کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

KMMK – G: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێرۆری چالاکانی کورد بەهەند وەربگرێت

12:52 - 21 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژێنێڤ لە ٤٠ـەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، بەیانییەیەکی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی مافی مرۆڤی کوردستان پێشکەش کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، "تەیموور ئەلیاسی" نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژێنێڤ بە بەشداری لە ٤٠ـەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، پێشوازیی لە ڕاپۆرتی "جاوید ڕەحمان"ڕێپۆرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێراندا کرد و داوای کرد مەئمووریەتی ناوبراو درێژ بکرێتەوە.

نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژێنێڤ لە قسەکانی خۆیدا باسی لە پێشێلکاریی بەرینی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا کرد و ڕایگەیاند: ''ئێمە بە نیسبەت بەرزبوونەوەی ئاماری کوشتاری کۆڵبەران بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرزبوونەوەی ئاماری ئێعدامی زیندانیانی سیاسیی نەتەوەکانی ئێران نیگەرانین."

تەیموور ئەلیاسی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان و تێرۆری چالاکانی کورد کرد و وتی: "تێرۆری چالاکانی نەتەوەکانی ئێران لە ئورووپادا جێگای نیگەرانییە".

نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ـ ژێنێڤ لەو دانیشتنەدا داوای له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد تێرۆری چالاکانی کورد بەهەند وەربگرێت.

ئەلیاسی لەو دانیشتنەدا ئامارێکی لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا خستەڕوو.