کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشتی یان ڕێککەوتنی دێموکراسی و تێرۆریزم

16:07 - 24 رەزبەر 2719

مەلا عەلی سێڵاو

لانیکەم پاش هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤییەت (شورەویی پێشوو)، جیهان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدارتر لە شەڕی نێوان دوو زلهێزی گەورەی شورەوی و ئامریکا ڕۆییشت، چەندین گرووپی ڕادیکاڵی ئایینی ئەکتیڤ بوون، ڕەنگە لایەنگرانی ئیسلامی سیاسی و چەمکی جیهادی، یەکێک لەو مەترسییانە بووبن کە جیهانی خستە ژێر کاریگەریی خۆی، بەوەش جیهان بە دوو بەشی سوسیالیزم و لیبراڵیزمی سەرمایەداری بەرەو دێموکراسی و تێرۆریزم دابەش بوون.

شۆڕشی گەلانی ئێران و گۆڕانکاری لە سیستمی دەسەڵات لە ئێران لە پادشاهیی سێکولار بەرەو کۆماری مەزهەبی وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە ململانێی نێوان چەمک و دەستەواژەکان، بەهۆی دروشمە پاوانخوازە مەزهەبییەکان لە ئێران، خۆرهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی ئیسلامی چەندین حیزبی سیاسیی ئیسلامی لەسەر باوەڕی توندئاژۆیی "اخوان المسلمین" دروست بوون. دروستبوونی ئەم حیزبانە لەسەر دژایەتیی سێکولاریزم و دێموکراسیی ڕۆژئاوایی ڕۆژبەڕۆژ پەرەیان ئەستاند و وڵاتانی دێموکراسیخواز هەستیان بەو مەترسییە کرد کە ئیسلامی سیاسی جیهادی مەترسیدارن و دەبێ بە هەر شێوازێک بێت پێش بەو چەمکە توندئاژۆیە بگرن.

ئامریکا وەک سەرەکیترین هێزی چەکداریی جیهان و دەوڵەمەند لە بواری ئابووری، خۆی وەک یەکەتازی مەیدان دەبینی بەڵام سەرهەڵدانی تێرۆریزم و ڕادیکاڵبوونی دەسەڵاتە مەزهەبییەکان لە خۆرهەڵات، مەترسییەک بوو بۆ ئەم وڵاتە، بۆیە ڕاستەوخۆ دژایەتیی سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسیی کرد و بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە جیهان بەتایبەت خۆرهەڵاتی نێوەڕاست کە تەژی لە نەوت و گازە، دروشمی دێموکراسیی ئەکتیڤ کرد و بە ناوی پەرەپێدان بە ئازادیی گەلان و نەتەوە ژێردەستەکان پێگەیەکی جەماوەریی دروست کرد. ئیسلامی سیاسیی ڕادیکاڵیش دەستەوەستان نەبوو بەڵکوو بە ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تێرۆریستی ئامریکای کردە ئامانج کە هێرش بۆ سەر باڵاخانەکانی ئامریکا لە ۱۱ی سێپتامبری ۲۰۰۱ زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ ئامریکا، ئەم هێرشە تێرۆریستییە بووە هۆی ئەوەیکە ئامریکا هێرش بکاتە سەر تاڵبان لە ئەفغانستان بە بیانووی لەنێوبردنی تاقمی ئەلقاعیدە، لەو لاشەوە هێرشێکی هەمەلایەنەی کردە سەر دەسەڵاتی عێراق و بە پشتیوانیی کوردەکان دەسەڵاتی عێراقی ڕووخاند.

پاش نەمانی "سەدام حوسێن"، بوارێکی بەهێز بۆ ئامریکا هاتە ئاراوە کە ئابووریی وڵاتەکەی زیاتر بەهێز بکات.

دیار و ئاشکرایە کە کورد بە درێژایی مێژووەکەی خوازیاری دێموکراسیبوونی ناوچەکە بووە و هەمیشە هەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دێموکراتیکی ڕۆژئاوایی و ئامریکا، نیزیکایەتی و دۆستایەتی و هاوپەیمانییەتییەکی بەهێزی هەبێت، چونکە کورد باوەڕی وایە کە دێموکراسی دەتوانێت پارێزەری دەسکەوتەکانی بکات و هەمیش پاڵپشتیی زلهێزان، بەتایبەت ئامریکا، ئەو گەلە لە مەترسییە جیاجیاکانی سەر جوغرافیای نیشتیمانەکەی بپارێزێت و بە ماف و ئازادییەکانی بگات.

بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە ئامریکا و زلهێزەکانی تر تەنیا خوولیای بەرژەوەندیی خۆیانن و لە بنەڕەتدا هیچ گرنگی بە ماف و ئازادیی گەلانی تر نادەن.

ئامریکا خۆی بە وڵاتێکی لیبڕاڵ و دێموکرات پێناسە دەکات، هاوکات لەم لاشەوە دۆستایەتییەکی لەمێژینەی لەگەڵ دیکتاتۆرە ناسیۆناڵیستەکانی تورک و عەرەبدا هەیە. ئەم دۆستایەتییە بەهۆی دەوڵەمەندبوونی وڵاتە عەرەبییەکان و ستراتیژیکبوونی جوغرافیای وڵاتی تورکەکان دەبێتە هۆی فەرامۆشکردنی دێموکراسییەت و پشتگوێ خستنی نەتەوە ژێردەستەکان و هاوپەیمانەکانی کە ساڵانێکی زۆر پاڵپشتی سیاسەتی ئامریکا بوونە بۆ دژایەتیی تێرۆریزم و دەوڵەتی ئیسلامیی شام و عێراق.

پاش بێهێزبوونی داعش و قارەمانیەتیی پێشمەرگە و شەڕڤان لە شەڕی داعش، ئامریکا کوردەکانی بە تەنیا هێشتەوە کە لە لایەن چوار دەوڵەتی دڕندەی وەک ویلایەتی فەقیهـ و تورک و عەرەبەوە گەمارۆ دراون. ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە باشوور کە نموونەیەکی بەرزی دێموکراسی و ڕەوشتی مرۆڤایەتی بوو لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئێرانەوە هێرشی کرا سەری، لەم لاشەوە ئێران و تورکیە سنوورەکانیان بە ڕووی هەرێم  داخست و جووڵەیان بە سەربازەکانیان کرد.

ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە هاوپەیمانانی کورد ئەوە بوو وڵاتانی دێموکراتیک و دژبەرانی تێرۆریزم تەنیا کگرنگی بە ماف و ئازادییەکانی کۆنواسیونی پەسندکراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بدەن، بەڵام موخابن ئەوان پشتی کوردیان چۆڵ کرد و هاوڕابوون لەگەڵ دڕندەکانی سەر بە سپای پاسداران.

ئەوە سەرەتایەک بوو لە ۲۰ ساڵی ڕابردوو کە ئامریکا و زلهێزان پشتی پێشمەرگەیان چۆڵ کرد کە شان بە شانی هاوپەیمانان بەشداریی شەڕی داعش و  دژی تێرۆر بوون.

لە کوردستانی ڕۆژئاواش هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیە و گرووپە تێرۆریستەکانی ئیسلامی ڕادیکاڵ بە دژی ژن و منداڵی بێتاوانی کورد بە کردەوەیی کرا و کوردستانی سووریەش بێ پشتیوان مایەوە! موخابن ئەوەی ئەمڕۆ لە جیهاندا دەبینرێت ئەوەیە، ئەوەی شەڕی تێرۆر و وەحشیگەری و داعش بکات، سەزاکەی مەرگە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆی پێچاوەتەوە.

ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی سەرکەوتنی زیاتری تێرۆریستانی سپای پاسدارانی ئێران و توندڕەوکانی ناوچە کە زیاتر دەستیان ئاوەڵا بێت لە پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی کورد و زیاتر خەریکی ئازار و ئەشکەنجەدانی لاوان و ئازادیخوازان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی.

کورد پێویستە زیاتر وریا بێت لە کاتی خۆی کەڵکی دروست لە دیپلۆماسیی دەرەکی وەربگرێت، بەڵام زۆرتر گرنگی بە یەکخستنی نێوماڵی خۆی بدات و کێشە و ململانێکان پشتگوێ بخات. ئەگەرنا هەر دوو لایەنی دێموکرات و تێرۆر خەریکی ژینۆسایدی ئەو گەلەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.