کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

RMMK: لە سێدارەدانی چالاکانی کورد، کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە

15:20 - 28 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، زیندانیی سیاسیی کوردی، بە کردەوەیەکی نامرۆڤانە وەسف کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لە پەرچەکردار بە جیبەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا، هۆکاری جێبەجێ کردنی حوکمی لەسیدارەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردەی لەم کات و ساتەدا، بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێوان چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان گەڕاندووەتەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بەداخبوونی خۆی لە هەمبەر جێبەجێ کردنی حوکمی نادادپەروەرانە و نامرۆڤانەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستانی ئێران دەردەبڕێت و خوازیاری کۆتایی هێنان بەم جۆرە لەسێدارەدانانە لە کوردستان و پابەندبوونی رێژیمی ئیسلامی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و کەرامەتی مرۆڤانە بووە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: رێکخراوی بەرگری لە مافی مرۆڤی کوردستان هوشداری دەداتە رێژیمی ئێسلامیی ئێران و پێداگری دەکات کە لەبەرچاو نەگرتنی پێوەرەکانی مافی مرۆڤی و قەبووڵ‌کراو لە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان وەک مافی دیاریکردنی چارەنووس (خودموختاری)، زۆربوونی توندوتیژیی لە ئێران و گۆڕینی بارودۆخی ئەو وڵاتەی بە وڵاتێکی وەکوو سووریه و عێراقی لێ دەکەوێتەوە.

بەرەبەیانیی یەکشەممە رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، حوکمی لەسێدارەدانی مەنسوور ئاروەند، زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی میاندواو جێبەجێ کرا.

مەنسوور ئاروەند، جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، لە ماڵەکەی خۆیدا لە مەهاباد دەستبەسەر و پاشان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە، بە تۆمەتی موحاربە لە رێگەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردە دژبەرەکانی رێژیمی ئێران بە لەسێدارەدان مەحکووم کرا.