کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی هەناردەکردنی ئامریکا بۆ ئێران لە ماوەی ٦ مانگدا، لە نیوە کەمتر بووە

12:45 - 17 گەلاوێژ 2720

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی ناوەندی ئاماری ئامریکا، ئەم وڵاتە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٢١ ملیۆن دۆلاری هەناردە بۆ ئێران هەبووە کە بەنیسبەت ماوەی وێکچوو لە ساڵی ڕابردوو، لە نیوە کەمتر بووەتەوە.

لەم ماوەیەدا ئاستی هاوردەکردنی ئامریکا لە ئێرانەوە  ٣ ملیۆن دۆلار بووە.

ئەو کاڵایانەی کە لە ئامریکاوە بۆ ئێران هەناردە دەکرێت، زیاتر کەلوپەلی پزیشکی، دەرمان و خۆراک لەخۆ دەگرێت.

کۆی گشتیی هەناردەکردنی ئامریکا بۆ ئێران لە ساڵی ڕابردووی زایینی نزیکەی ٧٧ ملیۆن دۆلار بووە و ئاستی هاوردەکردنی لە ئێران ١.٤ ملیۆن دۆلار بووە.

لە ساڵی ڕابردوودا، هەناردەکردنی ئێران بۆ ئامریکا لە مانگەکانی ژانوییە، ئاوریل، ئاگوست و سێ مانگی کۆتایی ساڵ، لە ئاستی سیفردا بووە، بەو واتایە لە نیوەی ساڵێکدا، ئێران هیچ هەناردەیەکی بۆ ئامریکا نەبووە.

هەروەها دوای گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨، ئاستی بازرگانیی وڵاتانی ئاسیایی وەکوو هیند، ژاپۆن، کۆرەی باشوور، چین و تورکیە  لەگەڵ ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.