کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی ئێران بە براوەکانی خەڵاتی نۆبێلیش چاک ناکرێتەوە

18:23 - 4 رەشەمه 2719

مامۆستایەکی ئابووریی ئێرانی بە باسکردن لەوەی کە وتراوە دەبێ دەوری ئێران دیوار بکێشین، لەو باوەڕەدایە کە ئێران خەریکە بە ئاقاری کورەی باکووردا دەڕوات.

"مەهدی پازووکی"، ئابووریناس و مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە ئابووریی ئێران وتوویەتی: "براوەکانی خەڵاتی نۆبێلیش ناتوانن ئابووریی ئێران دەرمان بکەن".

بە وتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ، شێوازی بیرکردنەوەیەک لە کۆماری ئیسلامیدا بوونی هەیە کە لەو باوەڕەدان دەبێ دیوار بە دەوری ئێراندا بکێشرێت و ئەو شێوازە بیرکردنەوەیە ناتوانێت یارمەتیی گەشە و پێشکەوتووی ئەو وڵاتە بدات.

"پازووکی" هەروەها وتوویەتی کە بە چوونە نێو "ئێف.ئەی.تی.ئێفـ"ـەوە، دەمانتوانی چرا سەوزێک بە کۆمەڵگای جیهانی بدەین بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ دراوسێکانمان، بەڵام لە ئێستادا ئەگەر گەمارۆکانیش نەمێنن ناتوانین.

ناوبراو هەروەها ڕەخنەی لە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام گرت و وتی، دەبێ بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە دیاری بکەن و ڕوونی بکەنەوە چ پێناسەیەکیان لە سەرچاوە نیشتمانییەکان هەیە.

ئەو ئابووریناسە هەروەها وتوویەتی کە بڕیار بوو بەپێی بەڵگەکانی دوورەدیمەن، ئێران خوێندکاری پلە یەکی ناوچەکە بێت، بەڵام لە ئابووریی داخراودا، باشترین ئابووریناس و تەنانەت براوەی خەڵاتی نۆبێلیش ناتوانن چارەی بکەن.