کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەقیزەی دەسەڵات و کۆڵمتی چاکسازی‌خوازان

18:30 - 31 گەلاوێژ 2722

بەشێکی زۆر سنوورداری خوێنەران ڕەنگە مانای زۆربەی وشەی نێو ئەم بابەتە بزانن، بەڵام ئەوانەی لە شاران ژیاون و خۆیان لە زمانی کوردییش بەدوور ڕاگرتووە، بە دوور نییه باش لەم وشانە نەگەن. لەبەر ئەمەیە لێرە زۆر بە پێویستی دەزانین دوو وشەی "نەقیزە‌‌" و "کۆڵمت"تان بۆ شی بکەینەوە. لە سەر ئیزنی زمان‌زانانی چازان دەڵێم، "نەقیزە" پارچە بزمارێکی بچووکە هەردوو سەری تیژ کراون و هەتا نیوە دە داردەستێکی باریکیان بڕیوە و نیوە‌ی دیکەی لە سەری داردەستەکە بەدەرەوەیە و بۆ تێکوتان و تێوەژەنین ئامادەیە. "کۆلمت"یش بە شوێنی پێک‌گەیشتنی لای سەرووی هەردوو لینگی مرۆڤ یان ئاژەڵ لە لای دواوە دەگوترێت. بۆ ئەوەی گوێدرێژ یان دوور لە ڕووی ئێوە گوێ‌کورت خۆ نەدەنە تەنەخی و لە ڕێکردنی بەبارەوە خۆ نەبوێرن یان لە قسەی خاوەنانیان دەرنچن، نەقیزە دەخێوێنرێتە کۆڵمتیان و ئەوانیش دەردەپەڕەن و خێراتر ڕێگە دەبڕن و هێندێک جار ڕاستەڕێش دەبنەوە. لێرەدا ڕەنگە پرسیارێک بۆ خوێنەری هێژا قوت بێتەوە و بڵێت باشە نەقیزە و کۆڵمت چ پێوەندییان بە سەردەم و سیاسەتەوە هەیە؟ بۆ وڵامی پرسیاری سەروو، ئەم پرسیارە دادەڕێژمەوە و هەرخۆشم وڵامی دەدەمەوە: ئەدی "نیر" چ پێوەندییەکی بە جیهانی ئەمڕۆوە هەیە؟ لە وڵامدا دەبێ بڵێین "نیر" واتە ئەو دارەیە جووتیاران دەیانخستە سەر ملی دوو "کەڵ"، "کەر" یان "گا" و عارەبانەیان پێ ڕادەکێشا و زەوییان پێ دەکێڵا. بەڵام  ئێستا لە زۆر ڕستەی نێو بابەتی سیاسیدا دەبیستین بۆ وێنە دەڵێن "خەڵک لەژێر نیری زۆرداری‌دایە". دەستەواژەی "نیری زۆرداری" لە ژیانی جووتیارییەوە پەڕیوەتە نێو جیهانی سیاسەت و میاسەت. ئەمجارە دوای ئەوەی بەرچاوی خوێنەری بەڕێزمان سەبارەت به "نەقیزە" و "کۆڵـمت" ڕوون کردەوە، بە "نەقیزە"وە دەچینە خزمەت چاکسازی‌خوازانی نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. چاکسازی‌خوازان یان "ئیسلاح‌تەڵەبان" لەنێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا هەم لەلای شوڕشگێڕان و هەم لەلای دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیەوە بە شێوەی جۆراوجۆر کەڵکیان لێ وەرگیراوە. هەرچەند هەندێک جار شۆڕشگێڕان توانیویانە لە پەنا ئەو درووشم و مرووشمانەی چاکسازی‌خوازان جاروبار داویانە، دۆخەکە بە قازانجی بەرەی شۆڕشگێر بقۆزنەوە و هەندێ هەنگاوی زۆر ورد و سنووردار لەپێناو خەڵکدا