کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ ١٨٢ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە

11:43 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران تەنیا دەتوانێت لە ڕۆژێکدا، ١٨٢ هەزار بەرمیل نەوت بە خواردن و دەرمان و قەرزەکانی بگۆڕێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی فرۆشتنی نەوتی ڕێژیم، بە ماڵپەڕی "کەیهانی لەندەنـ"ـی ڕاگەیاندووە کە لە حەوتووی دووەمی مانگی پووشپەڕەوە هەتا ١٦ی پووشپەڕ، ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژێکدا تەنیا ١٨٠ هەتا ١٨٢ هەزار بەرمیل نەوتی لە بەرامبەر خواردن و دەرمان و قەرزەکانی پێشووتری، گۆڕیوەتەوە.

"بیژەن زەنگەنە"، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، هەرچەندە ئامارێکی لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمەوە نەدا، بەڵام ڕایگەیاند: "ڕاگەیاندنی ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت بۆم گرانە، ئەگەر بڵێم دۆخەکە باشە، ئەوا ئامریکاییەکان ناڕەحەت دەبن و گوشارەکان زیاد دەکەن، ئەگەر بیشڵێم دۆخەکە باش نییە، خەڵکی ئێران نیگەران دەبێت".

پێش ڕاگەیاندنی دەوری دووەمی گەمارۆکانی ئامریکا لە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ لەژێر گوشارەکانی ئامریکا بۆ بە سفر گەیاندنی  هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران، بە کەمترین ئاستی خۆی گەیشتووە و پێشبینیش دەکرێت زۆر لەمە کەمتریش ببێتەوە.