کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێکی بە شکۆ لە شاری "ئالبۆرگ" لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو

19:30 - 1 خەرمانان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ ئاگۆستی ٢٠٢٢ـی زایینی، بەرانبەر بە ٢٩ـی گەلاوێژی ٢٧٢٢ـی کوردی، ڕێوڕەسمێکی گەورە بەبۆنەی ٢٥ـی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب و هەروەها یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دیمۆکرات بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی هەر دوو لای حیزبی دیمۆکرات لە شاری ئالبۆرگ بەڕێوە چوو. ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. پاشان "جەمشید خوسرەوی" بەرپرسی گشتیی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و "عیسا مەحموودی" بەرپرسی تەشکیلاتی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دانمارک بە نوێنەرایەتیی هەر دوو کومیتەکە چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد و ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزب و هەروەها یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتیان لە خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی، سەرجەم ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی حیزب و ئامادەبووانی ئەو ڕێوڕەسمە پیرۆزبایی کرد. پاشان پەیامی هاوبەشی کومیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن "فاخر مەولوودی" بەرپرسی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک پێشکەش کرا. دواتر شێعرێک لەژێر ناوی "یەکبوون"، لەلایەن "ئیبراهیم ڕەسووڵزادە" پێشکەش کرا. لە بەشێکی دیکەدا پەیامی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکرات لەلایەن "پەیوەند خەلیلی" خوێندرایەوە. لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە کوردستانییەکان خوێندرایەوە. پەیامی پیرۆزبایی یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لەلایەن  "دڵشاد عەلی"، پەیامی  پیرۆزبایی پارتی دێموکراتی کوردستان لەلایەن "ئەبووبەکر ئیسماعیلی"، پەیامی پیرۆزبایی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەلایەن خاتوو "ئیلهام کاکی"، پەیامی پیرۆزبایی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان ـ باکوور لەلایەن "کاووس عەزیزی"، پەیامی پیرۆزبایی حیزبی شیوعیی کوردستان لەلایەن "سەلام سدیقی"، پەیامی پیرۆزبایی زیندانیانی سیاسی لە دانمارک لەلایەن "عەلی خانی" و پەیامی پیرۆزبایی سازمانی دێموکراتیکی یارسان لە دانمارک لەلایەن "هووشەنگ خوسرەوی" خوێندرانەوە. بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە بە دەنگی هونەرمەند "سەنگەر کەماڵ" و بە جۆش و خرۆشەوە ڕێوڕەسمەکە تا درەنگانی شەو درێژەی کێشا.