کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازەربایجان مانۆڕێکی نیزامیی دیکە لە دەریاری خەزەر بەڕێوە دەبات

10:47 - 19 رەزبەر 2721

لە گەرمەی گرژییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و کۆماری ئازەربایجان و لە حاڵێکدا وڵاتی ئازەربایجان دوو مانۆری نیزامیی هاوبەشی لەگەڵ تورکیە و پاکستان لە ئازەربایجان و نەخجوان بەڕێوە بردبوو، ئەو وڵاتە بۆ جارێکی دیکە دەیهەوێت لە دەریای خەزەر مانۆڕی نیزامی بەڕێوە ببات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''سپۆتنیک'' وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕەزبەر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە هێزی دەریایی ئەو وڵاتە لە ڕێکەوتی ١٩ هەتا ٢١ی ڕەزبەر مانۆڕی نیزامی بەرێوە دەبات.

ئەو وەزارتخانەیە باسی لەوە کردووە ئەو مانۆڕە بە بەشداریی کەشتییە شەڕکەرەکان و هێزی تایبەتی دەریایی بەڕێوە دەچێت و ئەرکەکانییان بۆ پاراستنی ژێرخانەکانی وزە لە ئاوەکانی ئازەربایجان ئەنجام دەدەن.

هاوکات ''حوسێن ئەشتەری'' فەرماندەی هێزی ئینتزامیی ڕێژیمی ئێران ڕۆژی شەممە لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان وتبووی کەرستە و هێزی نوێمان بۆ سنوورەکانی ئازەربایجان ڕەوانە کردووە.

گرژییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئازەربایجان بە بەڕێوەبردنی مانۆری نیزامیی ئەرتشی ئێران لەنێوان سنووری ئەو دوو وڵاتە زیاتر پەرەی گرت؛ بە شێوەیەک کە ئێران ڕێگای ئاسمانیی خۆی بۆ سەر فڕۆکەکانی ئازەربایجان داخست و لە بەرامبەردا "ئازەربایجانیـ"ـش ڕێگای هەناردەکردنی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ڕووسیە داخست.