کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

D.N.A بوون بە پێشەوا و بە پێشەوا مانەوەی قازی موحەممەد

02:31 - 17 خاکەلێوه 2712

برایم لاجانی

هەرکام لە ئێمە بەجۆرێک رێبەرین چونکە لانی‌کەم رێبەرایەتیی ژیانی خۆمان دەکەین. زۆر کەسیش لە نێو ئێمەدا هەن کەلە بواری گەورەتردا بۆ نموونە لە ئاستی بنەماڵە، مەدرەسە، کارخانە و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا کاری رێبەرایەتی دەکەن. روونە کە مەیدانەکانی کاری رێبەرایەتی جۆراوجۆرن و هەر بەو پێیەش ئەرکەکانی رێبەر، بەرپرسایەتی و رۆڵیشی جۆراوجۆرن. بەڵام مەسەلەیەک هەیە کە لە هەموو حاڵەتەکانی رێبەرایەتیدا، وەک فاکتۆرێکی گرینگ خۆی نیشان دەدا. ئەویش ئەوەیە کە لەهەر حاڵدا رێبەر سەروکاری لەگەڵ مرۆڤه‌کان هەیە. ئەو ئینسانانە، یان هاووڵاتین، یان هاونیشتیمانن، یا هاوڕێی حیزبین، پێشمەرگەن، سەربازن، یا کارمەند و کرێکار و هتد... .

کاری رێبەر ئەوەیە کە خەڵک واتە ئینسانەکان لە دەوری دروشم و ستراتیژی و ئیدەئاڵ و بەرنامەکانی رێکخراو، حیزب، بزووتنەوە، مەدرەسە و کارخانە و بەکورتی ئەو دامەزراوە کۆ کاتەوە کە رێبەرایەتی دەکا. ئەو دەبێ هاندەر بێ، دینام بێ، ماتۆر بێ، شوور و شەوق بە کار و خەبات لە نێو دەوروبەری خۆیدا بڵاو بکاتەوە. شادی و خۆشی دابەش بکا. هەموان بەشدار بکات و کەس هەڵناوێرێ. رێبەر دەبێت کۆسپان تەخت بکا، پردان درووست بکا، دیواران بڕوخێنێ. دەبێ خەم لەبەر بێ و مەڵحەمی برینان و دڵە شکاوەکان بێت. رێبەر بە هاوکاری لەگەڵ هاوکارەکانی دەبێ فەرهەنگ و کولتوورێک درووست بکەن کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بێت لە روانگەیەک کە وەک ئەستێرەی گەش بدرەوشێتەوە و خەڵک بەدوای خۆیدا بکێشێ. فەرهەنگێک کە بایەخ بە پێوەندییە ئینسانییەکان بدا و رەنگە جۆراوجۆرەکان لە خۆیدا جێ بکاتەوە و لە هەمانکاتیشدا ئامادەیی بۆ چوونە پێش و گۆڕان و دروست کردنی بەهای نوێ تێدا بێت.
لە مێژوودا زۆر نموونەی ئەو جۆرە رێبەرانەمان هەن کە بوونەتە سەرمەشق و ئێستاش هەروا سەرچاوەی ئیلهامن. من هەوڵ دەدەم دوو نموونە لەو سەرمەشقانە باس بکەم و پاشان پێشەوا قازی بە پێوانەی ئەوان هەڵسەنگێنم هه‌تا بزانین رەمزی بوون بە پێشەوا و پێشەوا مانەوەی قازی لە چ دایە؟

سوقڕات
سوقڕات گرینگیی زۆری بە پێوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵ دەدا. ناوبراو ئەو پرسیارە فەلسەفیانەی دەهێنانە گۆڕێ کە چۆن دەتوانین ژیانێکی جوان و پڕ لە فەزیلەت و عادڵانە دروست کەین. هەروەها ئەو بە سەخاوەتەوە ئامادە بوو گیانی بۆ ئیدە و بایەخە بەرز و تازە و ئینسانییەکان بەخت بکا کە بڕوای پێ بوون. سوقڕات بە ئاتێندا دەگەڕا و دەیپرسی ژیانی باش و پڕ فەزیلەت کامەیە؟ جوانی چییە؟ کۆمەڵگایەکی بەختەوەر چۆنە؟ عەداڵەت چییە؟ کۆمەڵگایەکی عادڵانە چۆنە و کام سیفاتی هەن و تایبەتمەندییەکانی چن؟

