کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی بنەماڵەکانی سەربەرزی شەهیدان لە شاری شنۆ بەبۆنەی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات

17:45 - 2 خەرمانان 2722

بنەماڵەکانی سەربەرزی شەهیدان لە شاری شنۆ بەبۆنەی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە. لەو پەیامەدا هاتووە، زانایانی بواری مرۆیی وتوویانە، تێگەیشتن ڕێک بە مانای دادپەروەرییە. بنەمای تێگەیشتن، ئاگاییە. لە زەینی کوردیدا بنچینەی پێگەیشتن لەسەر تێگەیشتن ڕۆنراوە واتە ئەوانەی تێناگەن بێگومان پێشناگەن. حیزبی دێموکرات هەر لە بنج و بناوانەوە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی بۆ بەرە و ئاگایی و بەرزکردنی ڕادەی تێگەیشتنی گەلی کورد وەگەڕ خستووە و بردنەسەری ڕادەی ئاگایی خەڵکی بەشەرەفی کوردی وەک ئەرکێکی پلە یەکەم وەئەستۆ گرتووە. ڕێبەرانی شەهیدی ئەو حیزبە لە ئەساسدا شەهیدانی خۆبەخشی بەستێنی ئاگایی و تێگەیشتن بوون. بیر و بۆچوونی جیاواز ئەگەر لە ڕوانگەی ئاگاییەوە لێی بڕوانین، بەرهەمی تێگەیشتنی جیاوازە. تێگەیشتنی جیاوازیشی بەستێنی گەشە و نەشەی مەعریفی و ڕادەی ئاگاییە. لەو کلاوڕۆژنەیەوە بیری جیاواز هەڕەشە نییە بەڵکوو دەرفەتێکی شیاوە بۆ ئەوەی کە لە پلەکانی ئاگایی نەتەوەیی بەرە و ئاستێکی بەرزتر هەنگاو هەڵبنرێت. ئەوەی لەو نێوانەدا دەتوانیت ببێتە هەڕەشە، نەسەڵماندن و تەحەمولنەکردنی بۆچوونە جیاوازەکانە. هەنگاوی پیرۆزی یەکگرتنەوەی دوو باڵی بەهێز و ڕەنگینی حیزبی دێموکرات، ئەوپەڕی لەخۆبردوویی و بوێری و گەشەی مەعریفیی ئەو حیزبە دێتە ئەژمار و مزگێنیدەری داهاتوویەکی گەشاوەیە. ئەو یەکڕیزی و تەباییە بێگومان چقڵ و چکڵی چاوی دوژمنان و بەرچاوڕوونیی چاوی دۆستانی حیزبە. لە جودایی و لێکترازان بەر لە هەموو کەسێک بنەماڵەی بەرز و بەڕێزی شەهیدەکانمان لە بواری ڕۆحی و دەروونییەوە خەساریان بەردەکەویت.