کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی ڕێژیمی ئێران بەتەواوەتی داڕماوە

12:57 - 9 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: دۆخی ئابووری لە ئێراندا پێی ناوەتە خراپترین دۆخی خۆیەوە و گرانی بەردەام ‌ڕووی لە هەڵکشانە و دراوی ئەو ڕێژیمەش بێبایەخترین دراوی جیهانه.

"ستیڤ هێنکی" ئابووریزانێکی زانکۆی "جانز هاپکینز"ی ئامریکایی، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، ‌هەڵاوسان لە ئێراندا ١٤٧ لەسەدە و ئابووریی ئەو وڵاتە داڕماوە.

ئەو ئابووریزانە وتوویەتی: داتا و ئامارەکانی ڕێژیمی ئیران لە پێوەندی لەگەڵ هەڵاوسانی ساڵانە لە ئێراندا که بە فەرمی ٩.٧ لەسەدە، ١٥ قات کەمتر لە ڕێژەی ڕاستییەکەیەتی.

هێنکی ئاشکرای کردووە، هەڵاوسانی ئابووری لە ئێراندا ١٤٧ لەسەدە و ناوبراو ژمێریاریی خۆی بەپێی نرخی ڕیاڵی ئێران لە بەرانبەر دۆلاری ئامریکا لە بازاڕی ڕەشدا ئەنجام داوە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ ئاماژەی بەوە کردووە، خەڵک لە ترسی گەمارۆوە ئابوورییەکان و دابەزینی نرخی دراو لە ئێراندا مڵک و ماش دەکڕن یا پارەکانیان بە زێڕ و دۆلار دەگۆڕنەوە.

هێنکی وتوویەتی: بازاڕی ڕەش لە ئێراندا گرینگترین پێوەرە؛ چونکە نرخی هەڵاوسانی فەرمی، ڕەقەمێکی دروستکراوە. بایەخی دراوی ئێران دەبێ داکشێندرێت، بەڵام بەرپرسانی ئەو حکوومەته لەوە دەترسێن، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەگەر ئەو کارە بکەن زۆر لاوازتر دێنە بەرچاو.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی سندوقی نێونەتەوەیی دراو، وڵاتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا پلەی یەکەمی هەڵاوسانی هەیە و لە ئاستی جیهانیشدا پلەی دووهەم واتە لە پاش زیمبابوی بەرزترین نرخی هەڵاوسان هی ئێرانە.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک و کەلوپەلەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت و گرانی بەدیاری دێنێت؛ هەروەها دەبێتە هۆی داخرانی یەکە و کارخانە پیشەسازییەکان و پەرەسەندنی بێکاریی زیاتر.

بەرزبوونەوەی نرخی دراوی ئێران لە درێژەی ئەمساڵدا، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاریگەریی لەسەر ئابووریی ئێران دادەنێت.

سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و دووپاتبوونەوەی گەمارۆوەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و لاوازبوونی سیستمی بانکی و کەمبوونی پارەی نەخت، بارودۆخی ئابووریی ئێرانی گەیاندووەتە سنووری هۆشداری و گوشارەکان هەمووی لەسەر خەڵکی ئێرانە.