کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی ئێران ٢٠ لەسەد بچووکتر بووەتەوە

12:14 - 18 خەرمانان 2720

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا نرخی گەشەی ئابووریی ئێرانی لە وەرزی بەهاردا ڕاگەیاند کە بەپێی ئەو ئامارە گەشەی ئابووری بەنیسبەت بەهاری ساڵی ڕابردوو لە کەرتی پیشە و کانگاکان، مەنفی ٤.٤ لەسەد و کەرتی خزمەتگوزارییەکان، مەنفی ٣.٥ لەسەد بووە.

لەم نێوانەدا، هەڵسەنگاندنەکانی سندووقی نێونەتەوەیی دراو نیشان دەدات کە گەشەی ئابووریی ئێران لە کۆتایی ساڵی ١٣٩٩دا بەرابەر لەگەڵ مەنفی ٦ لەسەد دەبێت، هەروەها ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیم ئەم نرخەی نزیکەی مەنفی ٧ لەسەد پێشبینی کردووە.

لەمبارەوە ''وەحید شقاقی شەهری'' بەرپرسی کۆلێژی ئابووریی ''خارەزمی''، وتوویەتی کە  ئابووریی ئێران لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا ٢٠ لەسەد بچووکتر بووەتەوە و بەپێی هەڵسەنگاندنەکان ئەم گەشەیە هەتا کۆتایی ساڵی ٩٩ بە حسێبکردنی داهاتە نەوتییەکان لەنێوان مەنفی ٥ هەتا مەنفی ٧ لەسەد و بەبێ داهاتی نەوتی هەتا مەنفی ٣ لەسەد دەبێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاند، لە درێژەی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و چوونە سەرەوەی نرخەکان لە یەکە بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییەکان لە ساڵی ٩٨، یەک ساڵ دوای شەپۆلی گرانی، سفرەی بنەماڵەکانی ئێران ٥ لەسەد بچووکتر بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ''مەسعود خانساری'' بەرپرسی ژووری بازرگانیی تاران، بە بڵاوکردنەوەی چارتێک ڕایگەیاند کە داهاتی سەرانەی ئێران لە ساڵی ٩٨دا گەیشتووەتە ٤.٧ میلۆن تمەن کە لە ساڵی ١٣٨٣ کەمترین ڕێژەیە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت لە بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی خانوو و کرێ خانوو بڵاو بووەتەوە کە نیشان دەدات خەڵک توانای  دابینکردنی کرێ خانوویان نییە.