کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسەوارە مێژووییەکان قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمن

17:42 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان بەهۆی سیاسەتە سیستماتیکەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەتاڵان دەچن و مێژووی کورد دەکەوێتە هەڕەشەوە.

بەپیی هەواڵی هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە گوندی "نەرزیوێـ"ـی سەر بە شاری شنۆ، خەڵکی نەزان و هەلپەرەست هەوڵی بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییە ژێرخاکییەکانیان لەو شوینەدا داوە، کە بە یارمەتیی خەڵکی ئەو گوندە و ژینگەپارێزانی ناوچەکە پێش بەو دیاردە قێزەونە لەو گوندەدا گیراوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەوە دەڵێت، بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەوڵێکیان بۆ پێشگرتن بەو کارە نەداوە و لە ئاکامدا خەڵکی گوندەکە، خۆیانیان بە ئەرکدار زانیوە و پێشیان بە درێژەدانی ئەو ڕووداوە گرتووە.

سیاسەتە چەوت و سیستماتیکەکانی ڕێژیم وای کردووە، کە ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان، بە ئاسانی بە تاڵان بچن و تەنانەت خودی ڕیژیم ساڵەهایە، لەڕێگەی بەتاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان هەوڵی سڕینەوەی میژووی ئەم گەلە دێرینە دەدات.

زۆربەی ئاسەوارە مێژوویییەکان لە کوردستاندا، لە لایەن کەسان و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تاڵان دەکرێت و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، یەکێک لە سەرەکیترین مافیای بازرگانیی  ئاسەوارە مێژوویییەکانه.