سوقڕات ئەو پرسیارانەی زۆرتر ئاراستەی دەستەڵاتدارانی ئاتێن دەکردن. ئەو لاوانی بۆ خەبات و بەربەرەکانی و راپەڕین هان دەدان. ئەو بە هێنانە گۆڕێ پرسیار سەبارەت بە ژیانی پڕ فەزیلەت و کۆمەڵگای عادڵانە دەیەویست سەرنجی خەڵک بۆ وەزعی نالەباری کۆمەڵگای ئەو دەمی ئاتێن راکێشێت. جیا لەوە هەمیشە خەڵکی هان دەدا کە خۆیان و توانا و زەرفیەتەکانی خۆیان بناسن. چونکە کەسێک دەتوانێ لەگەڵ خەڵک بحەوێتەوە کە خۆی بناسێ.

ئەو جۆرە حەرەکەتانەی سوقڕات و ئەو پرسیارانەی ئەو بە دڵی کاربەدەستانی ئەو دەمی ئاتێن نەبوون. هەربۆیە نەیارەکانی کە دەستەڵاتداران بوون ئەویان بە کەسێکی ئازاردەر دەزانی و هەر لە بەر ئەوەش بوو مەحکوومیان کرد کە جامی ژەهر بخواتەوە.

پرسیارەکانی سوقڕات هەموو خەڵکیان دەگرتەوە. هەموو لە کۆمەڵدا بەرامبەر یەکتر رێبەرن و دەبێ بپرسن ژیانی باش و پڕ فەزیلەت چییە؟ ئەوە یارمەتیمان دەدات کە سرنج بدەینە ژیانی هاوولاتیانمان کە لە وەزعێکی سەخت و دژوار دان، حەقخوراون و ئەگەر پێویست بێ یارمەتیان بدەین. جاری وایە دیتن و بەسەرکردنەوەیەک گەورەترین یارمەتییە. کەسێک کە پێویستیی بە یارمەتییە زۆری بۆ گرنگە یارمەتیدەر ئاوڕی لێ بداتەوە.

سوقڕات بۆ خۆشی هەموو جارێ وڵامی ئەو پرسیارانەی پێ نەبوو کە دەیهێنانە گۆڕێ. بەڵام مەبەستی ئەوە بوو خەڵک وەبیر کەوتنەوە بکەون.

لە لایەکی دیکەشەوە دەیەویست ئەوە بڵێ کەسێک کە بەدڵەوە ئەو پرسیارانە دێنێتە گۆڕێ دەبێت کەسێکی ئاوه‌زمه‌ند و بە هۆش بێت. لە فەرهەنگی یۆنانیدا کەسێکی زیرەک و خاوەن هۆش ئەو کەسەیە کە توانای دیتنی داهاتووی هەیە و دووربین و ئایندە بینە. کەسێکیش کە دووربینە و توانای دیتنی داهاتووی هەیە روانگە دەدا، رێ دەستنیشان دەکا و قەتاری حەرەکەتی کۆمەڵ دەخاتە رێ. کەسێکی ئاوا جهەت دەستنیشان دەکا، خەت دەدا، خەڵک بەدوای خۆی دادەکێشێ و خەڵک بۆ خۆیان وەدوای دەکەون و دەیکەنە پێشەوا و بەم جۆرە ڤیزشون دروست دەکا. ئەو دەبێتە پێشەوا و مەشخەڵ هەڵدەگرێ و ئاڵای پەیامەکەی بەرز دەکاتەوە و دەبێتە خاوەن ڤیزشون. مەبەست لە ڤیزشون بانگ و پەیامی خێری گشتی و دروست کردنی کۆمەڵگایەکە کە ئینسانەکان لە وێدا لە فەزیلەتدا بژین. پەیام و ڤیزشونی مەزن ئەوانەن کە روویان لە هەموو خەڵکە و کەس هەڵناوێرن و دەبنە کاناوێکی گەورە بۆ هەموو ئەوانەی تینوون. پەیام و ڤیزشوونی مەزن ئەو پەیامەیە کە دەیەوێ کۆمەڵ بەرەو بەختەوەری و ئازادی و فەزیلەت بەرێ و هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بە سەعادەت و بەختەوەری بگەیەنێ. ئەرستۆ کە قوتابی سوقڕات بوو دواتر ئەو قسەی سوقڕاتی دەوڵەمەندتر کرد کە دەڵێ کەس ناتوانێ بەختەوەر بێت ئەگەر کۆمەڵگاکەی و کەسانی دەوروبەری بەختەوەر نەبن.

