کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانی کرد

19:13 - 1 خەرمانان 2722

یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە. دەقی پەیامەکە بەم شێوەیە: بەڕێز حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزبی دێموکرات لەژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، پەیامی پیرۆزبایی خۆمانتان پێشکەش دەکەین، حیزبی دێموکرات خاوەن مێژوویەکی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی پڕ لە شانازییە بۆ گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ چەسپاندنی دێموکراسی لە ئێراندا، وەک قوربانییەکی سەرەکی لە گۆڕەپانەکەدا خاوەن هەزاران شەهیدی سەرکردە و پێشمەرگەی خۆنەویست و ئازادیخواز بووە. دیارە کە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات لە زەمەنێکی هەستیاری ناوچەیی و جیهانی و لە کات و ساتێکی پڕ لە ستەمکاری و زۆرداریی کۆماری ئیسلامیدا ڕووی داوە کە جیاواز لە داخوازیی هەموولایەنەی کورد لە ئێران و دۆستانی حیزبی دێموکرات، زەروورەتێکی مێژوویی بوو کە دەبوایە ئەو یەکگرتنەوەیەتان سەر بگرێت و خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و خەباتی دێموکراسیخوازانە و بەرابەری و یەکسانیخوازی دژ بە ناوەندگەرایی و سەرکوتکاری نەتەوە جیاوازەکانی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەوە بخاتەوە چەقی ئەگەر و گۆڕانکارییەکانی داهاتوو و دەنگی گەلی کورد لە ئێرانیش بەرزتر بکاتەوە. وەک یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان، باوەڕمان وایە کە ئەم یەکگرتنەوەیە پێگەی کوردستانی ئێران و خەباتە ڕەواکەی دەگەینێتە ئاستێکی شیاوتر و دەبێتە هۆی بزاوتی سیاسیی زیاتر لە کوردستانی ئێران و ئێران بەگشتی، بۆ وەستانەوەی دژی داگیرکاری و ستەمکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها هیوامان وایە کە ئەم یەکگرتنەوەیە ببێتە هەوێنی یەکڕیزیی گەلەکەمان و شاهیدی ئەوە بین کە هاودەنگی و هاوئاهەنگی و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە دوای خۆیدا بێنێت و ببێتە مایەی تەبایی و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و هاوکاریی نێوماڵی کورد دژ بە کۆماری ئیسلامی و هەر هزرێکی تەواوییەتخواز و ناوەندگەرا. وەک یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان، یەکگرتنەوەی هەر دوو لایەنی حیزبی دێموکراتتان لێ پیرۆز دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین، بەهیوای سەرکەوتنی گەلی کورد و چەسپاندنی دێموکراسی و ئازادی و بەئەنجامگەیشتنی خەباتی گەلی کورد لە ئێراندا، پیرۆزبایی ئەم یەکگرتنەوەیەتان لێ دەکەین و پێخۆشبوون و شادیی خۆمانتان پێ ڕادەگەیێنین. یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان ٠٨/٢٢/ ٢٠٢