کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە ٨٥٩٩٦ کەس

18:40 - 3 بانەمەڕ 2720

''کیانووش جەهانپوور''، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ٣ی بانەمەڕ، ئاماری تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاو کردەوە.

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٩٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١١٩٤ حاڵەتی تازەی تووشبوون تۆمار کراوە.

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیم، تا ئێستا ٨٥ هەزار و ٩٩٦ تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران بوونی هەیە. ڕێژەی ئەو کەسانەش کە تا ئێستا گیانیان لەدەست داوە گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٣٩١ کەس.

ناوبراو بەپێی لێکدانەوەکانی ناوندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم و ڕای پسپۆڕان وتبووی کە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئێران زۆر زیاتر لەو ژمارەیەیە کە بە شێوەی فەرمی ڕاگەیەندراوە.

هەروەها ''زەهرا سەدر ئەعزەم نووری''، ئەندامی شورای تاران وتبووی کە ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمییە.

هەروەها "محەممەد جەواد حەقشناس"، ئەندامی شورای شاری تاران وتوویەتی، دەوڵەت توانای بەڕێوەبەریی پێویستی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆرۆنای نییە و تەنیا لە ڕێگای وتاردەرمانی و کۆنترۆڵی ئامار، دەیەوێت بەسەر کۆرۆنادا سەر بکەوێت.