عیسای مەسیح
دەرکەوتووە کەسێک کە بە خێری گشتییەوە ماندووە و لە خەمی میللەت و گەل و وڵات دایە، لە قەیران و سەختی و دژواریەکاندا باشتر خۆی رادەگرێ و چاکتر دێتەدەر لە کەسانێک کە زۆرتر هەر لە خەمی خێری شەخسیی خۆیان دان. عیسای مەسیح نموونەیەکە لەو چەشنە کەسانە. ئەو یەکێک لە گەورەترین رێبەرانی مێژووی بەشەریەتە و هێشتاش زۆرترین پەیڕەوی هەن. بزانین پەیام و مۆدێلی رێبەرایەتیی عیسای مەسیح چی و چۆن بوو کە ئاوا بوو بەو رێبەرە گەورە و بەو پەیامبەرە مەزنە. شێوەی مودیریەتی ناوبراو و پێوەندییەکانی ئەو لەگەڵ خەڵک و چۆنیەتی پێوەندی گرتنی بە خەڵکەوە و نێوەرۆکی پەیامەکەی زۆر ئاسانە بەڵام لە هەمان کاتدا پیادەکردن و پڕاکتیزەکردنی زۆر سەخت و دژوارە. هەمووی ئەوە دەکرێ لە لە چوارخاڵدا کورت کەینەوە.

لەڕاستیدا ئەو چوار خەڵە ئەویاساو قانوونانەن کە پێویستە هەموو ئەو کەسانە دەکاریان بکەن کە رێبەرایەتی خەڵک دەکەن و دەیانەوێ ئینسانەکان لە دەوری پەیامێک یان ڤیزشونێک کۆکەنەوە و کۆمەڵ بەرەو ئەو ئامانجە مۆبیلیزەبکەن واتە وەگەڕبخەن.
یەکەم

مرۆڤەکان هەموویان خاوەن بایەخن و لەباری ئینسانیەوە هاوبەهان. بۆ عیسای مەسیح هەموو ئینسانەکان لە چوارچێوەی ئاینی ئەو و پەیامی ئەودا وەک یەک هاو بایەخن. بناخەی ئەوبیرە لەوەڕا سەرچاوەدەگرێ کە ناوبراو هەموو ئینسانەکانی بە یەک چاو تەماشادەکردن. ئەو نەیدەهێشت جیاوازیە ڕواڵەتیەکان ببنە هۆی لێک هەڵاواردنی ئینسانەکان بەمجۆرە و خودی و ناخودی درووستبێ. کەسێک کە جیاوازی لە نێو ئینسانەکان دادەنێ. دیواران دروست دەکاو لەهەر حاڵدا ئەگەر بەشێکانیش ڕاکێشێ، بەشێکیش لەخۆی دەتارێنێ و دووردەخاتەوە. پەیامی مەزن ئەوپەیامەیە کە ڕووی لە هەموو کۆمەڵگا و هەموو میللەت بێت.

