کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاغازادەیەکی سێ ساڵە، خاوەنی ٩٠ لەسەدی شیرکەتێکی دەرمانییە

18:06 - 28 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: خاوەنی گەورەترین شیرکەتی دەرمانی لە ئێراندا، ئاغازادەیەکی لەدایکبووی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، "باشگای خەبەرنگارانی جەوان"، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە منداڵی یەکێک لە ئەندامانی هەیئەت مودیرەی ڕێکخراوی هاوردەکردنی دەرمان لە ئێراندا، خاوەنی ٩٠ لەسەدی یەکێک لە شیرکەتەکانی هاوردەکردنی دەرمانە بۆ ئەم وڵاتە.

ئەم هەواڵدەرییە، بێ ئاماژەدان بە ناوی ئەم منداڵە ڕایگەیاندووە: "ئەم منداڵە لەدایکبووی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوییە کە لە تەمەنی سێ ساڵیدا، خاوەنی ٩٠ لەسەدی شیرکەتێکی هاوردەکردنی دەرمان بووە و لە ئێستادا خاوەنی ٣٩ پەروانەی هاوردەکردنی  خواردن و دەرمان، بە هەبوونی ٢٠ ملیۆن بەکارهێنەرە و دەرمان لە برەندە بەناوبانگەکانی ئورووپایی و ئاسیایی هاوردە دەکات و داراییەکەی دەگات بە چەند سەد میلیارد تمەن."

وشەی ئاغازادە، بۆ ئەو کەسانە بەکار دەهێنرێت کە لە ڕێگای کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵات و هێزی دایک و باوک یان خزمانی نزیکیان، سامانێکی زۆریان بەدەست هێناوە و خەریکی بازرگانی کردنن.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کەمپەینێک لەژێر ناوی "منداڵەکەت لە کوێیە؟"، لە لایەن بەکارهێنەرانی ئێرانیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستی پێکردووە، تا لەو ڕێگەیەوە سەرمایە و کاری منداڵانی بەرپرس و دەسەڵاتداری ڕێژیم بزانرێت.

جێگای ئاماژەیە، لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیم زۆر جار داوا لە خەڵک دەکەن کە ژیانێکی سادە بەڕێوە ببەن، یاخود پێبەندی حیجاب و یاساکانی جلپۆشین بن، منداڵەکانی خۆیان بە بەکارهێنانی پارە و سامانی خەڵک، باشترین ژیانیان لە وڵاتانی ئورووپایی و ئامریکاییدا هەیە.