کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی بازرگانیی ئێران لەگەڵ هیندوستان ٩٤ لە سەد دابەزیوە

12:20 - 9 جۆزەردان 2720

ئامارەکانی وەزارەتی دارایی هیند کە ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردان بڵاو بووەتەوە، نیشان دەدات کە هاوردەکردنی ئەم وڵاتە لە ئێران لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٩٤ لەسەد دابەزیوە و گەیشتووەتە ژێر ٨٠ ملیۆن دۆلار.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو، ئەم ڕێژەیە زیاتر لە دوو میلیارد دۆلار بووە.

هەروەها ئامارە فەرمییەکانی هیند ئەوە نیشان دەدات کە ڕێژەی هەناردەکردنی ئێران لە ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠٨ ملیۆن دۆلار کە بەنیسبەت ماوەی وێکچوو لە ساڵی ڕابردوو، ٣٨ لەسەد دابەزیوە.

بەم پێیە پێش لە گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی هەناردەکردنی ئێران بۆ وڵاتی هیند نزیکەی ٥ بەرابەری ڕێژەی هاوردەکانی لەو وڵاتە بوو، بەڵام لە ٣ مانگی یەکەمی ساڵ ٢٠٢٠ هەناردەکردنەکانی هیند بۆ ئێران ١٠ بەرابەر لە ڕێژەی هاوردەکانی لە ئێران بەرزتر بووەتەوە.

هیند دوای وڵاتی چین، دووەمین کڕیاری گەورەی نەوتی ئێران بوو کە لە نیوەی ساڵی ڕابردوو بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە کڕینی نەوتی لە ئێران ڕاگرت.

سندووقی نێونەتەوەیی دراو پێشبینیی کردووە کە هەناردەکردنی نەوتی و غەیرە نەوەتی و خزمەتگوزارییەکانی ئێران لە ئەمساڵدا دەگاتە ٤٦ میلیارد دۆلار کە ئەم ڕێژەیە کەمتر لە نیوەی هەناردەکردنەکانی لە ساڵی  ٢٠١٨یە.