کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادەباشیی تیمەکانی فریاکەوتنی ئێران بۆ یارمەتیگەیاندن بە تورکیە؛ خزمەتگوزاریی ئوڕژانسی پارێزگاکانی ئێران لە نزمترین ئاستدایە

10:57 - 5 رێبەندان 2719

وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، تیمەکانی تایبەتی ڕێکخراوی فریاکەوتن لە ئامادەباشیی تەواودایە و ئامادەیە یارمەتی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی تورکیە بگەیەنێت؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ئێران و بەتایبەتی لافاولێدراوان، لە خزمەتگوزاریی فریاکەوتن بێبەرین.

دوا بە دوای بوومەلەرزەیەک کە باکووری کوردستانی هەژاند، وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، تیمە تایبەتەکانی ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئێران، بۆ یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی لێقەوماوی تورکیە ئامادەیە.

ئەم ئیدەعایەی فریاکەوتنی ڕێژیم بۆ یارمەتی گەیاندن بە وڵاتێکی تر لە حاڵێکدایە کە ڕێکخراوی فریاکەوتنی ڕێژیم توانای یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی ئێرانی نییە و لە ماوەکانی ڕابردوودا ئەم بێ کیفایەتییەیان لە کاتی لافاوەکانی پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان و هورمۆزگان، سەلمێندرا.

شەوی هەینی، ٤ی ڕێبەندان، بوومەلەرزەیەک بە گەورەیی ٦.٨ ڕیشتەر، بەشێک لە شارەکانی باکووری کوردستانی هەژاند و قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە.

بەپێی دوایین ئامارە بڵاوکراوەکان، لە بوومەلەرزەکەی کوردستانی  باکوور، نزیک ٢٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و سەدان برینداریشی لێکەوتووەتەوە.