کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسەوارێکی مێژوویی لە پیرانشار دۆزرایەوە

11:46 - 16 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایانگەیاندووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە کەوناراییەکان، ئاسەوارێکی مێژووییی گرینگ لە شاری پیرانشار دۆزراوەتەوە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە زاری بەڕێوەبەری میراتە فەرهەنگییەکانی پارێزگای ورمێ، بڵاویان کردووەتەوە، ئاسەوارێکی مێژوویی، کە بۆ چاخی "ئاسن" دەگەڕێتەوە، لە شاری پیرانشار دۆزراوەتەوە و کاری لەسەر دەکرێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم ئاشکرای نەکردووە، ئەو شوێنە مێژوویییە لە کوێی پیرانشارە و تەنیا ئاماژەی بە دۆزینەوەی ئەو شوێنە کردووە.

ئەو شوێنە یەکێک لە گەورەترین لێکۆڵینەوەکانی دێرینەناسی لە ئاستی ئێراندایە.

بڕیار وایە لێکۆڵینەوەکانی لە بارەی ئەو شوێنە مێژوویییە لە بەهاری ساڵی داهاتوو دەست پێ بکات.

ساڵانێکی دوور و درێژە، کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەی سیستماتیک، خەریکی تاڵانی هەموو سەرچاوەکانی داهات لە کوردستان، بەتایبەت ئاسەوارە مێژوویییەکانە و هەتا ئێستا چەندین هەزار پارچەی بەنرخی لەم ئاسەوارانە کە نوێنگەی کولتوور و شارستانییەتی کوردستانە بەتاڵان بردووە.

سیاسەتی پشتگوێخستنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە بارەی ئاسەوارە مێژوویییەکانەوە وای كردووە، كە ڕەوتی لەنێوچوونی میراتە مێژوویی و فەرهەنگییەكانی ئێران و بەتایبەت کوردستان خێرایییەكی بەرچاو لە خۆ بگرێت.

کارناسانی ئاسەوارناسی لەو باوەڕەدان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستە نەک هیچ هەنگاوێکیان لەمەڕ پاراستنی ئاسەوارە مێژوویییەکان هەڵ نەگرتووە، بەڵکوو خۆیان بەشێک لە هۆکاری ڕووخان و لەنێوچوونی ئەو ئاسەوارانەن.