کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سەردەشت

13:57 - 7 خەرمانان 2722

“خدرعەلی پوور “ ناسراو بە “خدرە سوور “پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سەردەشت، بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی “خدرعەلی پوور “ ناسراو بە “خدرە سوور “پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە سەرەتای شۆرشی گەڵانی ئێرانەوە بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد. خاڵ خدر ساڵی ١٢٩٩ لە دایک بووە و خەڵکی بێورانی ناوچەی سەردەشتە کە لە دەسپێکی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕژیمی پاشایەتی و ھاتنە سەر کاری ڕژیمی ئاخوندی لە دەستەی شەھید حەمەدەمینی مەلاعەزیز سەر بە ھێزی ١١ی شەھید موعینی ئەو کات دەبێتە پێشمەرگە و سازمان دەدرێت. خاڵ خدر وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و لێوەشاوە و بەدسپلین ناسرا بوو، لە زۆربەی شەڕەکانی کوردستانیشدا بەشداری چالاکانەی کردووە، خاڵ خدر دوای ھێرشی ڕژیم لە ساڵی ١٣٦٢ بۆ سەر ناوچەی بێواران بە ناچاری لە گەڵ بنەماڵە و براکانی پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبێت و دوای دەیان ساڵ نیشتەجێبوون لەوێ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ناوچەی سەردەشت و لە گوندی نێشکۆڵان نیشتەجێ دەبێت و درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆی دەدات. خاڵ خدر دوای گەرانەوەشی هەموو کات و لە کۆر و کۆبوونەوەکاندا بە پەرۆشەوە باسی لە مەینەتیی نەتەوەکەی و نیشتمانەکەی کردووە. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاری خاڵ خدر دەکەین و بەشداری خەمیانین.