کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی سەدان بەڵگە لە هەوڵەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا

12:53 - 28 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، سەدان لاپەڕەی لە بەڵگە نەهێنییەکانی بەرنامەی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی دزەی زیاتر لە عێراقی ئاشکرا کرد.

ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ خەزەڵوەر، سەدان لاپەڕەی لە بەڵگەکانی پەیوەندیدار بە سرویسە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بڵاو کردووەتەوە کە باس لە دزەکردن و کارگەریی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی عێراق، دوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئامریکا لەو وڵاتەدا دەکات.

ڕۆژنامەی ئامریکایی نیۆیۆرک تایمز و هەروەها بڵاڤۆکی ''ئینتێرسێپت'' باس لە تاوتوێکردنی ٧٠٠ لاپەڕە دەکەن کە زۆربەیان لە ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە نووسراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی نیۆیۆرک تایمز، ئەم بەڵگانە سیخووڕی و چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لەنێو خاکی عێراق بۆ دزەکردن لە هەڵبژاردنی ڕێبەرانی ئەم وڵاتە، دانی پارە بە نوێنەرانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و هەروەها دزەکردن لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و مەزهەبی نیشان دەدات.

لەم بەڵگانەدا، ڕۆڵی ''قاسم سلێمانی'' فەرماندەی سپای تێرۆریستی قودس لە عێراقدا نیشان دراوە.

هەروەها لەم بەڵگانەدا باس لە دانیشتنەکان لە شاری بەغدا و نەجەف کراوە کە ڕێژیمی ئێران، حیزبەکانی ئە وڵاتە بۆ پشتیوانی لە ''عادڵ عەبدولمەهدی'' ڕازی بکات.

ئەوەش ئاشکرا بووە کە ''حەیدەر عەبادی'' و ''ئیبراهیم جەعفەری''، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و هەروەها ''سەلیم ئەلجبوری''، سەرۆکی پێشووی پارلمانی عێراق لەگەڵ سرویسە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران پەیوەندی و هاوکارییان هەبووە.

هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە ناردنی تەڵەبە بۆ حەوزەی عێلمییەی عێراق و هەروەها هۆتێلسازی لە کەربەلا و نەجەف پێداگری دەکات.