کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرهەنگی "پازار" و پەرتووکی "چەشمەندازی بەرز" چاپ و بڵاو کرانەوە

17:07 - 6 خەرمانان 2722

فەرهەنگی کوردیی "پازار" بەرهەمی نووسەر، شاعیر و فەرهەنگنووس، "سەحەر موعێزی" خەڵکی شاری سنە چاپ و بڵاو کرایەوە. فەرهەنگی کوردیی "پازار" بەرهەمی زەحمەت و ماندووبوونی ١٣ساڵەی ئەو نووسەرە کوردەیە. فەرهەنگەکە لە نۆ بەرگ پێک هاتووە و کۆکەرەوەی ڕەنگە کوردییەکانە و لەلایەن زانکۆی سەلاحەدینی کوردستان چاپ و بڵاو کراوەتەوە. نووسەر لە ماوەی ١٣ ساڵدا کە خەریکی نووسینی فەرهەنگەکە بووە، سەردانی زۆرێک لە شار و گوندەکان کردووە و زۆربەی ڕەنگە کوردییەکانی کۆ کردووەتەوە. لە فەرهەنگی ڕەنگی "پازار"دا بە سێ زمانی کوردی، فەرانسەوی و ئینگلیسی باسی ڕەنگەکان کراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو فەرهەنگە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئیسپانیۆلی. فەرهەنگی "پازار" باسی ٣٧ هەزار ڕەنگی لەخۆی گرتووە و بۆ ئەو پرۆژە گەورەیە لە فۆلکلۆر و بەشی کولتووریی نەک چوار بەشی کوردستان بەڵکوو لە فەرهەنگ و دابونەریتی کوردەکانی "سوودان" و "میسریـ"ـش کەڵک وەرگیراوە و ئاماژە بە فەرهەنگ و کولتووری کوردەکانی ئەرمەنستان و قەفقازیش کراوە. ئەو فەرهەنگە یەکێک لە کامڵترین و گشتیترین فەرهەنگی ناسینی ڕەنگەکان لە کوردستان و سەراسەری ئێراندایە و بە خزمەتێکی گەورە بە مێژووی ڕەنگناسی لە زاگرۆس و کوردستان و ناوچەکە دەژمێردرێ. "سەحەر موعێزی" نووسەری فەرهەنگی "پازار" ساڵی ١٣٦٠ـی هەتاوی لە شاری سنە لەدایک بووە. ناوبراو جگە لە فەرهەنگی "پازار" دوو بەرهەمی دیکەی لە بواری ئەدەبیات و شێعر و یازدە بەرهەمی لە بواری پەروەردەی منداڵاندا چاپ و بڵاو کردووەتەوە. هەروەها کتێبی "چەشمەندازی بەرز" لە نووسینی "هیوا قارەمانی" لە شاری مەهاباد چاپ و بڵاو کراوەتەوە. "هیوا قارەمانی" نووسەری خەڵکی مەهاباد زنجیرەکتێبی "لە ئەنجومەن" کە بەرهەمی چالاکی و تێکۆشانەکانی ناوبراو لە ساڵەکانی ١٣٨٧ تا ١٣٩٨ـی هەتاوییە، چاپ و بڵاو کردووەتەوە. پەرتووکی "چەشمەندازی بەرز" یەکەم کتێب لەو زنجیرە کتێبەیە کە لەلایەن بڵاوگەی "ژیر" لە شاری مەهاباد چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم پەرتووکە کۆمەڵێک یادداشت و وەرگێڕاوی ئەدەبیی لەخۆ گرتووە.