کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

RMMK: هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا وەکوو دەرفەت چاو لە چاودێرییەکانی مافی مرۆڤ بکەن

20:58 - 25 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، توێژینەوە مەیدانییەکانی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی و چاودێرانی مافی مرۆڤی لە هەرێمی کوردستان و کوردستانی سووریە بە دەرفەتێکی لەبار لەقەڵەم داوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لەو ماوەیەدا و پێشتریش هێندێک لە ڕێکخراوە ناحکوومی و نێونەتەوەییەکان وەکوو لێبووردنی نێونەتەوەیی و چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، بە ئەنجام دانی چەندین توێژینەوەی مەیدانی، چەندین ڕاپۆرتیان لەسەر پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە بەرەکانی شەڕ و بەرخۆدان لە بەرانبەر هێرشی شەڕکەرانی داعش لە ڕۆژئاوا (کوردستانی سووریە) و یان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاو کردووەتەوە کە تێیاندا ڕەخنە لە هێندێک لە هەڵسوکەوتەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل لە ڕۆژئاوا و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان گیراوە و هاتووە کە ئەو هێزانە بە چۆڵکردنی زۆرەملیی هێندێک لە گوندەکان و گواستنەوەی دانیشتوانەکەی، تووشی تاوانی جەنگی بوون.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا وەکوو دەرفەت چاو لە چاودێرییەکانی مافی مرۆڤ بکەن

لەو ماوەیەدا و پێشتریش هێندێک لە ڕێکخراوە ناحکوومی و نێونەتەوەییەکان وەکوو لێبووردنی نێونەتەوەیی و چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، بە ئەنجام دانی چەندین توێژینەوەی مەیدانی، چەندین ڕاپۆرتیان لەسەر پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە بەرەکانی شەڕ و بەرخۆدان لە بەرانبەر هێرشی شەڕکەرانی داعش لە ڕۆژئاوا (کوردستانی سووریە) و یان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاو کردووەتەوە کە تێیاندا ڕەخنە لە هێندێک لە هەڵسوکەوتەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل لە ڕۆژئاوا و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان گیراوە و هاتووە کە ئەو هێزانە بە چۆڵکردنی زۆرەملیی هێندێک لە گوندەکان و گواستنەوەی دانیشتوانەکەی، تووشی تاوانی جەنگی بوون.

هەرچەند هێزە بەرگریکارەکانی ڕۆژئاوا و هەرێم لە وەڵامدا، هێندیک ڕوونکردنەوە و پاساوی بەڵگەمەند بە هۆکارگەلی نیزامی و ئەمنیەتییان خستووەتە ڕوو، یان پشتبەستوو بە هێندێک لە یاسا باوەکانی مافەکانی شەڕ و مافەکانی شەڕە چەکدارییەکان و تەنانەت کۆنڤانسیۆنەکانی ژێنێڤ و ڕەشنووسی گرێبەستەکان و مافە مرۆڤدۆستانەکانیان بوون، بەڵام ئەو هۆکار و پاساو هێنانەوانە، بە مەبەستی ڕازیکردنی ویژدانە نەنووستووەکان و کۆمەڵگای هۆشیاری جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، لە دەستدرێژی کردن بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ، هۆکارگەلێکی پێویست و جێی ڕەزامەندی نین.

لەو ڕووەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بە پێشوازی کردنی لە چاودێریی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بە سەر مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکان و بەشداریی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی و چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لەو ناوچانەدا، هاو تەریب و هاو دەنگ لەگەڵ ئەوان خوازیاری لابردن و قەرەبوو کردنەوەی حاڵەتەکانی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤە و ڕێزگرتن و ڕەچاو کردنی هەرچی وردتری ڕێنوێنییەکانی ئەو دوو ڕێکخراوە و ڕێکخراوەکانی دیکەیە.

هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا ئەگەرچی لە قەبووڵ کردن و جێبەجێ کردنی بنەما و بایەخە مرۆیی، جیهانیی و دێموکراسییەکان لە ناوچەدا پێشڕەون و لەو ڕووەوە هەرگیز لە گەڵ قەوارەکانی دراوسێی خۆیان کە بەنیسبەت بنەما بەفەرمی ناسراوەکان و ژێرخانی مافەکانی مرۆڤ نامۆن و تەنانەت خۆیان پێبەند بە سەرەتایی ترین مافەکانی مرۆڤ نین، هەڵناسەنگێندرێن. بەم حاڵەشەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان چاوەڕوانیی لە حکوومەتی هەرێم و ڕۆژئاوا هەیە کە وەکوو دەرفەتێک چاو لە چاودێریی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوە سەربەخۆ و نێونەتەوەیی و ناوچەییەکانی مافی مرۆڤ بکەن و بە قەبووڵ کردنی ڕێنمایی و پێشنیارەکانیان و دەستەبەرکردن و دابینکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەهێز کردنی کۆمەڵگای مەدەنی و چاودێرییەکانی خەڵک، پێشخستنی دێموکراسی و سیستماتیک کردنی بەشداریی هەرچی زیاتری خەڵک و بەها مرۆیی و دێموکراتیکەکان یارمەتی بکەن و هاوکات لە بەرەکانی جەنگ و بەرگریدا، یاساکانی شەڕ و مافەکانی مرۆڤ ڕەچاو بکەن و بیخەنە بواری جێبەجێ‏کردنەوە.

ئێران _ تاران : ٢٤ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی / ١٦ی ئۆکتۆبر ٢٠١٥ی زایینی

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤی کوردستان