کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئابووریی ئێران ئەمساڵ خراپترین دۆخی خۆی ئەزموون دەکات

12:54 - 25 خاکەلێوه 2720

ئەندامێکی هەیئەتی زانستیی دامەزراوەی لێکۆڵێنەوە بازرگانییەکانی ڕێژیم وتوویەتی، ئابووریی ئێران ئەمساڵ خراپترین دۆخی خۆی ئەزموون دەکات و نرخی دۆلاریش بەرز دەبێتەوە.

"عەلی دینی تورکمانی" وتوویەتی، جیا لەوەیکە ئەمساڵ ئابووریی ئێران دۆخێکی خراپی دەبێت دابەزینی هەناردەکردنی نەوت بۆ کەمتر لە ٥٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا؛ داهات و دەرکەوتی دەسەڵات خراپتر دەکات.

ناوبراو وتوویەتی نرخی دۆلار بۆ زیاتر لە ١٩ هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە و هەڵاوسان لە ساڵی ٩٩دا بەرزتر دەبێتەوە و تەنیا لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دەتوانێت ئابووریی ئێران ڕزگار بکات.

بەرزبوونەوەی کەسریی بودجە بۆ زیاتر لە ١٥٠ هەزار میلیارد تمەن دەبێتە هۆی ئەوەیکە تێچووەکان زیاتر بێت.

وڵاتی ئێران پلەی پێنجەمی هەڵاوسانی ئابووریی لە جیهاندا هەیە و بەرپرسانی ڕێژیم، جیا لەوەی کە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی نادەن، بەڵکوو حاشا لە ئامارەکانیشی دەکەن.

پسپۆڕانی ئابووری، جەختیان کردووەتەوە، ئابووریی ئێران، ئابوورییەکی کۆنتڕۆڵ نەکراوە. گەمارۆکانی ئامریکا، نەبوونی بەڕێوەبەرایەتی، گەندەڵی بناغەیی، بەتاڵانبردنی سەرچاوە گشتییەکان و کێبڕکێی مافیایی لەو بەشەدا، بارودۆخی ئابووریی ئێرانی بەرەو خراپتربوون بردووە.