کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی بازرگانیی ڕێژیمی ئێران و سووریە دوای ١٠ ساڵ، ٨٠ لەسەد دابەزیوە

17:17 - 2 سەرماوەز 2721

بەرپرسانی نیزامی و سیاسیی ڕێژیمی ئێران باس لەو دەکەن کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لە سووریە تووشی تێچوویەکی زۆری ئابووری بوونە، بۆیە لە هەوڵدان لە ڕێگای بەشداریکردن لە بەرنامەی نۆژەنکردنەوە و بەدەستهێنانی پشکێکی گونجاو بۆ کاڵا بەرهەمهێنراوەکانی ئێران، ئەو زیانە قەرەبوو بکەنەوە، بەڵام ڕێژەی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ساڵانی ڕابردوودا دابەزینی ٨٠ لەسەدیی هەبووە.

''محەممەد ئەمیرزادە'' جێگری ژووری بازرگانیی ئێران وتوویەتی: ''کۆماری ئیسلامی لە دیپلۆماسیی ئابووری لاوازە و ناتوانێت پەیوندیی بازرگانیی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دابمەزرێنێت و تەنانەت لەو وڵاتانەی کە دزەی زۆرە، کارکردێکی ئابووریی گونجاوی نەبووە".

ناوبراو بە دەرخستنی ئامارێک لەو وڵاتانەی کە لەگەڵ سووریە بازرگانییان هەیە وتی کە پشکی تورکیە لە ئێستادا ٣٠ لەسەد و پشکی ئێرانیش تەنیا ٣ لەسەدە.

''حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە'' بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتی دەرەوە لە مەجلیسی پێشوو وتوویەتی کە تێچووی نیزامیی ئێران لە سووریە دەگاتە ٣٠ میلیارد کە بەشی زۆری ئەو تێچوویە لە هەوڵی نیزامیی سپای پاسداران لەو وڵاتە و تەیارکردنی میلیشاکانی سەر بە ئێران تەرخان کراوە.

سەرەڕای تێچوویەکی زۆری سیاسی، نیزامی و ئابووریی بەربڵاو بۆ لە دەسەڵات مانەوەی ڕێژیمی "بەشار ئەسەد"، پشکی ڕێژیمی ئێران لە ئابووریی ئەو وڵاتە لە ساڵانی ڕابردوو دابەزینێکی بەرچاوی هەبووە.

گرینگترین هۆکاری دابەزینی بازرگانیی ئەو دوو وڵاتە بۆ گەمارۆکان و نەبوونی ڕێڕەوێکی ئەمن بۆ ڕاگواستنی کاڵاکان دەگەڕێتەوە.