دووەم
دەبێت توانا و قودرەتی لێبوردن و بەخشین و عەفوکردنمان هەبێت. ئینسان قابیلی هەڵەیە. هەڵەکردن بەشێکە لە سروشتی ئینسان. بەڵام بەخشین و عەفووکردن شتێکە پێوەندی بە هاوپێوەندیی ئینسانیەوە هەیە . بەخشین و عەفووکردن نیشانەی لاوازی و شلوشەوێقی ڕێبەرنیە. ڕاست بە پێچەوانەوە عەفووکردن و بەخشین بە گوناهانەوە، متمانە دەخوڵقێنێ و باشترین ئامڕازیشە بۆ پێشگیری کردن لە دووبارەبوونەوەی هەڵە.

سێهەم
کارکردن و و هەڵسان و دانیشتن لە گەڵ عیسای مەسیح و پەیڕەوی کردن لێی سەخت و دژوارە. ئەو لێی دەویستی. ئەو چاوەروانی و ئینتیزار و داخوازی لە هەموو ئەوکەسانە هەیە کە ئەویان قبووڵە. بەڵێ ژیان لە کۆمەڵدا ، ژیان لە نێو میللەتدا مایەدانان لە خۆی دەوێت. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەوە هەر رێبەر نیە کە ئینتیزار و چاوەڕوانی لە خەڵک و تاکەکانی نێوکۆمەڵ هەیە، بەڵکو ئێمە هەموومان دەبێت ئینتیزار و چاوەڕوانیمان لێکتر هەبێت و لێکترمان بوێت و لە رێبەریشمان بوێت. نەک هەر لەکاری هاوبەش و هاوکاری پێکەوەکردن و ژیانی سیکۆسۆسیالماندا، بەڵکو لە هەموو هەڵسان و دانیشتنماندا پێوێستە موڕاعاتی یەکتر و دەورووبەری خۆمان و تەنانەت سروشت و حەیوانات و دارودرەخت و ژینگەش بکەین.
ئەوە کە داخوازیت لە هاوکار و هاواڵ و هاووڵاتی و هاونیشتیمانی و ئەو کەسانە هەبێت کە ڕێبەرایەتیان دەکەی، بە هیچ جۆر مانای ئەوە نیە کە تۆ رێبەرێکی ئۆتۆریتاری . کەسێک کە داخوازی لێدەکرێ، چاوەڕوانیی لێدەکرێ، ئینتزاراتی لێدەکرێ، یانی دەگەڵ چاڵش بەرەوڕوودەکرێ. ئەوەش ناچاری دەکا خۆی هەڵکێشی، خۆی بەرێتەپێشی، خۆی بە هێزبکا، خۆی کامڵ بکا، خۆی پوختەبکا. دیارە دەبێت داخوازی و چاوەڕوانیەکان واقعبینانەبن و لە گەڵ توانا و زەرفیەتەکان و هەلومەرج بێنەوە. ئەگەر وانەبێت، ئەو چاوەڕوانی و ویستانە دەبنە ئامڕاز و وەسیلەیەک بۆ دەستەڵات نواندن. ئاخر کاتێک کارێک دەکەی کە نایەڵی ئینسانەکان هەستبە مەسئولیتەت بکەن ، پێش بە پەرەسەندنی ئەوان دەگری و خۆشت لە توان و لێوەشاوەییەکانی ئەوان بێبەش دەکەی.

