کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی ژیانی کرێکاران گەیشتووەتە خوارتر لە هێڵی هەژاریی ڕەها

21:40 - 29 رەزبەر 2720

"عەلیڕەزا حەیدەری" ئەندامی شورای باڵای کار ڕەخنەی لە سیاسەتگەلێک گرتووە کە بووەتە هۆی چوونە سەرەوەی نرخی دۆلار و ڕایگەیاندووە کە ئاستی ژیانی کرێکارگەلێک کە لانیکەمی حەقدەست وەردەگرن لە هێڵی هەژاریی ڕەها لە خوارترەوەیە.

چوونە سەرەوەی نرخی دۆلار، حەقدەستی کرێکارێک کە لانیکەمی حەقدەست وەردەگرێت تا ٨٠ دۆلار لە مانگێکدا هێناوەتە خوارەوە و توانای کڕینی کرێکاران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران بەپێی ئەسڵی ٤١ی یاسای کار، دەبێ بژێویی بنەماڵەیەکی ٣.٣ کەسی دابین بکات.

شورای باڵای کار، لانیکەمی حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی داهاتوو ١ ملیۆن و ٩١٠ هەزار تمەن دیاری کردووە کە بە پاشکۆکانی حەقدەستەکەوە دەکاتە کەمتر لە ٣ هەزار تمەن.

دابەزینی نرخی پارەی ئێران توانای کڕینی ڕاستەقینەی کرێکارانی لە مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو هێناوەتە خوارەوە و بەپێی نرخی ئێستای دۆلار کە نزیکەی ٣٠ هەزار تمەنە، پشکی هەر بنەماڵەیەکی کرێکاری ڕۆژانە ناگاتە یەک دۆلاریش.

بەپێی ستانداردەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کەسانێک کە داهاتی ڕۆژانەیان کەمتر لە یەک دۆلار بێت، لە هەژاریی ڕەهادان و توانای دابینکردنی لانیکەمی پێداویستییەکانیان نییە.