کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئارتیکڵ ١٩: ڕێژیمی ئێران دەبێ لەسەر هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی سێ ژینگەپارێزەکەی پاوە لێکۆڵینەوە بکات

13:12 - 11 پووشپەڕ 2720

ڕێکخراوی "ئارتیکڵ ١٩" کە لە بریتانیایە لە ڕاگەیەندراوێکدا، وێڕای بەداخبوونی خۆی لەهەمبەر گیانلەدەستدانی سێ ژینگەپارێزی پاوەیی کە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە گیانیان لەدەست دا، داوای لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە کە دەبێ لەسەر هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی ئەو سێ ژینگەپارێزە لێکۆڵینەوە بکات.

ئەو ڕێکخراوە بریتانیاییە ڕایگەیاندووە کە "موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەدا گیانیان لەدەست داوە، هەروەها "ئەلبۆرز زارعی" کە پێشتر بریندار ببوو، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ پشتیوانی و هاوکارییەکیانی نەکردووە.

ڕێکخراوی "ئارتیکڵ ١٩" ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەبێ لەسەر هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی ئەم سێ کەسە لێکۆڵینەوە بکات، هەروەها بۆ پێشگرتن بە لەنێوچوونی سروشت و ئیمکاناتی سروشتی، دەبێ پێرسۆنێل و ئیمکاناتی تایبەت دیاری بکات تاکوو بە دژی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان بووەستنەوە و هۆکارە سەرەکییەکانی ئاگرگرتنەکان لەنێو ببەن و بە شێوەی کاریگەر بەرەوڕووی ئاگڕکەوتنەوەکان ببنەوە".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی موختار، یاسین، ئەلبورز و بیلال و کۆمەڵگای کوردستان ڕادەگەیەنین".