کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە

16:40 - 20 رەشەمه 2719

پەرەسەندنی بەربڵاو و گشتگیری ڤایرۆسی کۆرۆنا و نەبوونی بەرنامەیەکی گشتگیر و نووسراوە بۆ پێشگرتن بە ئەو نەخۆشییە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بووەتە هۆی هەڵکشانی ئامارەکانی تووشبووان و قوربانییانی ئەو ڤایرۆسە لە وڵاتدا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، دوایین ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیمی سەبارەت بە ڕێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدانی بەهۆی کۆرۆناوە بڵاو کردەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، تا ئیستا ئاماری توشبووان بەو ڤایرۆسە ٨٠٤٢ کەس ڕاگەیەندراوە و ٢٩١ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

ڕەوتی هەڵکشانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئێراندا درێژەی هەیە و بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیمی ئێران، لە ڕۆژی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا تاقیکارییەکانی ٨٨١ حاڵەتی گومانلێکراو بە کۆرۆنا پۆزەتیڤ ڕاگەیەندراوە.

وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، پارێزگاکانی تاران، مازەندەران، قوم، ئیسفەهان و گیلانی لە بواری تەشەنای خێرای ڤایرۆسەکەوە وەکوو شارەکانی یەکەم ڕاگەیاندووە.

هەروەها ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە ٢٧٣١ کەس کە تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە، تەندروستیی خۆیانیان بەدەست هێناوەتەوە.

بڵاوکردنەوەی ئاماری فەرمی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە حاڵێکدایە کە بە وتەی هەندێک لە بەرپرسەکانی ڕێژیم، ئەو ئامارانە لە ڕاستییەکان دوورن و ڕێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە زۆر زیاترە لە ئامارەکانی ڕێژیم.