کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسەوارە مێژووییەکانی پارێزگای ئیلام ئەگەری لەنێوچوونیان لەسەرە

10:53 - 5 بەفرانبار 2721

"عەبدولمالک شەنبەزادە" بەڕێوەبەری گشتیی گەشتیاری و پیشەی دەستیی پارێزگای ئیلام وتوویەتی: "بەهۆی بەربڵاوبوونی ئاسەوارەکان، دۆخی تۆپۆگرافیی پارێزگا و تەماحی هەلپەرستان ئاسەوارەکانی ئەو پارێزگایە مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە".

وتەی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە بە تاڵانبردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستان تەنیا لەلایەن کەسانی سەر بە ڕێژیمەوە بۆ سڕینەوەی مێژوو و شوناسی کورد ئەنجام دەدرێت.

پارێزگای ئیلام لە بواری پیشەی گەشتیاری و بوونی ژێرخانە گەشتیارییەکانەوە دەفرایەتییەکی زۆری هەیە و گرینگیپێدان بەو پیشەیە دەتوانێت بەشێکی زۆر لە قەیرانی ئابووری و بێکاریی هاووڵاتییان لەو پارێزگایە چارەسەر بکات.

پاڕێزگای ئیلام زیاتر لە دوو هەزار ئاسەوار و شوێنی سەرنجڕاکێشی مێژوویی هەیە کە دەتوانێت شوێنێکی باش بۆ گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانی بێت.

 بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پەیوەندیدار ئەو شوێنانە لەلایەن کەسانی هەڵپەرست و دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمەوە دەستکاری دەکرێن و بەهۆی دروستبونی کەندوقوڵکێکی زۆر سەرنجڕاکێشیی خۆیان لەدەست دەدەن.