کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی ڕێژیمی ئێران بەرەو داڕمان دەڕوات

12:40 - 27 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ناوندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە کە گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٩٧ی هەتاویدا، ''نەرێنی'' بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا بە حەسێبکردنی داهاتی نەوتی، مەنفی ٤.٩ لەسەد و بێ حەسێبکردنی داهاتە نەوتییەکان، مەنفی ٢.٤ لەسەد ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوندی ئاماری ڕێژیم لە ساڵی ڕابردوودا، بەشی جووتیاری کە کشتوکاڵ، باخداری، ئاژەڵداری، جەنگەڵداری و ماسیگیری لەخۆ دەگرێت، ١.٥ لەسەد گەشەی نەرێنیی هەبووە و بەشی پیشە کە بریتین لە: دەرهێنانی نەوت و گازی سروشتی، دەرهێنانی کانگاکانی دیکە، پیشە، دابینکردنی ئاو، بەرق و گازی سروشتی و بیناسازی، ٩.٦ لەسەد، گەشەی نەرێنیی هەبووە.

هەروەها، بانکی جیهانی، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا لەبارەی گەشەی ئابووریی جیهان، ئێرانی لە دوای وڵاتی "نیکاراگوئە"، وەک خاوەنی کەمترین گەشەی ئابووری لە ساڵی ٢٠١٩دا دیاری کرد.

ئەم ناوەندە نێونەتەوەییە، لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا، پێشبینیی کردبوو کە گەشەی ئابووریی ئێران بە ڕێژەی مەنفی ٦.٣٪ دەبێت.

هەر لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕابردوودا، سەندووقی نێونەتەوەیی دراو، لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەی خۆیدا، گەشەی ئابووریی وڵاتی ئێرانی، مەنفی ٦ لەسەد ڕاگەیاندبوو.

لەمبارەوە، "جەهاد ئازعور"، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیای ناوەندیی سەندووقی نێونەتەویی دراو، وتبووی: "گەمارۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، نرخی کاڵا پێداویستییەکان تا ٥٠ لەسەد بەرز دەکاتەوە."