کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ قەیرانیتر دەبێت

12:11 - 16 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بانکی جیهانی، گەشەی ئابووریی ڕێژیمی ئێرانی لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینی، بە گەشەی نەرێنیی ٣.٨ لەسەدیی ڕاگەیاندووە.

ئەم بانکە جیهانییە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە، لە دوو ساڵی داهاتوودا بە هۆی هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر، بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی ئەرز و گەمارۆوەکانی ئامریکا، ١.٥ لەسەدی دیکە بەم گەشە نەرێنییە زیاد دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "بااقتصاد" بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، ڕایگەیاندووە، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا ئابووریی ئێران ٣/٨ لەسەد گەشەی نەرێنی کردووە و ئەم گەشە نەرێنییە لە دوو ساڵی داهاتوودا بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا و هەڵاوسانەکان ١/٥ لەسەدی دیکەی پێ زیاد دەبێت.

ئەم ئامارانەی بانکی جیهانی لە لایەن هەواڵدەریی "بااقتصاد" چەواشە کراوە و ئامارەکان بە جۆرێک دەسکاری کراوە، کە گوایە سەرەڕای گەشەی نەرێنیی ئابووریی ئێران دیسان دۆخەکە هەر باشە، بۆ نموونە باسی لە ئاستی بەشداریی ژنان لە بازاڕی کار کردووە، کە ١٩.٨ لەسەد بەرز بووەتەوە و ئێرانی لە پاڵ وڵاتانێک خستووە کە بەستێنی کار و پیشەی ژنانیان لە ئاستێکی باشدایە.   

هەڵسەنگاندنەکانی ئەم ناوەندە هەواڵدەرییە، بەتەواوەتی بە قازانجی ڕێژیمی ئێرانە و بە شێوەیەک باس لە ئاڵوگۆڕەکانی بواری ئابووری کراوە، کە گوایە لە چەند ساڵی داهاتوودا هیچ قەیرانێکی ئابووری لە ئێراندا نامێنێت و خەڵک لەوپەڕی خۆشیدا ژیان بەسەر دەبەن.

ئەمە هەواڵانە لە حاڵێکدا لە لایەن ناوەندەکانی سەر بە ڕێژیمەوە چەواشە دەکرێت، کە چەند ڕۆژ پێش، مامۆستایەکی بەناوبانگی بواری ئابووریی لە زانکۆی "جانز هاپکینز"ی ئامریکا، پڕۆفسۆر "ستیڤ هانکێ" دۆخی ئابووری ئێرانی بە دۆخێکی قەیرانی و ئاستی هەڵاوسانی ئەم وڵاتەی ٣٥١ لەسەد ڕاگەیاندووە.