کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

HDP: هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم دەکەین

18:30 - 19 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: پارتی دێموکراتی گەلان (HDP) لە باکووری کوردستان لە بەیانییەیەکدا مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی مەحکووم کرد.

دەقی بەیانییەکە بەم چەشنەیە:

ئێمە بە توندی ئەو هێرشەی کۆماری ئیسلامیی ئیران شەرمەزار دەکەین کە لە ٨ی ئەیلوول کرایە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە شارۆچکەی کوریە سەر بە هەولێر. سەرەخۆشی ئاراستەی خانوادەی شەهیدان، هەڤاڵان و هۆگرانی حیزبی دێموکرات دەکەین و شیفای خێر بۆ بریندارەکان دەخوازین.

ئەو ‌هێرشانەی کە لە لایەن دەوڵەتانی سەر دەست دژی گەلی کورد و سیاسەتمەدارانی کورد دەکرێن، تازه نین. پێشتریش زۆر جاران گەلی کورد تووشی هێرش و کۆمەڵکووژیی جۆراجۆر بوونه، بەڵام کوردان هیچ جارێک دەستیان لە تێکۆشانی ئازادیی خۆیان بەرنەدا. بێگومان ئەم هێرشانەش ناتوانن ببنە ڕێگر لە تێکۆشانی بەهاداری کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین.

ئێمە جارێکی دیکە ئەم هێرشەی دەوڵەتی ئێران و هەموو ئەو دەوڵەتانەی دەیانهەوێت بە کوشتن و توندووتیژی کوردانلە تێکۆشانەکانیان لە پێناو مافە سەرەکی و دێموکراتییەکان دوور بخەنەوە، شەرمەزار دەکەین. بانگی ئێمە لە دەوڵەتی ئێران و هەموو دەوڵەتەکان ئەوەیە کە بە ڕێگایەکی ئاشتیانە و دانوستان، داواکارییە ئاشتی و دێموکراتییەکانی کوردان چارەسەر بکەن.

هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی دێموکراتی گەلان (H.D.P)

١٠ ئەیلوولی ٢٠١٨ی زایینی