کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئالان" لە دەریای نێوەڕاست پەنابەران ڕزگار دەکات

00:07 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کەشتیی نەجاتی پەنابەران لە ڕێوڕەسمێکدا لە کەناراوەکانی وڵاتی ئیسپانیا، ناوی "ئالانـ"ـی بۆ هەڵبژێردرا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، کەشتییەکی کاروباری مرۆڤدۆستانە کە پەنابەران لە ئاوەکانی دەریای ئێژەدا ڕزگار دەکات و بە هانای کەسانی پەنابەرەوە دەچێت، ناوی "ئالانـ"ـی بۆ هەڵبژێردرا.

ئەو کەشتییە سەر بە ڕێکخراوی مرۆڤدۆستانەی "چاوی دەریا"یە و ڕێوڕەسمی گۆڕینی ناوی ئەو کەشتییە لە کەنارئاوی پاڵما ـ مایۆرکای وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا "عەبدوڵڵا کوردی" باوکی ئالان بەشدار ببوو.

به‌ره‌به‌یانی یەكێک لە ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی، لە لێوارەکانى ده‌ریای ئاکیالار، لە بەشی بۆدروم لە پارێزگاى موغلای تورکیه، تەرمى ئالان کوردی، تەمەن سێ ساڵان دۆزرایەوە، کە بە دەمدا بەسەر لمەکانى لێواری دەریاکەدا کەوتبوو.

بنەماڵەى ئالان کوردی، خەڵکی کۆبانێ لە ڕۆژئاواى کوردستانن و لە ساڵی ٢٠١٥دا، بە بەلەمێک لە دەریاى سپیی نێوەڕاستەوە ڕوویان لە دووڕگەى کۆس لە یوونان کردبوو، بەڵام بەلەمەکە لە نێو شەپۆلی ئاوی دەریاکەدا هەڵگەڕابووە و دوای ماوەیەکیش نوقم بوو و بەو هۆیەوە ئالان کوردی، غاڵب کوردیى برای، ڕەیحانی دایکى ئالان و غالب، لەگەڵ ٩ پەنابەری تری سەر بەلەمەکە گیانیان لە دەست دا.