کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی گرانی لە ئێراندا بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە

13:39 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی گرانیی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە ئێراندا، ئەم جارە خەڵک بۆ کڕینی پەتاتە دەبێ ماوەیەکی زۆر لەنێو سەفدا ڕاوەستن.

دوای پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران، نرخی پێداویستییەکانی ژیان لە بازاڕەکاندا ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەستێنێت.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە گرانییەکان، بۆ کڕینی پەتاتە، لە نێو سەفێکی دوورودرێژدا ڕاوەستاون و دەبێ ماوەیەک چاوەڕوان بن کە نۆرەیان بگات.

گوشاری گرانییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵکی ئێران توانایی کڕینی شتومەک و خواردەمەنییەکانیان نەماوە و پێشتریش بینەری سەفی لەم چەشنە بووین کە خەڵک بۆ دابینکردن و کڕینی خواردەمەنییەکانیان، لەوانە: "گۆشتی سوور، هێلکە، پیواز، مریشک، شەکر و برنج و..."، بە نرخێکی کەمتر لە باقیی دووکانەکان، ماوەیەکی زۆر لە سەفدا دەوەستان.