بنرێت، بەڵام سوودیان بۆ دەستەڵاتی ئێران شتێکی دیکە بوو. چاکسازی‌خوازی بۆ دەستەڵاتی ئێران دووشەش بووە. بۆیە دەڵێم دووشەش چونکە دووشەش زۆر جار مۆرەیەکی باشه، بەڵام لە هەندێک گەمەدا بە چەشنێک دەتوپێت، لە ملی خاوەنی دەبێتە بارێکی قورس. چاکسازی‌خوازانی نێو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییش هەتا ئەوکاتەی بزاڤی سەوز یان جونبیشی سەوزیان لێ کەوتەوە، نەک هەر لە خزمەت دەسەڵاتی ئاخوندیدا بوون، بەڵکوو ببوونه‌ هۆی کپ‌کردنی بەشێک لە دژبەرانی دەسەڵات و وایان دەنواند دەستەڵات بێ شۆڕش و ڕاپەرین و ڕووخاندن بەرەو چاک‌بوون هەنگاو دەنێت. چاکسازی‌خوازان دوای ئەم بزاڤە سەوز و مەوزە وێڕای بەردەوام‌بوونیان لە خزمەت‌کردن بە دەسەڵات، هەندێک جار دەردی‌سەریشیان دەخوڵقاند. ڕێک لەو سەردمەوە دەسەڵاتدارانی ئێران بە مەبەستی دەمکوت‌کردن و دەرپەڕاندنی ئەم تاقمە‌ی خزمەتکارانیان دەستیان بۆ نەقیزە برد و بەم کارەیان "نەقیزە"شیان وەک "نیر" لە فەرهەنگی بەرەو فەرامۆشیی ژیانی گوندانەوە هێنایەوە ڕۆژگاری نوێ و ڕوحێکی دیکەیان وەبەر نا. دوای ئەوەی چاکسای‌خوازان پاش سەرخستنی مەحموود ئەحمەدی‌نەژاد و خۆپێشاندانی لایەنگرانی کەڕوبی و میرحوسێن مووسەوی، خۆیان چەمووش کرد و بەشێکیان بەئاشکرا لە دەسەڵاتیان بادایەوە، دەسەڵاتدارانی خاوەن هێز ناچار بوون میرزا حوسێن و سۆفی کەرووبی لە ژووری داخراوەدا بخه‌نە ژێر چاودێرییەوە. ئێستا لە کاتێکدا هەموو لایەک دەزانن چاکسازی‌خوازی لەنێو دەسەڵاتی ئێراندا باوی نەما و بۆ هەموو لایەک یانی هەم بۆ لایەنگرانی دەسەڵات و هەم ئەوانەی دژایەتیی دەکەن و بە تەمای لەنێوبردنین و تەنانەت خودی چاکسازی‌خوازانیش دەزانن ئەم ڕیفۆرمخواز و میفۆرمخوازانە شتێکی زیادەن. جا ئێستا سەرانی نیزامی موقدەس لە هەموو لایەکەوە نەقیزەیان تیژ کردوون و خەریکن لە کۆڵمتی ڕیفۆرمخوازانی دەکوتن. ئێستا چاکسازی‌خوازان به مەبەستی پاراستنی کۆڵمتیان لە نەقیزەی دەسەڵاتدارانی ڕەها ناچارن بەسەر دوو تاقمدا دابەش بن. بەشێکی زۆریان واز لە چاکسازی و ماکسازی دێنن و بۆ خزمەتکردن بە دەستەڵات دەستەونەزەر ڕادەوەستن و بەشێکی کەمتریش ڕادەکەنە هەندەران و دەبن بە شارەزای لێکدانەوەی دۆخی نێوخۆی ئێران و کاتی بەنرخیان بە خولەک و سەعاتان بە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامان دەفرۆشن. ئێستا لە کاتێکدا چەمکی چاکسازی‌خوازی دووشەشێکی تۆپیوە، نەقیزە خەریکە ئەم دوو بەشەی دوایی بە دوو ئاراستەی جوودادا بەتەواوی ڕاستەڕێ دەکات.