کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاخوند مەنسووری بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا

18:02 - 31 جۆزەردان 2720

لە دوای ئەوەیکە ڕاگەیاندنەکانی "ڕۆمانی" بڵاویان کردەوە  کە ئاخوند "مەنسووری" تاوانباری پلەی نۆیەمی دۆسییەی گەندەڵیی ئابووری لە دەزگای دادوەریی ڕێژیمدا، بە مردوویی لەبەر شوێنی نیشتەجێ بوونەکەی دۆزراوەتەوە؛ لەبارەی ئەو دۆسییە  شرۆڤەی جیاواز کرا.

پۆلیسی ڕۆمانی لەلایەن دەفتەری زانیارییەکانی هۆتێلێکەوە ئاگادار کراوەتەوە کە "غوڵامڕەزا مەنسووری" نیشتەجێی ئەو هۆتێلە بووە لە یەکێک لە نهۆمەکانی ئەو هۆتێلە کەوتووتە خوارەوە و گیانی لەدەست داوە.

کەمێک پاش ڕووداوەکە پۆلیس جەنازەکە دەدۆزێتەوە و بە ڕاگەیاندنەکان ڕادەگەیەنێت کە پیاوێکی ٥٢ ساڵەی بیانی "بەهۆی تاوانەکانی کە لە وڵاتێکی دیکەدا کردوویەتی" لەژێر چاوەدێریی دادوەریدایە.

هەروەها هەواڵدەریی "گاندۆل" لە ڕۆمانی بڵاوی کردووەتەوە"دادوەر و ئاخوندێکی ئێرانی کە لە وڵاتەکەی خۆیدا تاوانبار بە وەرگرتنی بەرتیلی ٥٠٠ هەزار یۆرۆیی بووە، ڕۆژی هەینی پاش کەوتنەخوارەوە لە دەلاقەی ژوورەکەی لە هۆتێلیکدا گیانی لەدەست داوە".

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی مەنسووری، "هادی شێرزاد"، سەرۆکی ئینتێرپۆلی ئێران لە وتوویژێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردەوە.

هەتا ئێستا هۆکاری مردنی ناوبراو ڕوون نەبووەتەوە بەڵام بیروڕای جیاواز بەنیسبەت هۆکاری مردنی ناوبراو هەیە.

هەندێک کەس باس لەوە دەکەن کە "مەنسووری" وەکوو سندووقی ڕەشی دەزگای دادوەریی ئێران بووە و مادامێک ئێران نەیتوانیوە بیگەڕێنێتەوە کوشتوویەتی.

لەلایەکی دیکەشەوە پاش دۆزینەوەی جەنازەی ناوبراو لەلایەن پۆلیسی ڕۆمانییەوە دەستبەجێ ئێران ڕایگەیاند کە "مەنسووری" خۆی لە بینای هۆتێلی نیشتەجێبوونی فڕێ داوەتە خوارەوە و خۆی کوشتووە.

چالاکانی مافی مرۆڤی دژبەری ڕێژیمی ئێران، لەو باوەڕەدان کە "مەنسووری" چ خۆی کوشتبێت و چ کوژرابێت، پلانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە هتا ناوبراو نەمینێت کەشایەتی هەزاران تاوان و جەنایەتی ئەو ڕیژێمەیە.