کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامادە‌‌باشیی ڕێژیم لەهەمبەر خۆپێشاندانی خەڵک لە دوای هەڵبژاردنەکاندا

12:54 - 28 جۆزەردان 2721

ڕێژیمی ئێران لە ترسی خۆپێشاندانی خەڵک لە دوای هەڵبژاردنەکاندا کەشێکی ئەمنییەتی بە سەر شارەکانی "تاران، کەرەج، کرماشان و شیراز"دا زاڵ کردووە.

کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی ڕێژیم چەندین خاڵی دەستنیشان کردووە کە هەتا دوای دەنگدانەکان دەبێ ئەو خاڵانە لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەتی ڕێژیم چاوەدێری بکردرێن.

بەشێک لەو خاڵانەی لەلایەن ڕێژیمەوە دیاری کراون بریتین لە: "هەڵوەشاندنەوەی پشۆکان هەتا دوای ژماردنی دەنگەکان، بوونی بەرچاوی خەڵک لە شەقامەکان، چوارڕێیەکان، مەیدانەکان و ستادەکانی هەڵبژاردن، لەژێرچاوگرتنی شوێنە هەستیارەکان و شوێنی دەستپێکی سەرهەڵدانەکان.

هەر لەو پێوەندییەوە فەرماندەی ئینتزامیی "فەردیسـ"ـی کەرەج دەستووری بە یەکەکانی ژێر بڕیاری خۆی داوە ئەو کەسانەی "بەنێر هەڵداوەسن یا وێنە و ڤیدئۆ هەڵدەگرنەوە" لەلایەن ئەو یەکانەوە دەسبەسەر بکردرێن.

هەروەها فەرماندەی ئینتزامیی "کرماشان" بڕیاری داوە هەتا ٤٨ کاتژمێر دوای هەڵبژاردن چەک و چۆڵەکانی خەڵک کۆ بکردرێنەوە.

فەرماندەی ئینتزامیی "شیراز" وتوویەتی لەو کەسانەی بەردی داوێن، بەنێرەکان دەسووتێنن یا پوستیر و بەنێرەکان خراپ دەکەن بە هیچ شێوە لێیان خۆش نابین.