کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە کوردستان و ئێراندا بەرز دەبێتەوە

10:57 - 29 رەشەمه 2719

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا ١٧ هەزار و ٣٦١ کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و هەزار و ١٣٥ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

تەنیا لە ٢٤ کاتژمیری ڕابردوودا ١٩٢ کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و ١٤٧ کەسیش بوونەتە قوربانی.

تەشەنەسەندنی نەخۆشیی کۆرۆنا بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم بەنیسبەت ئەم دۆخە هۆشدارییان داوە.

''کیانووش جەهان پوور''، وتەبیژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی ڕەشەمە، لە لاپەڕەی تویتێریی خۆی نووسیویەتی: "بەپێی دوایین داتاکان، لە هەر کاتژمێرێکدا لە ئێران ٥٠ کەس تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت و لە هەر ١٠ خولەکدا یەک کەس گیانی خۆی لەدەست دەدات".

بەپێی وتەکانی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، لە هەر کاتژمێرێکدا ٦ کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەبنە قوربانی؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، ''ئیرەج حەریرچی''، جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم وتبووی کە لە هەر کاتژمێرێکدا ٤٣ کەس لە ئێران تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و ٣ کەسیش گیانیان لەدەست دەدن.