمانیك بوو وەک محەممەدی برای، هیچ هێزیكی دوژمن خۆی لەبەر نەدەگرت، ناوچەی شنۆ ‌و نەغەدەی لە دوژمن کردبوە گوڕستانێک، بە تایبەتی لە شەڕەکانی ناوچەی نەغدە و قەڵاتان ‌و نێوشاری شنۆ ئازایەتیی مەلاسمایل بوو بەوێری سەرزمانان. ئەو زۆر شەڕی قارەمانانەی دیکە فەرماندەهی کرد لە دزەوبەرازان، لە دۆبڕە و کەلوڕ کە وەک لاپەڕەیەکی پڕشەنگدار لە ئاسمانی خەباتی پێشمەرگەکانی ئەو مەڵبەندەدا دەدرۆشێنەوە. ئەو قارەمانە نەبەزەی کورد گەڵاڵەداڕێژێکی کارامەی نیزامی بوو، ڕۆڵەیەکی هەڵکەوتوو، فەرماندەیەکی بەوەج‌و لێوەشاوەی ناوچەی ورمێ بوو. دەست‌وبردی، کۆڵنەدانی، ورەی بەرزی بەتەواوی مەلاسمایلی کردبووە خۆشەویستی خەڵك ‌و هاوسەنگەرانی. ناوبراو ببووە به‌ فه‌رمانده‌یه‌کی ئازاو بوێر، به‌ جه‌رگ که‌ خۆی ته‌نیا هێزێک‌و له‌ هێزدا وره‌ بەخش‌و له‌ شه‌ڕدا یەک پارچە ئاگر و قارەمان بوو. ڕۆژی ٢ی ڕەزبەری ساڵی١٣٦٣ لە شوێنێک بە ناوی دەشتەکان وێڕای ٥ هاوسەنگەری دیکەی سەر بە کۆمیتەی شارستانی ورمێ دەمێننەوە، کە لەلایەن هێزیكی زۆری ڕێژیم پەلامار دەدرێن. ئەوان وەک هەمیشە کە لە سەنگەری خۆڕاگریدا بار هاتبوون، بەرپرچی دوژمنیان داوە و ئامادە نەبوون سەر بۆ دوژمن نەوی بکەن؛ بەڵکوو تا دوا فیشەک ‌و دڵۆپی خوێن مقاومەتیان کرد و بە داخەوە پاش ٥ سەعات بەربەرەکانی وێڕای ٥ هاوسەنگەری گیانیان پێشکەش بۆ ئازادی نەتەوە زوڵم‌لێکراوکەیان کرد.