چوارەم
عیسای مەسیح ئینسانەکانی خۆشدەویستن. هاوکار و پەیڕەو و هاووڵاتیانی خۆی و ئەندامانی کۆمەڵگای ئینسانی خۆشدەویستن. ئەو تەنانەت ناحەزانی خۆشی خۆشدەویستن. فەلسەفەی ئەوە لەوەدایە کە خۆشەویستی و موحیبەت هێزێكی هێندەگەورەی هەیە کە دەتوانێ ڕق و قین و تووڕەیی و تەنانەت دووژمنایەتیش ڕاماڵێ و لە نێوبەرێ. موحیبەت لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. خۆشەویستی خوڵقێنەر و درووستکەرە. ڕوونە تایبەتمەندی و خسڵەتێکی لەوچەشنە بەڕاستی سەختە مرۆڤ بتوانێ لەخۆیدا پەروەردەی بکات. ئەوە توانایەکی تاڕادەیەک فەوقی بەشەری دەوێ. بەڵام ڕێبەری گەورە کە میللەتێک چاوی لێیەتی دەبێت ئەوتوانایە لە خۆیدا درووستبکات. موحیبەت کلیلێکە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بکینەوە و بڕواو متمانەیان وەدەستبێنین. ڕایانکێشینە مەیدانی کار و تێکۆشان بۆ بەشداربوون لە کارکردن بۆ خێری گشتیدا. هەر ئەوە کە بتوانی خەڵک و هاوکار و هاوباوەڕەکانی خۆت خۆشبوێن، بۆخۆی مانادەدا بەژیان و نێوەرۆکی ژیان دەوڵەمەند دەکا. یۆنانیەکانیش باسی موحیبەتیان کردوە، بەڵام ئەوان زۆرتر باس لە دۆستایەتی دەکەن. ئاخر دۆستایەتیش شتێکە پێوەندی بە کەیفیەتی پێوەندیەکانی نێوان ئینسانەکانەوە هەیە. ئەرستۆ دەڵی دۆستایەتی گیانێکە لە دووجەستەدا. دۆستایەتیش وەک موحیبەت و خۆشەویستی لە ڕێگای دیتن و وەبەرچاوگرتنی جیاوازیەکانەوە وەحدەت درووست دەکا. ئاخر هونەر ئەوەیە لە جیاوازیەکانڕاو و بە جیاوازیەکنمانەوە بگەینە وەحدەت و کۆنسێنسوس یانی تەوافوق. وەحدەتێک کە جیاوازیەکان نابینێ و بە لەنێوبردنی جیاوازیەکان پێکدێ، پایەدارنابێ و زۆریش پڕمەترسیە.
دەبێ بگوترێ کە ئاوێتەبوونی ئەو چوار خسڵەتە بەرزەیە لە کەسایەتی عیسای مەسیحدا کە ئەویان کردە ئەوڕێبەرە گەورە.

ئەو بە هاواری نەخۆش و لێقەڵماوانەوە دەچوو. گوناهباری دەبەخشین، موحیبەت و خۆشەویستی لێ دەباری. برینی ساڕێژ دەکردن. پردی لە نێو جیاوازیکاندا درووست دەکردن. دیواری دەڕووخاندن. کۆسپ و تەنگ و چەڵەمەی وەلادەبردن. گرێ پوچکەی دەکردنەوە. سوڵحی دەکردن. کاری سەخت و تێکۆشانی لە خۆی و پەیڕەوانی دەویست. ماندوویی نەناسبوو. بڕوای بە کار و پەیامی خۆی هەبوو. خەڵکی لە دەوری خۆی و لە دەوری یەکتر و لە دەوری پەیامی هاوبەش و ئامانجی هاوبەش کۆدەکردەوە. نەک هەر دیفاعی لە بڕواو مەڕامی خۆی دەکرد، لە هەمووی گرینگتر، ئەو ئامادەبوو بۆ بردنەپێشی پەیام و ڤیزشونی خۆی و ئیدەئاڵەکانی بە سەخاوەتەوە بمرێ. عیسای مەسیح لە دادگای ناساڵحی ئیمپڕاتۆڕی رۆمدا بە تاوانبار لەقەڵەم دراو لە خاچ درا. بەڵام لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا، میداڵی ئیفتیخار و سەربەرزی و شانازی پێبەخشرا و ئەوەتا ئێستاش ئەستێرەی پەیامەکەی هەروا دەدرەوشێتەوە تیشکان داوێ.

