کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

CNN: لانیکەم دوانزدە کەس لە هێرشێک بۆ سەر بارەگاکانی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە عێراق گیانیان لەدەست دا

16:18 - 18 خەرمانان 2718

شەممە، ٨ی سێپتامبر

وەرگێڕان: ڕەزا فەتحوڵانژاد

لە هێرشێکی مووشەکیدا کە ڕۆژی شەممە کرایە سەر بارەگای حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران لە عێراق، لانیکەم ١١ کەس کوژران و ٥٠ کەسی برینداربوون و بەرپرسانی حیزبەکە دەستبەجێ قامکیان بۆ لای تاران وەک ئەنجامدەری هێرشەکە راکێشا.

لە نێو کوژراوەکانی هێرشەکەی سەر بارەگاکانی حیزبی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI)دا، سێ منداڵ و سێ ژن دەبیندرێن، حیزبەکە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە.

هێرشەکە لە کۆیسەنجێق، شارێک لە ٦٥ کیلۆمەتری هەولێر لە ناوچەی نیمچەـ خودموختاری کوردستان لە باکووری عێراق و لە ٣٠٠ کیلۆمەتری باکووری پێتەخت، بەغداد، رووی داوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئێرانی بە ئەنجامدەری هێرشەکەی سەر بارەگاکانی ناو بردووە. لە داخۆیانییەکدا رایگەیاندووە: "ئێران لە هێرشە هاوکاریکراوەکەی بۆ سەر بارەگاکانی PDKI و کەمپەکانی پەنابەران لە تەنیشتی ئەو بارەگایانە، لە مووشەکی دوورهاوێژ کەڵکی وەرگرتووە ".

ئەم حیزبە لە تویتێریدا، قامکی تاوانی بۆ لای ئێران راکێشا و وێنەی ئەو دووکەڵانەی لە شوێنی هێرشەکاندا بەرز بوونەتەوە، بڵاو کردەوە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە هەولێر، موحەممەد ساڵح قادری بە CNNی وت هێرشەکە توند بوو و لەودا لەو مووشەکانە کەڵک وەرگیراوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کراون و پێنج شوێنی پێکاوە.

بە وتەی قادری، ئەندامانی رێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات، مستەفا مەولوودی و خالید عەزیزی لە نێو بریندارەکانن.

شوورای وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی مەحکووم کرد و هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی کوژراو و بریندارەکان راگەیاند و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد "خاکەکەیان نەکەنە مەیدانی تەسفیە حەسێب".

ژمارەیەکی نزیک بە ٣٠ میلیۆن کورد کەمینەیەکی بەرچاو لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوانە عێراق، ئێران، سووریە و تورکیە پێک دەهێنن.

سەرەڕای نزیک بە یەک سەدە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی لە وڵاتانی جیاوازدا، کوردەکان هیچکات دەوڵەتی (نەتەوەی) خۆیان نەبووە.