کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی شوناسی فەرماندەی یەگانی مووشەکیی حیزبوڵڵای لوبنان

12:45 - 27 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: شوناسی فەرماندەیەکی ڕێژیمی ئێران کە لە یەگانی مووشەکیی حیزبوڵڵای لوبناندا چالاکی دەکات، ئاشکرا بوو.

کاناڵی خەبەریی ''ئای ٢٤'' کە سەر بە ئیسرائیلە، لە ڕاپۆرتێکێدا شوناسی فەرماندەیەکی ڕێژیمی ئێرانی کە فەرماندەریی یەگانی مووشەکیی خاڵپێکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ئەستۆیە، ئاشکرا کرد.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوی ئەو فەرماندەی ڕێژیمی ئێران، ''مەجید نوید''ە و تەمەنی ٥٤ ساڵە.

ناوبراو، بەرپرسی فەرماندەیی سێ سایتی مووشەکی لە شاری بەیرووت و دوو سایتی مووشەکیی دیکەشە لە باشووری لوبنان.

ئەم کاناڵە خەبەرییە، ئەوەشی خستەڕوو کە ''مەجید نەوید''، کە هاوکات کارناسی مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانە و پێرسۆنێلی ڕێکخراوی هەوا و فەزای سپای تێرۆیستی پاسدارانێشە و بەردەوام لەگەڵ هاوکارانی خۆی لە یەمەندا، لە پەیوەندیدایە.

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا، ئاماژە بە حوزووری مەهەندیسەکانی ئێران کراوە کە لە سایتەکانی مووشەکیی زەوی بە زەویی حیزبوڵڵادا کار دەکەن تا توانایی ئەم مووشەکانە ببەنە سەرەوە و بیکەنە مووشەکێکی خاڵپێک.

ڕێژیمی ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی گرووپە تێرۆریستییەکان و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی لە ناوچەکەدا، درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، لە هەمان کاتدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دژبەرەکانی بەکاریان بهێنێت.