کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی بازرگانیی ئێران لە ٧ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ـەوە لەگەڵ شەریکە بازرگانییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە

12:18 - 20 خەرمانان 2720

ئاماری نوێی شەریکە بازرگانییەکانی ڕێژیمی ئێران ئەوە دەردەخات کە ئاستی هەناردەکردنی ئێران بۆ وڵاتانی هیند، کۆرەی باشوور و ژاپۆن بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و هەناردەکردنی ئەو وڵاتانەش کەم بووەتەوە.

هیند لە ٧ مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوودا ٣ میلیارد دۆلار هاوردەکردنی لە ئێران هەبووە، بەڵام لەم ماوە زەمانییەی ئەمساڵدا ١٤٠ ملیۆن دۆلار هاوردەکردنی لە ئێران هەبووە.

وەزارەتی دارایی هیند ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی خەرمانان، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە هەناردەکردنی هیند بۆ ئێران لەم ماوەیەدا بە دابەزینێکی ٤٥ لەسەدی گەیشتووەتە یەک میلیارد و ٥٧٥ ملیۆن دۆلار.

هەروەها هەناردەکردنی ئێران بۆ تورکیە لە ٣ میلیارد دۆلارەوە بۆ ٥٨٠ ملیۆن دۆلار دابەزیوە و هاوردەکردنی ئێران لە تورکیەوە بە دابەزینێکی ٣١ لەسەدی گەیشتووەتە ١.١٢ میلیارد دۆلار، بەم پێیە هەناردەکردنی تورکیە بۆ ئێران دوو بەرابەری هاوردەکردنی بووە.

هەناردەکردنی ئێران بۆ کۆرەی باشوور لە ٢.١ میلیارد دۆلارەوە گەیشتووەتە ژێر ٧ میلۆن دۆلار و هاوردەکردنیشی لەو وڵاتەوە لە ٢٨٢ ملیۆن دۆلار بۆ ١٠٥ ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەم پێیە هەناردەکردنی ئێران بۆ کۆرەی باشوور هەتا ڕادەیەک پچڕاوە.

هەروەها هەناردەکردنی ئێران بۆ ژاپۆن لە نزیکەی ١.٢ میلیارد بۆ ٢٢ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.

وڵاتی چین کە وەکوو گەورەترین شەریکی بازرگانیی ئێران دێتە ئەژمار، هەناردەکردنی ٧ مانگەی ئێران بۆ وڵاتی چین دابەزینێکی ٦١ لەسەدیی هەبووە و گەیشتووەتە ٣.٥ میلیارد دۆلار.

هەروەها هاوردەکردنی ئێران لە وڵاتی چینەوە لەم ماوەیەدا ٦ لەسەد دابەزیوە و گەیشتووەتە ٥.١٢ میلیارد دۆلار.