من پێم وایە هەر ئەو ڕەمزانە کە سوقرات و عیسای مەسیحیان کردنە پێشەواو مامۆستاو ڕێبەر و خاوەن پەیام و ڤیزشون، قازی موحەممەدیشیان کردە پێشەوا. خوێنەر دەبێت زەحمەت بکێشێ بەڵگەنامەکانی سەردەمی کۆمار بخوێنێتەوە، تا باشتر ئەوڕاستیەی بۆ دەرکەوێت. بەڵام من لێرە دا بە هۆی ئەوە کە شەو درەنگە، تەنیا چەند بەڵگە لە وتە کانی پێشەوا قازی دەخەمە بەرچاو تا بۆمان دەرکەوێ کە پێشەوا بەڕاستی پەیامی بۆ میللەتی کورد پێبوە و بۆ ئەو پەیامەش و لەسەر بردنەپێشی ئەوپەیامەش لەداردرا. هەر ئەو دی.ئێن،ئایەشەقازی کردۆتە پێشەوا و هەروا وەک پێشەواش ماوەتەوە وهەمیشەش لە ویژدانی میللی و لە مێژوویی کوردا بە پێشەوایی دەمێنێتەوە.
بەئاڵای موقەدەسی کوردستان سوێند دەخۆم کە تا ئاخر هەناسەی ژیانم و ڕژاندنی ئاخر تنۆکی خوێنم بە گیا و ماڵ لە رێی ڕاگرتنی سەربەخۆیی جمهوری کوردستان و یەکیەتی کوردوئازەربایجان موتیع و وەفاداربم)

سوێندی پێشەوا لە رۆژی ڕاگەیاندنی جمهوری
ئەوە کە لەڕێگای ئازادی میللەتی خۆم بکوژرێم، جگە لە ڕەحمەتی خودا شتێکی دی نیە. بەمەرگی جوامێرانەی خۆم شانازی دەکەم

قازی موحەممەد لە بەناو دادگادا
)ئەو مافە بە کەس نادەم سوکایەتی بە میللەتی من بکات. من لە پێناوی ئەو میللەتەدایە کە ئێستا بە ئیعدام مەحکووم بووم. قازی موحەممەد ئیدی شتێکی دیکەی نیە لە دەستی بدا، کەسێک دەست لە گیان هەڵگرێ، قسەی دڵی خۆشی دەکا. ئەوەی کە لەخوام دەویست، یانی شەهادەت لە ڕێگای خواو وەتەندا بە دەستم هێناوە(
قازی موحەممەد لە بەناو دادگادا
)ئەنگیزەی من بۆ ئەکارانە کە کردوومن سەرزەمین و میللەتەکەم بوە، هەرکارێک لە گەڵمن دەکەن بیکەن بەڵام دەست لە ئازاری میللەتەکەم هەڵگرن(

دیفاعیات لە بەناو دادگادا
لە ئاخرین سەعاتەکانی ژیانمدا، خودا بە شاهید دەگرم کە لە رێگای ئازادی و بەختیاری ئێوەدا گیان و ماڵیخۆم فیداکردوە لە هیچ هەوڵ و کۆششێک درێخیم نەکروە
وەسیەتنامە
کوردستان سەرزەمینی میللەتی کوردە و ماڵی ویە. کەس مافی حەسادەت و بەخیلی نیە. هەموو لەو ماڵی خۆدا ئازادن. هەرچی لەدەستان دێت بۆ ئازادی کورد درێخی مەکەن
وەسیەتنامە
)میللەتی مە چی لە میللەتانی دیکەی دونیا کەمتر نیە، زانست و عیلم نەبێت. فێری زانست و عیلم بن تا لە کاروانی بەشەریەت وەدوانەکەون(
وەسیەتنامە
)خودایە دادی مەزڵومان بستێنە و میللەتی کورد لە ژێر سوڵتەی ئەو خوێن خۆرانە ڕزگارکە(
٢٠
دەقیقە پێش لە دارداران لە کاتی موناجات لە گەڵ خودادا

)تا دوا لەحزاتی ژیان د ەست لە فیداکاری هەڵناگرم و بە تەواوی دونیا رادەگەیەنم کە میللەتی کورد حەقی ژیانی ئازادی هەیە(

رۆژنامەی کوردستان، ژمارە ٦٩،٣٠ تیری ١٣٢٥